له کایه‌ی پولیتیکیا دا؛ ( ترۆریست، جهد و ئاباتانه!)

کاتی خۆی ویتگنشتاین زۆربه‌ی پێوه‌ندی و جموجۆڵه جۆراوجۆره‌کانی بواری مرۆڤایه‌تی (رامیاری، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری و…) وه‌ک چه‌شنێک یاری یان کایهگهلێکی زمانیی هێنایه هه‌ڵسه‌نگاندن و عاله‌مێکی سه‌رسام کرد و زۆر که‌سانیش، نه له باسه‌که تێگه‌یشتن و نه هه‌وڵیاندا لانی که‌م فێری یاساکانی ئه‌و کایه‌گه‌له بن.. من کاتی خۆی وتارێکم له‌مه‌ڕ یارییه زمانیه‌کانی ئه‌ده‌بی بە ناوی “نالی و یارییه زمانیه‌کانی ویتگنشتاین” نووسی و دواجار هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه چیرۆکێک به‌ناوی “کایه”م به شێوه‌ی نافەرمی بڵاوکرده‌وه، که له لایه‌ن کاک سه‌لاح محه‌ممه‌دییه‌وه وه‌ک شانۆنامه هه‌ر به‌و ناوه‌وه هاته ده‌رهێنان و… بابه‌تی سه‌ره‌کی له “کایه “دا فه‌لسه‌فه‌ی وانموودە(simulacrum) و وانوێنی و لاسایی کردنه‌وه‌یه که به‌ره به‌ره جێی راستییه‌کان ده‌گرن و وایان لێدێ که به هیچ چه‌شنێک له راستییه‌کان جوێ نه‌بنه‌وه..
باسی کایه و وانوێنراوی له‌مه‌ڕ سیاسه‌تیش ره‌نگه باسێکی نوێ نه‌بێ.. به تایبه‌ت زاراوه و وشه‌گه‌لی وه‌ک؛ یه‌کسانی و به‌رابه‌ری، مافی چاره‌نووس، عه‌داڵه‌ت، ئازادی، دێموکراسی، سه‌ربه‌خۆیی، ئازادیخواز و ترۆریست و خراپکار، شۆڕش و دژه شۆڕش و…تاد. له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌وه‌ندە له‌گه‌ڵ زاراوه و وشه‌گه‌لی هاودژ تێکه‌ڵ بوونه که نه‌ک به‌هاسانی به‌ڵکوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ک لێک جوێ نابنه‌وه.. ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تی هه‌رکام له‌و وشه‌گه‌له ده‌دا سیسته‌مێکی تاڵەجاڵجاڵووکهیی نادیار یان که‌م دیاری ده‌سه‌ڵاتی زمانیی و وێنه‌ییه که له‌ڕێگای ده‌زگاکانی پێوه‌ندی جه‌ماوه‌ره‌وه شه‌و و رۆژ له‌ناو ژووره‌کانماندا وه‌ک زوڕنا ده‌ژه‌نرێ و ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زێده‌تریان هه‌یه حه‌قیقه‌تی وانوێنراوەکهشیان زێده‌تره و به‌و چه‌شنه ماف و حه‌قیقه‌ت(!!)ی زێدهتریشیان لایه… بۆ وێنه که‌س نازانێ فیدل کاسترۆ ترۆریست و خرابکاره یان ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ… “واتسلاو هاوڵ” و ” لێخ واڵسا” شۆڕشگێڕ بوون یان نۆکه‌ری بورژوازی و ئیمپریالیسم و ئانتی سویتیسم… بۆوه‌ی ئه‌م که‌سانه له کایه‌ی سیاسه‌تدا رۆژێ له‌ژێره‌وه‌ن (که‌وایه ترۆریست و خائین و خراپکار و جیاوازیخواز و.. ن) یان رۆژێ ده‌که‌ونه (یان ده‌یانخه‌نه) سه‌ره‌وه و ده‌بن به شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز و پاڵه‌وانانی گه‌ل و.. کایه‌که کایه‌یه‌کی بێڕه‌حمانه‌یه و خێر به‌که‌س ناکا و زگی بۆ که‌س ناسووتێ.. مه‌ڕ و ماڵاتیشی تێوه ده‌گلێ چ بگا به مرۆڤ و کوردی بێچاره‌ی ده‌سه‌ڵات نه‌دیو..
نموونه‌ی زۆر به‌رچاو و سه‌رده‌مانه؛ یاری یان با بڵێن شه‌ڕی “یه‌کیه‌تی” و “پارتی”ی تێرۆریست و خراپکار و خایین به‌گه‌ل و نیشتمانی عه‌ره‌بی و.. بوو له‌گه‌ڵ “قاره‌مانی قادسییه” و “شۆڕشگێڕی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب” و “ئاڵاهه‌ڵگری سه‌ربه‌خۆیی” و… هێندەی پێنه‌چوو یاساکانی یارییه‌که ده‌گوڕدرێ، یان با بڵێین لایه‌ک پێی له یاسای کایه‌که ده‌ترازێنێ و ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره‌تر و به‌هێزتر رقی له یاریه‌که هه‌ڵده‌ستێ و له ناکاو ڕۆژی قاره‌مان ده‌گۆڕدرێ و لێی ده‌بێته شه‌وه‌زه‌نگ و به پێچه‌وانه‌وه ترۆریست و خرابکار ده‌بنه شا!! (ببوورن سه‌رۆک کۆمار و قاره‌مان و له‌و شتانه و سه‌ر له منی وێرانهماڵی نائاشنا به یاساکانی کایه‌کان ده‌شێوێ…) هه‌ر بۆیه کاتێک ئێستا له ڕرادیۆ یان که‌ناڵێکی تلویزیۆنییهوه ناوی میلله‌تێک به تێرۆریست ناوزه‌د.. له‌ناکاو به‌خۆم ده‌ڵێم: ئه‌وانه شۆڕشگێڕن! ئاخۆ که‌ی نۆره‌یان بێ و ببنه قاره‌مان و وڵاتپارێز و ئازادیخواز و سه‌رۆک کۆمار و شتی باشتر.. به پێچه‌وانه‌وه کاتێ ده‌سه‌ڵاتێک باسی ئازادیی و دێموکراسی و پاراستنی مافی تاک و کۆی کۆمه‌ڵگا ده‌کا.. ده‌که‌ومه گومانه‌وه که نه‌وه‌ک شه‌ڕێکی قورسی به ده‌سته‌وه بێ و بیهه‌وێ پێمانی بفرۆشێ؛
” له جیهانی هێرمنۆتیکی ئه‌وانا؛
ره‌نگه وشه‌ی ئاشتی ئێمه
به‌هۆی شینه خهستهکهیهوه مانای شه‌ڕ بات..
وه‌ک چۆن که باسی peace ئه‌که‌ن
ئێمه دڵنیاین؛
شه‌ڕێکی پیس هه‌ڵده‌گرسێ و..
ئه‌مانکوژن.”
{شێعرهساتی٢}
ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ باسه‌که‌مان سه‌رله‌نوێ به‌ڕۆژ(ئاپده‌یت) بکه‌ینه‌وه، به‌سه ئه‌گه‌ر چاوێک بخشێنین به‌سه‌ر هه‌واڵه‌کانی “هێرشی سپای قاره‌مان و وڵاتپارێزی تورکیه بۆ سه‌ر ترۆریستانی کورد و هه‌رێمی کوردستان.. ئینجا سه‌رله‌نوێ فێری یاساکانی ئه‌و کایه قۆڕه ده‌بینه‌وه و به‌ده‌ست خۆمانه که بچینه ناویه‌وه یان نا؟
من که خۆم بە سیاسەتوان نازانم و تکایه ئه‌م ورده یادداشتهشم به کایه‌ی سیاسه‌ت لێ وه‌ر مه‌گرن! به‌ڵام ئێستاش نه‌مزانی داگیرکاریی چ فڕێکی به‌سه‌ر ترۆریستهکانهوه هه‌یه؟
وادیاره چوومه‌وه نووک ..
وێڵی که‌ن! له‌وه ناچێ قاره‌مان تا ئه‌به‌د هه‌ر قاره‌مان بمێنێته‌وه!
هاکا ئه‌ویش ڕۆژێ بکه‌وێته به‌ر غه‌زه‌بی ئه‌مریکای وڵاتپارێز و ئازادیخواز!
