لە کوردستان یەکگرتوویی و هەڵچوون، لە تاران بێ هیوایی و داچوون…..!

0

گەلاوێژ عەبدیکانی

هەڵسەنگاندنێکی مەیدانی بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی هێز لە کوردستان بۆ دوایین مانگرتن دژی حوکمی ئێعدامی پەخشان عەزیزی و وریشەی مورادی و هاوکات نیشاندانی بێ هەڵوێستی ئێرانیەکان کە بەشێک نەبوون لەو خەباتە. 

مانگرتن یەکێک لە شێوە کاریگەرەکانی دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیستەم و دەسەڵاتانەیە کە تیاندا دێمۆکراسی بوونێکی نامۆی هەیە. 

لەسەر لێکدانەوەو هۆکاری سەرکەوتنی مانگرتنە سەرتاسەریەکان لە کوردستان و هاوکات بێ هێزی و لاوازی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە تایبەت بەرەی سەڵتەنەت خواز کە ئیددیعای رێبەریان هەیە دەکرێ ئاماژە بە هەندێک لەو تایبەتمەندیانە بکرێت. بوونی یەکگرتوویەکی سیاسی لە نێوان حیزب و رەوتە سیاسیەکانی کوردستان سەرەڕای جیاوازیەکانیان نیشانەی جۆرێک هاوکاریی پراکتیکیە کە بە مەبەستی بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان کە بەرانبەر دەسەڵاتی رژیمی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە دەچێت. ئەم یەکگرتووییە سیاسیە نە تەنیا پێشڕەوی سیاسی و کۆمەڵایەتی رەوتی مانگرتنەکان بەهێزتر دەکات، بەڵکوو نیشانەی گەشەو تێگەیشتنی قووڵە لە سەر پرسی ماف و داواکاریەکان کە گەلێک جار لە مانگرتن و خۆپیشاندانەکاندا خۆیان دەردەخەن. 

لە بەرانبەردا، بە پێچەوانەی حیزبەکانی کوردستان کە ساڵەهایە لە نێو خەڵکی خۆیاندا ژیانیان کردووەو رەگیان لە نێو قووڵایی کۆمەڵگای کوردستاندا هەیە، رەوتە ئێرانیەکان و لە سەرووی هەموویانەوە سەڵتەنەتخوازەکان کەمترین پێوەندیان بە کۆمەڵگای خۆیانەوە هەیەو ريڕەوێکی ئۆرگانیکی لێک ئاڵاویان پێکەوە نیە. ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە گشتی لە دەرەوەی وڵاتن و سەرەڕای بوونی بووجەیەکی زۆر، نەیانتوانیوە پێوەندیەکی توندوتۆڵ بە کۆمەڵگاوە بگرن. 

لە کوردستان پرسەکە زۆر جیاوازە، خەڵکی کوردستان بە هۆی بوونی پێشینەیەکی خەباتکارانەی بەردەوام و بوونی کلتوورێکی خۆڕاگری لە ناخی کۆمەڵگادا بەردەوام پەنگ دەخوات زەرفیەتێکی بەهێزی لە ماوەی ساڵانی رابردوو لە خۆی نیشانداوەو وەک کۆمەڵگایەکی زیندوو خاوەن ئیرادە لە دژی دەسەڵاتی داگیرکەری ئێران وەستاوەتەوە. 

ئەم کلتووری وەستانەوە دژی ستەم و داگیرکاریە بناغەیەکی مێژوویی هەیە کە لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە و رۆژانە لە هەموو کەل و قوژبنێکی کۆمەڵگا خۆی دەردەخات و هەر ئەمەشە کە توانایی بەرگری بەردەوام دەداتە تاکی کورد. 

لە لایەکی دیکەوە بە تایبەتی حیزبەکانی کوردستان دەیان ساڵ ئەزموونی رێکخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتنیان هەیەو لەمبارەوە خاوەنی ساختارێکی بەهێزی دیاریکراون کە لە بڕگە جۆراوجۆرەکانی خەباتی ناو شارەکاندا خۆی وێنا دەکات. بەرەی راسیستی سەڵتەنەتخواز بە تایبەتی جیا لەوەی لەمبارەوە زۆر لاواز و بێ هێزە لە هەمانکاتدا خەڵکی ئێران بە گشتی ئەزموونی دەیان ساڵ گرتن و زیندانیکردن و ستەمیان لەدەست ئەو سیستەمە کێشاوەو پێناچێ بەم زووانە لە بیروزەینی جەماوەردا پاک بێتەوە. چونکە رێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتی سەرەتا پێویستی بە بوونی واقیعی لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا هەیە کە ئەوان لەمبارەوە نەک توانایی ئەوەیان نیە بەڵکوو لەنێو خەڵکدا رەوتێکی ئەزموونکراوی بێزراون کە تەنیا چەند میدیای سەر بە خۆیان نەبێ ناتوانن لەوە زیاتر لە زەینی ئەو چەندین کەسەشدا بمێننەوە. 

وەک دەبینین حیزبەکانی کوردستان سەرەڕای ئەوەی لە پێڕەو و بەرنامەیاندا جیاوازی زۆر بەرچاو دەکەوێ بەڵام لەو کاتانەی کە شۆڕش و راپەڕین دەگاتە لووتکەی تەقینەوە دەتوانن خێرا بگەینە رێککەوتنێکی گشتی و پێکەوە و هاودەنگ وەک یەکەیەکی بەهێز و یەکگرتوو خۆیان نیشان بدەن.

یەکێکی دیکە لە هۆکارە گرینگەکان کە توانیویەتی لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەت رەوتی مانگرتن و راپەڕینەکان بەربڵاو بکات بوون و بەشداری ژنانی وشیارو تێکۆشەرە کە لە مەیدانی بەربەرەکانێدا توانیویانە هاوکات لەگەڵ بوونیان بە بەشێکی گرینگی ئەو خەباتە هەوێنێکی بەهێزی یەکگرتوویی جەماوەریی لە کوردستان بن و هاوشان بوون لەگەڵ پیاوان لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات، ورەی جەماوەریی بەرزتر کردۆتەوە. ژنانی کوردستان بە بەگژداچوونەوەی ساختاری سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامیی وەک هێمای خەبات و بەرخۆدانێکی مۆدێرن و پێشکەوتووی سەردەم خۆی دەرخستووە. دیارە رۆڵی سەرەکی ژنان لە بەرخۆدان و خەباتی ناوخۆی شارەکانی کوردستانە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەشداری ژنانی وشیار لە ریزی سەرکردایەتی حیزبەکان، وەک هێزێکی گرینگ بۆ کاری رێکخستنی جەماوەری خۆی نیشانداوە. 

بێگومان بەشداریی و هاتنە مەیدانی ژنانی کورد لە کاتی خەبات و رێکخستنی جەماوەریی، کە بە تایبەت لە شۆڕشی ژینا گەیشتە لووتکەی خۆی، نیشانەی قووڵبوونەوەی بیری ئازادی و یەکسانی لە نێو کوردستانە کە لەمبارەوەو لەم سەردەمەدا ئاڵاکەی بە دەستی ژنانی کورد دەگەشێتەوە.

ڕۆڵی دیار و بەرچاوی ژنان لە خەباتە سیاسییەکانی کوردستاندا بە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی بەهێزکردن و پێشخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دادەنرێت. ژنانی کورد نەک هەر وەک چالاکی سیاسی، بەڵکو وەک سەرکردەی ڕۆشنبیر و هێمای بەرەنگاربوونەوەی ستەم، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە. ئامادەبوونی بەربڵاویان لە ناڕەزایەتی شەقامەکان و ڕێکخستنی کۆبوونەوە و چالاکی لە میدیا و بزووتنەوە مەدەنییەکان، ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی قووڵیانە بە ئایدیاڵە ئازادیخوازان و دادپەروەرییەکان.

جگە لەوەش گیانبەختکردنی ژنانێک وەک «ژینا ئەمینی» بوو بە خاڵی وەرچەرخان بۆ کۆکردنەوەی بەرفراوانتری خەڵک و گۆڕینی خەباتی کورد بۆ بزووتنەوەیەکی خاوەن پەیامێکی جیهانی. ئەمەش ئەوە دەرخست کە خەباتی ژنانی کورد تەنیا پرسێکی ناوچەیی نییە بەڵکو بەشێکە لە بزووتنەوەیەکی جیهانی فراوانتر بۆ یەکسانی و مافی مرۆڤ و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی پێکهاتەیی.

بێ گومان ئامادەبوون و سەرکردایەتی ژنان لەم خەباتانەدا هاوکار بووه بۆ به هێزکردنی بەرخۆدان و سەرکەوتنی مانگرتنەکان له کوردستان و نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی قووڵه له پێکهاتەی خەباته سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەدا.

لەکۆتاییدا، سەرکەوتنی ئەم مانگرتنانە بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە تەنانەت لە کەشێکی پڕ لە هەڕەشە و تۆقاندنیشدا، هاودەنگی و ئیرادەی بەکۆمەڵی خەڵک دەتوانێت بەسەر ئامرازە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمدا زاڵ بێت. ئه م سەرکەوتنه تەنیا دەسکەتێکی سیاسی نییه بهڵکو سیمبولی دەسەڵاتی به ڕخۆدانی جەماوەرییە لە بەرانبەر نادادپەروەری و ستەم.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *