لە یادی هاوڕێ *سانیە بەهرامی* پێشمەرگەی وشیار و فیداکاری کۆمەڵە
هاوڕێ سانیە بەهرامی ساڵی ١٣٤٦ی هەتاویی لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە ئاوایی “قەڵاڕیانە” سەر بە ناوچەی دیواندەرە، چاوی بە ژین هەڵهێنا.
سانیە خۆێندنی سەرەتایی لە ئاوایی خۆیان دەستپێکرد و دەورانی منداڵی ئەو و بنەماڵەی، گۆشاری ئابووری و کۆمەڵایەتی دەگەڵ بوو بۆیە لە چوون بۆ قوتابخانە بێبەری کرا و نەیتوانی درێژە بە خۆێندن بدات و هەر لە سەرەتای منداڵییەوە، لە پشت دار قاڵی، خۆی دیتەوە، بەڵام بەهۆی ئازایی، زەینی تیژ و هەوڵدانی خۆی و بە یارمەتی و هاوکاری ئەندامانی بنەماڵەی (براکانی), هاوڕێ سانیە توانی فێری نووسین و خۆێندن ببێت و تا ڕادەیەکی زۆر زانست و وشیاری خۆی بەرێتە سەر.
خانەوادەی هاوڕێ سانیە لەبەر دۆخی ئابووری و نالەباری دۆخی ژیان کە ئەوانیشی وەکوو هەموو بنەماڵە زەحمەتکێش و کرێکارییەکان تووشی دەرد و ئازار کردبوو ناچار بوون ڕوو بکەنە شاری دیواندەرە و لەوێ بۆ دابین کردنی ژیانیان هەوڵ بدەن.
لە شاری دیواندەرە و ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و لە گەرمەی شۆڕشی بەرینی جەماوەری زۆرلێکراو دژی ڕژیمی پاشایەتی هاوڕێ سانیە کە ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لەوانە برا گەورەکەی (هاوڕێی گیانبەختکردوو قادر بەهرامی) بەشداری چالاکیی سیاسی بوون وردە وردە فێری کاری سیاسیی بوو و هاتە ناو جەرگەی خەباتی سیاسیەوە.
هاوڕێ سانیە بەهرامی هەستی بەوە کردبوو کە ڕەنج و بێ عەداڵەتی، چارەنووسی هەتا هەتایی نییە و ئەکرێت و ئەبێت بۆ ئازادیی و سەربەستیی، خەبات بکا.
بیری خەباتکارانە و شۆڕشگێڕانە و درێژەی هەڵسووڕانی سیاسی وایکرد کە هاوڕێ سانیە هاوینی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی پەیوەندیی بە تەشکیلاتی ئاشکرای کۆمەڵەوە گرت و خۆی گەیاندە فێرگەی سیاسی نیزامیی کۆمەڵە و بە ڕیزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پەیوەست بوو و بەم شێوەیە خەباتی خۆی لێبڕاوانەتر لە جاران لە پێناو بەختەوەریی و شۆڕشی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان و گەیشتن بە ئازادی و سوسیالیزم، بە تەشکیلاتی کۆمەڵەوە گرێدا و دوای کۆتایی سەرکەوتووانەی دەورەی سیاسی نیزامی لە یەکێک لە گۆردانە ڕزمییەکانی کۆمەڵە، “گۆردانی نەکەرۆز” سازمان درا.
سانیە بە شوور و شەوقێکی زۆرەوە، پڕ لە هیوا بۆ ڕزگاری لە زۆڵم و زۆر و دژ بە دەسەڵاتی دژە ژن و کۆنەپەرەست و سەرکۆتگەری ئیسلامیی ئێران بە شانازییەوە چەکی، هەڵگرت.
تەقەلا، بڕوا بە خۆ بوون و هەوڵی ماندوونەناسانەی لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکی پێسپێردراوە، فیداکاریی و لەخۆ بردوویی، لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی هاوڕێ سانیە بوون.
هاوڕێ سانیە لە زستانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاویی نێردرا بۆ ناوچەی دیواندەرە لە گۆردانی چیا سازمان درا و لە تەواوی چالاکییە نیزامییەکانی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە بەهاری ساڵی ١٣٦٣ی هەتاویی دژ بە هێزەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران و هەموو جەولە سیاسی_نیزامییەکانی پێشمەرگەکان لەم ناوچەیە، چالاکانە بەشداریی کرد.
ماوەیەک لەگەڵ تیمەکەی خۆی چووە ناوچەی بانە و لەم ناوچەیەدا زۆر زوو توانی لە نێوان هاوڕێیانی پێشمەرگە و خەڵکی زەحمەتکێش ببێت بە سیمایەکی خۆشەویست و جێی متمانە.
هێشتاکە خەڵکی ئاوییەکانی دەوروبەری ئاربەبا و بناری سوورکێو بە تایبەتی ژنانی بەشمەینەت و زوڵم لێکراو و زەحمەتکێشی ئاواییەکانی گەرماو، سیسارک و سماقان سیمای مەتین و سەمیمی و بیرەوەری ئازایی و جەسارتی ئەویان چ لە هێرش بۆ سەر هێزەکانی دۆژمن و چ ئەو کاتانەی وا بە تاسەوە لەگەڵیان وتووێژی ئەکرد و بە تاقەتەوە گوێ لە گەڕانەوەی دەرد و ڕەنجی ئەوان ئەگرت و ڕێگای ڕزگاری و یەکگرتوویی بۆ خەبات دژی ستم و بێ عەداڵەتی پێ نیشان ئەدان، لە یاد ناکەن.
سانیە بەهرامی لە نێو خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش، بە زمانێکی پاراو قسەی ئەکرد و ئەوانی بە سەرچاوەی هەژاری و بێبەشییەکانیان ئاشنا ئەکرد.
وشیار کردنەوە و رێکخستنی کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ خەبات لە دژی هەڵاواردن و ستەم و چەوسانەوە و بێ عەداڵەتی و هەڵپێچانی دامودەزگای سەرکۆتگەری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، ئەو ئەرکە پیرۆزانە بوو کە هاوڕێ سانیە بێوچان هەوڵی بۆ ئەدان و لەم ڕێگایەدا لە هیچ فیداکاریییەک درێغی نەکرد.
لەو ماوەیەدا جیا لەوەی کە لە هەموو چالاکییە نیزامییەکانی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دژ بە هێزەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، چالاکانە بەشداریی ئەکرد، بەرپرسایەتی تەداروکاتی “پەل و گوردان”ی لە ئەستۆ بوو.
دوای ماوەیەک بە هۆی لێهاتوویی و جەسارەتی لە بۆاری نیزامی، بەرپرسایەتی نیزامی تیمێکی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی، پی سپێردرا.
سانیە بێ وچان و ماندوویی نەناسانە ئەرکی شۆڕشگێڕانە و تەشکیلاتی خۆی بە ئەنجام ئەگەیاند و بە هۆی ئەنجام دانی سەرکەوتووانەی ئەرکە پێی سپێردراوەکانی لە لایەن تەشکیلاتەوە، چەندین جار تشویق کرا.
سەرئەنجام لە شەڕی ڕۆژی ٢٨ی مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٤ی هەتاویی لە تێکشکاندنی هێرشی هێزەکانی سەرکۆتگەری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئاواییەکانی “مەوی” و”تازئاوا” لە ناوچەی تیلەکۆی دیواندەرە، هاوڕێ سانیە بەهرامی دوای حماسەیەکی کەم وێنە و لە کاتی پێشڕەوی بەرەو سەنگەرەکانی دۆژمن بە پریشکی خۆمپارە بریندار بوو و کاتی گواستنەوەی بۆ دواوە، بە داخەوە پریشکیکی دیکەی خۆمپارەی بەرکەوت و دڵی پڕ لە عیشقی بە ئازادی و سوسیالیزم، لە لێدان کەوت و چووە ڕیزی گیانبەختکردوانی ڕێگای ڕزگاریی خەڵکی هەژار و چەوساوەی کوردستان.
بە درێژەپێدانی ڕێگای پڕ لە شانازی ڕێز لە یاد و بیرەوەرییەکانی ئەگرین.