منداڵ هاوسەری، توندوتیژییەکی ئاشکرا لەدژی منداڵان

✍لاوان موحەممەدی

هاوسەرگیریی منداڵان، یان وەک لە ئێران پێیدەگوترێت منداڵ هاوسەری،  باسی بەسەرهاتی ئەو منداڵانەیە هێشتا لایەلایەی دایکیان لە گوێیاندا دەزرینگێتەوە،  ناچار دەبن لایەلایە بۆ منداڵەکانی خۆیان بڵێنەوە. ئەو منداڵانەی شەوێک لەناکاو کۆڵەباری قورسی گەورەساڵی دەخرێتە سەر شانیان و بەبێ ئەوەی پەروەردەیەکیان بینیبێت یان زانیارییەکی ئەوتۆیان هەبێت، لەسەر جادەی ژیانی هاوبەش دادەنرێن.

هاوسەرگیریی منداڵان، دیاردە و گرفتێکی باوی فەرهەنگی و کومەلایەتیی کۆمەڵگە نەریتی و ناپێشکەووەکانە. ئەمەی کە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی ناچار دەکرێن هاوسەرگیری بکەن، کۆمەڵێ دەرئەنجامی دەروونی ۆ کۆمەڵایەتیی  لێدەکەوێتەوە.ئەم دیاردە ناشیرینە، ئێستا گرفتێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستانە و سەرەڕای هەوڵی زۆری چالاکانی بوارەکانی منداڵان و ژنان، ئێستاش لە قانونەکانی ئێراندا ڕێگەپێدراوە.

هاوسەرگیریی منداڵان توندوتیژییەکی ئاشکرا لە دژی منداڵانە. زۆربەی ئەو منداڵانەی دەبنە قوربانیی ئەم دیاردە پاشڤەرۆیە، قوربانیی ڕاستەوخۆی توندتیژیی خێزانیشن. هاوکات بەهۆیی بچووکیی تەمەنی هەندێکیان کە تەنانەت تا دە ساڵانیش دەگات، دەچێتە قاڵبی تاوانی پێدۆفیلیشەوە.

لە زۆربەی وڵاتان بە شێوەی جۆراوجۆر هەوڵی نەهێشتنی ئەم دیاردەیە دراوە. یاسادانەران لە ڕێگەی گۆڕین و دانانی یاساکانەوە و چالاکانی فەرھەنگی و میدیایی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیارییەوە هەوڵیان داوە کۆمەڵگەی ئەمڕۆیی لە دەرئەنجامە خراپەکانی ئەم کێشەیە ئاگادار بکەنەوە. بەڵام لە ئێران بەهۆی ئەوەی بەرگێکی قانوونی بە دیاردەی هاوسەرگیریی منداڵان دراوە، ئەم دیاردەیە نەک کەمی نەکردووە بەڵکوو لەم ساڵانەدا زیاتریش پەرەی سەندووە. یاساکانی ئێران، نەک هەر هیچ سزایەکی بۆ ئەو کەسانەی منداڵان ناچار بە زەواج دەکەن دانەناوە، بەڵکوو زۆر جار هاندەریشیانە.

ئامارێکی فەرمیی باوەڕپێکراو لەبارەی ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان لە ئێران لە بەردەست نییە. بەپێی یاساکانی ئێران کچان لە تەمەنی سێزدە ساڵی و کوڕان لە تەمەنی شازدە ساڵی بۆیان هەیە بەشێوەیەکی ڕەسمی هاوسەرگیری بکەن. لەڕووی یاساکانی شەریعەتیشەوە کە لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا کاری پێدەکرێت، کچان دەتوانن لە تەمەنی نۆ ساڵان و کوڕان لە تەمەنی پازدە ساڵان هاوسەرگیری بکەن. لەمڕووەوە دەکرێت بگوترێت کە ئاین و مەزهەب هۆکارێکی سەرەکیی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیریی منداڵان لە ئێرانە. چونکە لەلایەکەوە دەەڵەت بەهۆی شەریعەت یاسا لەدژی ئەم دیاردەیە دەرناکات و لەلایەکی دیکەوە ئاین و مەزهەبیش هاندەرییەتی.

بەپێی قانوونی ئێران و یاساکانی شەریعەت لە هاوسەرگیریی کچاندا، باوک دەسەڵاتی ڕەهای هەیە. ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی هەندێ جار باوکەکان کچەکانیان بچەوسێننەوە و بە زۆر ناچاریان بکەن لەگەڵ ئەو کەسەی خۆیان، نەک کچەکە، دەستنیشانی دەکەن، هاوسەرگیری بکەن. بەتایبەت ئەم ڕۆژانە بە هۆی قەیرانی ئابووری و زۆربوونی ڕێژەی بێکاری و هەژاری،  باوکەکان لەوانەیە لەبەر هەندێ دەستکەوتی مادی کەڵکی خراپە لەم دەسەڵاتە ڕەهایەیان بەسەر چارەنووسی کچەکانیانەوە وەرگرن.هاوسەرگیریی منداڵان، منداڵ لە سەردەمی منداڵیی خۆی بێبەش دەکات. هەموو ئەو ئاوات و ئارەزووانەی لەوانەیە بۆ داهاتووی هەیبێت، لەناو دەبات و لە ئانوساتێکدا فڕێی دەداتە ناو دنیای گەورەساڵییەوە.ب ەتایبەت کچان لەو تەمەنە بچووکەدا بەهیچ شێوەیەک توانا و ئامادەیی زەواجیان تێدا نییە. ئەمەش کاریگەریی زۆر خراپ لەسەر خۆیان و منداڵەکانیان دادەنێت. ئەو دایکانەی لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیریان کردووە، وەک بووکەڵە لە منداڵەکانیان دەڕوانن و ناتوانن باش پەروەردەیان بکەن.

هاوسەرگیریی منداڵان، هەم کاریگەریی خراپ لەسەر دەروونی دایک منداڵەکان دادەنێت هەمیش کۆمەڵێ کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەو منداڵانەی بەرهەمی هاوسەرگیریی منداڵانن، بەهۆی ئەوەی دایکیان ناتوانێت بەرپرسیارەتیی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵ لە ئەستۆ بگرێت، پەروەردەیەکی باش نابینن. ئەو منداڵانە لە دواڕۆژدا بە چەندین گرێی دەروونیەوە دەچنە ناو کۆمەڵگەوە و بە ئەگەری زۆر  ژیانێکی باشیان نابێت. سەرەڕای ئەوانەش ئەو کچانەی لە تەمەنێکی بچووکدا دەبنە دایک، بەهۆی ئەوەی لە ڕووی جەستەییەوە ئامادەیی دایکایەتیان تێدا نییە، ڕووبەرووی چەندین نەخۆشی و گرفتی جەستەیی دەبنەوە.

تەنیا ژنان و کچان قوربانیی هاوسەرگیریی منداڵان نین. لە ڕاستیدا ئەو کوڕانەش کە لە تەمەنی کەمدا دەچنە ناو ژیانی هاوبەشەوە کەم تا زۆر بە ئەندازەی کچان دەبنە قوربانی و ژیانیان دەفەوتێت. کوڕێک کە لە خوار تەمەنی هەژدە ساڵیدا هاوسەرگیریی کردبێت، یەکسەر باری دابینکردنی بژێوی ژیان دەکەوێتە سەر شانی و دەرفەتی ئەوەی نامێنێت درێژە بە خوێندن بدات، پسپۆڕییەک وەرگرێت یان تەنانەت پیشەیەک بە تەواوی فێر بێت.

خەسارێکی دیکەی هاوسەرگیریی منداڵان زۆربوونی ئاماری تەڵاق، تەڵاقی عاتیفییە.

بەپێی هەندێ ئامار لە ساڵی ٩٥  تا خەزەڵوەری سالی ٩٩  لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان نزیکەی ٤٢٦٢ تەڵاقی منداڵانی خوار تەمەن هەژدە ساڵ تۆمار کراوە. ئەم ڕێژەیە خۆی دەرخەری ئاستی کارەساتباری دیاردەی هاوسەرگیریی منداڵانە