هاواری کوردستان لە گەرووی ئەحوازەوە

✍ئەسعەد دوروودی

ماوەیەک بەسەر ئاخێز و ناڕەزایی دەربڕینی خەڵکی بەشی هەرەزۆری ناوچەی عەرەبنشینی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا تێدەپەڕێ و ئاگری ناڕەزایی لە شوێنی دیکەی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیسان هەڵگیرساوە. خەڵکی ئەو بەشە و نەتەوەی عەرەبیش وەکوو نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی یەخسیری دەسەڵاتی ڕەگەزپەرەست و دژە مرۆڤی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێر ستەمێکی دوو قاتدان. ئەو ناوچانەش وەکوو کوردستان خاوەنی نەوت و سەرچاوەی بەرینی سروشتی و بنەمایەکی باش بۆ ئاوەدان بوون و خۆشبژیویی خەڵکن بەڵام دەسەڵاتی ڕاسیستیی زاڵ کە لە ڕوانگەی نەتەوەی سەردەست و هەوڵ بۆ بە ئومەتی ئیسلامی کردنی خەڵک و سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی خەڵک دەدا و سیاسەتەکانی بە پێی لە دوو خوێندنەوەی ئێرانی یەک نەتەوە و ئوممەتی ئیسلامی دادەڕێژرێ وایکردووە کە ژیانی خەڵک و ژینگەی ئەو ناوچەیە بکەوێتە مەترسییەوە و مەسئەلەی ئاو ببێتە مەراخی گەورەی خەڵکێک کە تالابی شادگان و ڕووباری کاروون لە ناوچەکەیاندایە. ئاکامی ٤٣ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ گەلی عەرەبی ژێردەستی کە بەشی زۆری چاڵە نەوتەکانی ئێرانی تێدایە بێجگە لە ٨ ساڵ شەڕی ماڵوێرانکەر لەگەڵ حکوومەتی عێراق کە بەشی زۆری ناوچەی ئەحوازی تێدا کاول بوو و دوای تێپەڕبوونی ٣٣ ساڵ لە کۆتایی شەڕ هێشتا زۆر شوێن بە کاولی ماوەتەوە و ئاوەدان نەکراوە، هیچی دیکە نەبووە.

ئەو ناوچەیە کە گەورەترین ناوەندەکانی پاڵاوتنی نەوت و پێترۆشیمی تێدایە و ئابووریی نەوتیی حکوومەتی ئێران بە تەواوەتی پێوەی بەرستراوەتەوە یەکێک لە ناوچە هەژارەکانە و کرێکارانی ئەو ناوەندانە ساڵهایە بەدەستی زوڵمی دەسەڵاتداران و خاوەنکارانەوە دەناڵن.

ئەوەی ئەمڕۆ لەو ناوچانە ڕوو دەدەن پێویستی بە پشتیوانیی هەموو مرۆڤێکی ئازادی خواز و هەموو نەیارانی دیکتاتۆریی ڕاسیستیی ئاینیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، مافی خەڵک بۆ ژیانێکی شیاو و سەردەمییانە جێگەی پشتیوانی و خەباتیان جێگەی ڕێزە.

ئەوەی ئەمڕۆ لە ناوچەی ئەحواز ڕوودەدا لە کوردستان مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، کوردستان لەبەر ئەوەی هەرگیز ملکەچی بێمافی و ستەم و چەوسانەوەی حکوومەتی ئیسلامیی نەبووە، ٤٣ ساڵە بە گوللە و زیندان و ئیعدام و بێبەشیی ئابووری وەڵامی دەدرێتەوە. ئەوە دەردی هاوبەشی نەتەوە ژێردەستەکانی لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدایە. دیارە ناوەرۆکی بزووتنەوەی کوردستان لە بەر مێژوویەکی درێژی خەبات و خۆڕاگری تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لەبەر بوونی ڕەوتێکی بەهێزی و خاوەن مێژووی چەپ و سێکۆلار لە کۆمەڵگای کوردستان کە خاوەنی حیزب و بزووتنەوەی تایبەتیی خۆی بووە، ئاستێکی جیاواز لە داخوازی و داواکاریی تێدا بەرچاوە و نەک هەر خوازیاری نەمانی دەسەڵاتی دژە مرۆڤ و ڕاسیستیی کۆماری ئیسلامییە بەڵکوو چاوی لە داهاتوویەکی تەواو جیاواز و کۆمەڵگایەک بە سیستەم و بەڕێوەبەریەتیی جیاواز هەم لە فۆرم و هەم لە ناوەرۆکدا، بڕیوە.

بزووتنەوە خەڵکی تێنووی ئاو و ئازادی لە ئەحواز دەبێ پشتیوانیی لێ بکرێ، با نەتەوەی عەرەب وەکوو نەتەوەی کورد بەتەنیا نەمێنێتەوە با داوای ئاو و ئازادی لەو ناوچەیە بە ڕەوا ببیندرێ و با هەمووان دیسان بۆیان دەرکەوێ کوردستان ٤٣ ساڵە بەتەنیا و بێپشتیوان دژی دڕندەترین دەسەڵاتی سەردەم ڕاوەستاوە.