ماڵاوایی لە ژیان کردنی نووسەرو ڕۆمانوسی کورد کاک فەتاح ئەمیری

زۆر بەداخەوە ئاگادار بووین کە کاک فەتاح ئەمیری، نووسەری بەناوبانگی کورد و ڕۆماننوسی خۆشەویستی شاری بۆکان، ماڵاوایی لە ژیان کردوە.
کاک فەتاح ئەمیری ڕۆژی شەممە، ١ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، بەهۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
نوسەرو ڕۆماننوس کاک فەتاح ئەمیری، ساڵی ١٩٤٦ی زایینی لە ئاوایی مەنیچێر سەربە شاری بۆکان چاوی بە ژیان پشکووت. بۆ خوێندنی سەرەتایی لە شاری سابڵاغ چۆتە قوتابخانە. پاش تەواو کردنی گەڕاوەتەوە شاری بۆکان و بەمجۆرە لە ئیدارەی کارەبای شاری بۆکان دامەزراوە. لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینی بەھۆی چالاکیی سیاسییەوە دەستبەسەر دەکرێت و بۆ ماوی سێ ساڵ لە لایەن ساواکەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان دەکڕێت. شارەزایی و زاڵ بوونی باشی کاک فەتاح بە سەر زمانی شیرینی کوردی، بووەتە ھۆی ئەوەی کە ڕۆمانەکانی ببنە سەرچاوەیەکی زیندووی پەند و دەستەواژە و وشەی ڕەسەنی کوردی. کاک فەتاح لەساڵی ١٩٩٣ی زایینی لە یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی ئەدەبی شاری بۆکان، وەک یەکێک لە حەوت بەڕێوەبەری ئەو ڕێکخراوەیە ھەڵبژێردرا و ماوەیەکیش لە گۆڤاری “سروە”دا کاری کردووه .
بەرهەمە چاپکراوەکانی فەتاح ئەمیری بریتین لە:
۱- هاوارەبەرە
۲- میرزا
۳-زیندەخەو
٤-گێژەڵووکە(بەرگی یەک)، خەم و خەیاڵ(بەرگی دوو)
بەناوی ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانەوە پرسە و سەرەخۆشی گەرمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری کاک فەتاح ئەمیری و خەڵکی ناوچەی بۆکان و سەرجەم خەڵکی هونەر دۆست و خۆشەویستی کوردستان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی
بەڕابەر لەگەڵ
٢١ی دێسامبری ٢٠٢٤ی زایینی