نەوەی زێدZ و بزووتنەوەی کوردستان
نەوەی زێدZ و بزووتنەوەی کوردستان
ئارێز محەمەدی
نەوەی Z یان Generation Z وەک گروپێکی دیمۆگرافیی پێناسە دەکرێت کە دوای نەوەی X و Y(نەوەی پێش خۆیان) و نزیک بە نەوەی ئالفا دێت و بە شێوەیەکی گشتی نەوەی Z ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە نزیکەیی لە نێوان ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای ساڵانی ٢٠١٠ لەدایک بوون. نەوەی Z یەکەم نەوەیە کە لە تەمەنی لاوییەوە بە ئینتەرنێت و مۆبایلە زیرەکەکانەوە گەورە دەبن، ئەمەش کاریگەری لەسەر پەروەردەکردن و کۆمەڵایەتی بوونیان هەیە و زۆرجار وەک شارەزایەک لەبواری تەکنەلۆژیا و ئاگاداریی لە پرسە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان و هەروەها نادڵنیایی ئابووری و جیهانگیریی، تایبەتمەند دەکرێن. تایبەتمەندنی ئەوان لە شێوەی بەکارهێنان و داڕشتنیانە، وەک ئەوەی دنیا لە مشتی ئەواندا بێت و تۆڕێکی پێوەندی پێوە دروست بکەن.کە لە دەربڕین و زمانی گوفتاریشدا جیاواز دەبینرێن. ئەو پێوەندیەی گەر بۆ سەردەمەکانی پێش خۆی ئەستەم و بڤەو عەیبە بووە، ئەمڕۆ لای ئەو ئاسانە. ناونانی نەوەکان لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیەوە بە واتای ناسینەوەی ئەو گرووپە مەردمییەیە کە لە چوارچێوەی کاتی دیاریکراودا لەدایک بوون و ئەزموون و بەها و چوارچێوەی کۆمەڵایەتی هاوبەشیان هەیە کە زۆرجار ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندییەکانی سەردەمەکەیان، ڕووداوە مێژووییە گەورەکان یان ڕەوتە کولتوورییەکانن. پێناسەکردن و ناونانی نەوەکان یارمەتی کۆمەڵناسان و لێکۆلەران دەدات بۆ تێگەیشتن و شیکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا بە تێپەڕبوونی کات. ئەویش بە پەیوەندیکردن لەگەڵیان و تیشک خستنە سەر دیدگا و خواست و ڕەفتارە تایبەتەکانیان. نەوەی Z لە کوردستان : ئەم نەوەیە لە کوردستان لە هەندێک ڕووەوە لەگەڵ هاونەوەی خۆیان لە بەشەکانی دیکەی جیهاندا هاوبەشن، بەڵام دەبێت بزانین کە بە هۆی زەمینەی تایبەتی کۆمەڵایەتی-سیاسی و ئابووری لێرە، هاوکاتیش جیاوازییەکی لە شێوەی ڕەفتار و پەروەردە و کار دا دروست کردووە. نەوەی Z لێرە تێکەڵەیەکی ئاڵۆز لە بەها نەریتی و ئایینیەکان و کاریگەرییە مۆدێرنەکان ئەزموون دەکات. لەگەڵ ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکی کلتوریی و نەریتیدا گەورە دەبن بەڵام هاوکات کراوەن تا جیهانییتر، بە بیرۆکەیەکی نوێتر و پراگماتیکتر بڕوانن. پێوەندی دروست دەکەن، چاونەترسن، جیهانی دەرەوەش دەبینن و هەوڵ بۆ تێکەڵ بوون و ناسینی دەدەن. ئەمەش هەندێکجار دەبێتە هۆکاری ناکۆکی نێوان نەوەکان. بەڵام گرنگە ئەوە بزانین کە لەبەردەم نەوەیەکداین کە دان بە بەها و نۆرمەکانی نەریتی ڕابردوودا نانێت و دان بە پلەبەندی دەسەڵاتدا نانێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ فۆڕمی تەقلیدی دامەزراوەی بنەماڵەیی کە هێمای دەسەڵاتی سیاسی باڵادەستە، ناکۆکی هەیە. لە چوارچێوەی دەسەڵاتدارێتی ڕژیمی ئێراندا، ئەم نەوەیە بەتەواوەتی پشتگوێ خراوەو تابە ئەمڕۆ بە فۆرمی پیاوسالاری و پیرسالاریدا دەسەڵاتی خۆی چەسپاندووە. لە حاڵێکدا نەوەی نوێ چالانە خەریکی وۆرک شۆپ و خۆپێگەیاندن و کار بە ئۆنلاین و تەنانەت بۆ پرسە گرنگەکانی پێشخستنی کۆمەڵگەو سیاسەتیشەوە، پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بەکاردەهێنێت تا داوای ئازادی بکات و هۆشیاری زیاتر جێ بخات، بەڵام مەخابن لە چوارچێوەی ژینگەی خۆی لەم ئازادیە بێبەرییەو ڕووبەڕووی تەنگەژەیەک لە قەیرانی بەشداری و باری خراپی ئابووری و تەنانەت باری خراپی دەروونیشن. ئاماری خەمۆکی، خۆکوژی، بێ ئومێدی و کۆچی ناچاری ئەم باسە پشتڕاس دەکاتەوە. بە گشتی دەتوانم بڵێم هۆشیاری کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی نەوەی Z. لەلایەکی دیکەوە ناسەقامگیر بوون لەم پرسانەدا بەگشتی و هەروەها پرسی نەتەوەیی لە کوردستان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی ئەم نەوەیە لە کوردستان هەیە و وای کردووە کە چالاکانە لە ناڕەزایەتی و بزووتنەوە جۆراوجۆرەکان بۆ چاکسازی، سەربەخۆیی نەتەوەیی و سەربەخۆیی مرۆڤ و یەکسانی دا بەشدار بن. هەر ئەم پابەندبوونەش خواستێکی بەهێزە بۆ گۆڕانکاری و باشتربوونی هەلوومەرجەکە گەر دەسەڵاتدارانی کورد گوێی خۆیان لێ کەڕ نەکەن. نەسڵێکی ڕادیکاڵ و لە پێشەوەی بەرەی بزووتنەوەی کورد و بزووتنەوەی یەکسانیدا: مێژووی خەباتی کوردستان لەپاڵ ئەوەی دوورودرێژە هاوکاتیش پڕ لە بەرز و نزمی بووە. چەندین جۆری شێوەی خەبات کردنی لە خۆ گرتووە کە بەهۆی جیاوازی جوگرافیایی و ژین لە کەش و هەوایەکی زاڵی کلتووریی داگیرکراوییدا، مێتۆد و ڕووانگەکەشی جیاواز بووە. پرسی شوناسی تاکەکەسی و شوناسی نەتەوەیی وەک دوو چەمکی گرنگ و بنچینەیی لە زانستی ئینسانیی کە پاش ڕووخانی ئیمپراتوری عوسمانی لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، نوێ و نوێگەریی زیاتری بخۆوە بینی و کوردیش تێکەڵ بە ئایدیای خۆی کرد و لەم ڕووەوە بەرەی خەباتی خۆی پێگرتەبەر. وەلێ ئەگەرچی ئەم چەمکانە بنەمای خەباتی کوردە بەڵام هەردەم ئاڵۆز و لە ململانێشدا بووە.
جا هەر ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی کە ڕاڤە و شرۆڤەی جیاوازی پێدەکرێت ئەویش لە ڕووانین بۆ نەوەیەک لە دوای یەکەکانی شۆڕش. بەشێک لە دەروونناسیی کۆمەڵگەی کوردستان پێمان دەڵێت تەنگ وچەڵەمەکانی خەباتی کورد، شەڕ و شکست و خیانەتەکانی کورد بۆ کورد، داگیرکاریی و زاڵبوونی دەسەڵاتی توتالیتێری بۆ سەر کورد، وای کردووە زۆر جار لە سیاسەت و بەڕێوەبەرییدا یان هەڵپەرست بێت، یان لاواز و بێ باوەڕ بەخۆ. بە درێژایی خەباتمان بێبەش بووین و هەوڵمان نەداوە تا بتوانین پێش هەر شتێک خۆمان بناسین و لە خۆمان تێبگەین! ئەو هەڵانە یان کەم دەستکەوتانەی بوومانە بەشێکی دەتوانێت لە ناشارەزایی لەم پرسەوە بێت. « خۆناسین» هەوڵێکە بۆ گەڕان بەدوای ئەوەیکە من کێم!چیم دەوێت؟! جا ئەم پرس و پرسیارە وەک پازێلێک بنچینەی ڕێکخستنی هزر و فکرە و یارمەتی دەدات بۆ ئەو وشیارییەی کە هەیە و گەشەی پێ دەکات. کورد وەک نەتەوەییەک کە لە شوێن و کات و سەردەمی جیاواز لە مێژوودا بووە باشترینە تابتوانێت لەم سەرچاوانە کەڵک وەربگرێت بۆ «خۆناسین»، کە هەر ئەمەشە دەتوانێت نزیکمان بکاتەوە لە پێناسەو تێگەیشتنی وردی شوناس، تا لەم ڕووانینەشەوە بزووتنەوەکەمانی پێ بەڕێوەبەرین. وەک لە شۆڕشی ژینا کە بۆ پرسی شوناس و سەردەمی خۆناسین ناوی دەبەم! هەستی حوسێن پەناهی: “کچێک کە بە دەنگی بەرز بیر بکاتەوە، کچێک کە قژی لە ئاسماندا بسپێرێت بە با، هەر ئەو کچەیە کە کەس ناتوانێت شکستی پێبهێنێت” . کۆمار دەرئوفتادە: ” لە هەر شتێک زیاتر ئازادی تان خۆش بوێت” . لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی بەدەستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تاران، دوابەدا سەرهەڵدانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و قۆستنەوەی هەلێکی دیکە بۆ خەباتکاران تابێنە مەیدان، دەرکەوت نە کۆماری ئیسلامی جێگەی بۆ مانەوە ماوەو نە خەبات و بەرەنگاربوونەوە بێدەنگ. بەڵام ئەوەی ئەم بزووتنەوەیەی لە ڕووانگەی منەوە لە پاش ساڵها خەباتکردن کرد بە شۆڕش، خودی پرسی ژینا بوو کە وەک کچێک لە نەسڵی Z لە ژینگەی کوردستان و ئێران کە بە دەیان فۆرمی جیاوازی نابەرابەریدا تێپەڕیبوو. هەر بەڕاست ناوی ژینا بوو ڕەمزی شۆڕش و تابە ئەمڕۆ درێژەی هەیە. تەمەنی من بەشی ئەوە ناکات شایەدی بە پراکتیک خەباتی نەسڵەکانی پێشوو لە پێشووترا بدەم، بەپێی ئەم بەراوردە ژمارەیی و داتاییەش بێت منیش لە نەسڵی Zم. بەڵام خۆ مێژوویەک هەیەو گێڕانەوەو باس و کتێب و دەستنووسێک هەیە تا شایەت حاڵی ئەو کاتە بدەن. جیالەمەش بەرپرسان و حزبەکان و سیاسەتمەدارانی ئەمڕۆش هەن کە هەر شەن و کۆی ڕابردوو دەدەن و دەڵێی ڕێگایەکی دیکەیان نەدۆزیوەتەوە بۆ گرتنەبەر. هەربۆیە خاڵێکی جێی سەرنج و جەوهەریی کە سەردەمی ئەمڕۆ لە پێشووتر جیا دەکاتەوە، جۆری جووڵانەوەکەیە. دەتوانین بەرواردێکی ڕوون لە جۆری ڕێکخستنەکان، ڕاگەیاندنەکان، درووشمەکان، مانگرتنەکان و خۆپیشاندانەکان بکەین. هەردوو سەردەم هەر لاوان بوون و پێشەنگ، بەڵام بەو جیاوازەییەی کە لاو بوون و شۆڕشگێڕ بوون جێگایان بۆ وشیاری زیاتر و پابەند نەبوون بە قەید و شەرتی کلتوورییش لە خەبات فرەتر کردەوە. بەو جیاوازییەشەوە کە ڕێژەی بەشداریی نەک تەنها ژنان بەڵکوو کچانی لاوی قوتابخانەکان، کوئیرەکان، گروپ و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان بە بەراورد لەگەڵ پێشووتر یەکجار زۆرە. تەنانەت بەو پێیەش کە ئیتر تەنها پرس، پرسی نەتەوەیی نیە بەڵکوو پرسی شوناسەکانی دیکەش لە گۆڕدایە و هەر کەسەو لەلایەک داوای حەقیقەتی خۆی ئەکات. ئەم ئازادییە لە جۆری بیرکردنەوە، لای نەوەی Z ڕێگەیان پێدەدات پرسیار لە پراکتیزە دامەزراوەکان بکەن و سەرنج بخەنە سەری. پێداگرانە پێم وایە کوردستان و بزووتنەوەکەی بۆ گۆڕانگاریی و پێشکەوتوویی پێویستی بە نەوەی نوێ و خوێندنەوەی نەوەی Z هەیە. تا کەڵک وەربگرێت لە جووڵانەوە نوێ و کاریگەرەکەی. بۆ ئەمەش سەردەم بۆ سەردەم پێویستمانە ئەم پرسە تاوتوێ بکەین. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە لێرەدا ئاماژەی من تەنها بۆ ئەم بەشەی کوردستانە، خاوەن فرە چەشنییەکین لە گوفتومان و جۆری خەبات و ئایدۆلۆژیای جیاواز، کە بێگومان پێویستمان بە زمانێکی هاوبەشی دۆستانەیە بۆ خوێندنەوەیان. ئامێزگرتنی نەوەی Z بە واتای پێشوازیکردنە لە دەنگ و ئەزموونێکی هەمەچەشنتر. ئەم هەمەچەشنییە دەتوانێت ببێتە هۆی پرۆسەی بڕیاردانی دادەپەروەرانە و دەرئەنجامە گشتگیرترەکان. تەنانەت بتوانین بە شێوەیەکی کاریگەر سەرکردایەتیش بکەین. ڕادیکاڵ جووڵانەوە لەگەڵ پرسەکان، هاوتەریب کردنی مەسەلەکانی خەباتکردن، ئەزموون وەرگرتن و ڕاگۆڕینەوە، پەیوەست بوونی زیاتر بە شۆڕشی هزر و شۆڕشی فکریی، قبوڵی یەکتر و وەلانانی باڵادەستی و تاکلایەنە بڕیاردان، لە خەسڵەتەکانی نەوەی Zن و یارمەتیمان دەدات تا خەبات جەماوەریی تر بکەین و بێگومان ئەمەش نەک بۆ ئێستای ڕزگاربوون لە دیکتاتۆری و داگیرکاریی، بەڵکوو بۆ پاش ئەمەش و نەوەی داهاتووتر ئاسوودەمان دەکات.