لە پشت بزەی دیپلۆماسییەوە…!

0

عەزیز ئاجیکەند

ساڵی ٢٠١٥ی زایینی بوو کە لە پێناو لابردنی سزاکانی سەر ئێران، کۆماری ئیسلامیی بە کردەوە ناچار بە واژۆ کردنی ڕێکەوتنێک لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان، لەوانە ئەمریکاو بەشێک لە وڵاتانی ئوروپایی بوو. ئەم ڕێککەوتنە کە بە رێککەوتنی ئەتۆمی ناوزەدکرا، بە کردەوە بەرنامە ناوکییەکەی کۆماری ئیسلامیی سنووردار کرد. بەڵام ڕێکەوتنەکە زۆری نەخایاند و سەرەنجام لە ساڵی ٢٠١٨و لە گەڵ هاتنەسەر کاری دۆناڵد ترامپ، ئەمریکا یەک لایەنە لە ڕێککەوتنەکە هاتە دەرەوە. دوابەدوای کشانەوەی ئامریکا لە رێککەوتنەکە، ئێران وردە وردە لە پابەندییەکانی خۆی پاشگز بوەوە ئاستەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی تا ٦٠ لەسەد واتا بە ئەندازەی چوار بۆمبی ئەتۆمی بەرز کردەوە. ئەم ئاستە بەرزە لە پیتاندن بوو بەهۆی دەرکردنی دوو بڕیاری گرنگ لە لایەن ئەنجومەنی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی. دۆناڵد ترامپیش لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی خوێدا گوشارێکی زۆری خستە سەر داهاتی نەوتی ئێران تا کۆماری ئیسلامیی وادار بە پشتیوانی نەکردنی دارایی گرووپە تیرۆریستەکانی ناسراو بە میحوەری مقاومەت بکات. ترامپ دەیهەوێ کۆماری ئیسلامیی دەست لە پیتاندنی یۆرانێۆم هەڵگرێ دەنا پڵانی “گوشاری زۆرینە/فشار حداکثری”بۆ سەر ئێران بە کردەوە دەردێ. ئەم زەختانە سنوردار نین و دەتوانن هەم ئابووری بن و هەمیش هێرشی راستەوخۆش بن بۆ لە ناو بردنی بنکە هەستەییەکانی ئێران. لە دوای ئالووگۆڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و روخانی بەشار ئەسەد وەک هاوپەیمانی ستراتیژی کۆماری ئیسلامیی وهەروەها هەڵبژاردنەوەی سەر لە نۆیی دۆناڵد ترامپ، کۆماری ئیسلامیی کەوتە دۆخێکی گەلێک دژوارەوە. هەربۆیە دەسەڵاتدارانی ئێران دەیانەوێ لە گەڵ ئەوەی کە کات بکڕن بۆ خۆ سازدانەوەی سەر لە نوێی خۆییان بۆ دەست پێڕاگەیشتنەوەی دوبارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە فێڵ و تەڵەکە قۆناغی ئێستا تێپەڕێن و مەترسییەکانی سەر خۆیان کەم بکەنەوەو لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی وچانێک بدەن وراستەوخۆ لەگەڵ ئامریکا لەسەر مێزی دانوستان دانیشن. خامنەیی زۆر بە راشکاوی خۆی لە دانوستان نادات بەڵام عەباس عێراقچی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی فەرانسەو ئاڵمان و بریتانیا کۆبوەوە و مەسعودی پزیشکیانیش لە وتووێژێک لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی “ئێن بی سی” لە تاران، باسی دانوستانی لەگەڵ ترامپ کرد. دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵبژاردەیەکی تریان لەبەردەستدا نیە. ئەگەر لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی چاوپۆشییەکانی کاربەدەستانی ئامریکا لەوانە بایدن، توانیبوویان تاڕادەیەک بە بردنەسەری ڕێژەی بەرهەمهێنان و هەرزان فرۆش کردنی نەوت و بە سات و سەودا لە نست دەرگا داخراوەکان لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بۆ گواستنەوەی دۆلاری نەوت، دەوڵەت لە دارمانی دارایی ڕزگار کەن بەڵام لەئێستادا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون لەبەردەمیاندا نیە و تەنیا دەبێ مڵکەچی ئەو خواست و داواکاریانە بن کە جیهان ئاراستەی کردون. مڵکەچ نەبوونی ئێران، بارودۆخی ئابووریی خراپتر دەکات. قەیرانەکان تەشەنە دەستێن، کەواتە هیچ رێگایەک جیا لە سازان لەگەڵ ئەمریکا بۆ لابردنی سزاکان ناهێلێتەوە. کۆماری ئیسلامیی هەم لە ناوەوە ریسوایە هەم لە دەرەوەش دۆراوی سەرەکی هەموو مەیدانەکانە. ئەمڕۆ ئێران لە خراپترین بارودۆخی خۆیدا بەسەر دەبات. ناکۆکییەکانی ناو لوتکەی دەسەڵات رۆژ بەرۆژ قووڵتر دەبنەوە. پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ئیسلامیی و زۆرینەی خەڵکی ئێران، گەیشتۆتە خاڵێکی بێگەڕانەوە. دەسەڵات نەک هەر مافی ژیانێکی ئاسایی لە زۆرینەی کۆمەڵگا زەوتکردووە، بەڵکوو بە زیندان، لە سێدارەدان، سەرکوتکردنی ئازادییە دێموکراتیکەکان،  وەڵامی خواست و ویستی نارازیان دەداتەوە.ئەم دۆخە بە کردەوە کۆمەڵگای ئێرانی لەبەردەم تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە داناوە.

ئەگەر خۆمان لە گوشارە دەرەکییەکان ببوێرین لە کۆمەڵگای ئێراندا بە کردەوە رەوتگەڵێک خەریکی گەشەو پەرەسەندنن کە ئەم رەوتانە دەتوانن بە کردەوە کۆماری ئیسلامیی بروخێنن. 

مەیلی شورش و بەرخۆدان کە خوازیاری گۆرانکاری بنەرەتییە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و خوازیاری جۆشدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە بە پانتایی هەموو ئێران شکلی گرتوەو لە هەڵکشاندایە. ستراتێژی ئەم مەیڵە خوازیاری روخانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامییەو پشت ئەستوورە بە مێژوویەکی پڕشنگدار پێکهاتوو لە خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز کە ئەزموونی شۆرشێکی وەکوو ژن ژیان ئازادیان لە پشتە. جەماوەری بەشدار لەم مەیڵە خاوەنی وشیاری سیاسییەو عەزمی جەزم کردوە بۆ بنیات نانی کۆمەڵگایەکی بەختەوەر . ئەم مەیڵە لە کوردستان باڵای بەقەد مێژۆکەی بەرزە و قامەتی لەشکان نەهاتویە.

شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی، لە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆردا بەردەوام لەسەنگەری دژی ڕژیم دایە. ئەم شۆرشە بە گرتنەبەری تاکتیکی نوێ، لەسەر بەدواداچوون بۆ داخوازییەکانی لە بوارەکانی ژن و ژیان و ئازادیدا بە شێوازی نوێ خۆی بە رۆژ دەکاتەوە. کۆماری ئیسلامیی نە بە بزەی دیپلۆماسی ونە بە مانۆرو نە بە سازماندانەوەی مێحوەرە دۆراوەکەی ، ناتوانێ تەمەن بۆ دەسەڵاتە قێزەونەکەی بکرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *