قوماری ئانلاین، دیاردەیەکی نوێ لە ئێران

✍مانی مەلەک

لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا شێوازێکی نوێ لە یاری کازینۆیی لە ئێران هاتوەتە سەر دەور و زۆر کەس رویان لەم یاریە کردووە کە شێوازی بەڕێوبردنیان لە رێگای سایتەکانەوەیە ، رێکلامەکانیش لە رێگای ئێنستاگرام ، فەیسبوک و تیکتۆکەوە دەکرێ زۆرتر لە لایەن پەیجە بەناو بانگەکان و ئەوانەی فاڵۆوەریان زۆرە ، بەتایبەتی ئەکتەرە بە ناوبانگەکانی سینەما ، وەرزشوانان و گۆرانیبێژانەوە دەکرێت بۆیە خەڵک متمانەیان پێ دەکا و ئەپڵیکەیشنەکان دادەبەزێنن و دەس دەکەن بە یاری

زۆربەی ئەم سایتانە

لە دو بەش پێک هاتوون بەشێکیان یاری ئۆنلاینە و بەشێکی پێشبینی کێبرکێ وەرزشیەکانە ، وایە کە یاریکەر برە پارەیەک دادەنێت ئەگەر براوە بوو پارەکەی زۆر دەبێ ئەگەریش بدۆڕێ پارەکەی دەڕوا ، کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دەسبەکار بونی ئەم سایتانە رایگەیاندووە دژی ئەو کارەیە و ئەو کەسانەی کە سایتەکان دادەنێن و ئەوانەش کە یاری دەکەن دەسبەسەر دەکرێن و دەدرێنە دادگا ، ساڵی رابردو مێدیاکانی کۆماری ئیسلامی رایانگەیاند زانیاری هەفتا هەزار کەس دراوەتە دادگا کە خەریکی ئەو یاریەن لە هەمان کاتدا دو کەس لە بەڕێوبەرانی ئەو سایتانە و دە ئەکتەری سینەما و وەرزشوان دەسبەسەر کراون  بەشێکی بەرچاو لەو کەسانەی کە رێکلام بۆ ئەم جۆرە یاریانە دەکەن کەسانێکن کە پارێیکی زۆری خەلکیان لە ئێران بە بیانوی بازرگانی و کار لە لا بووە و پارەکانیان هەڵگرتووە و  و لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ نیشتەجێ بوون ،ئەم کەسانە لە رێگای نمایش کردنی ماشینی ئاخیر مۆدێل ، ژنان و خانوی خۆش و داراییەکانیانەوە سەرنجی لاوان رادەکێشن بو نمونە میلاد حاتەمی  یەکێک لەو کەسانە بوو لە تورکیا نیشتەجێ بوو کە لە مانگی  رابردودا  لە لایەن دەوڵەتی توکیاوە رادەستی کۆماری ئیسلامی  کرا ئەوەیکە لێرەدا زۆر سەرنجراکێشە ئەوەیە کە سەرجەم ئەو کەسانەی کە دیپۆرت کراونەتەوە و ئەوانەش کە بەردەوامن لە کاریان ، خزمایەتییان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی هەیە ،  گرتنی لاوێک کە رێکلام بۆ ئەم سایتانە دەکات و تۆمەتبار کردنی بە بەڕێوبەری سایت لە دادگایکی داخراودا تەنیا بۆ شاردنەوەی راستیەکانە ئەو راستیە کە کەسانی سەرەکی پشتی پەردەی بەڕێوبردنی ئەم سایتانە کێن چۆن دەکرێت پارەی یاری لە بانقەکانی ئێرانەوە هەواڵە بکرێن و سیستمی بانکی بەوە نەزانێت لەگەڵ گرتنی بەڕێوبەری هەر سایتێک و داخسنی خێرا سایتێکی تازە دەسبەکار بێ و هەر لەو شێوازی هەواڵەی بانکیە کەڵک وەربگرێ ؟

لە پاش هاتنەدەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە بەرجام و دانانی گەمارۆکان لەسەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە لایەن بانکی ناوەندی کۆماری ئیسلامیەوە هەوڵ دراوە بۆ دۆزینەوەی رێگای دەس خستنی پارەی رەش ، ئەمەش یەکێک لە رێگاکانی دەس خستنی پارەی رەشە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە ، بەرێوبەرانی سەرەکی ئەو سایتانە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە دابین دەکرێن و کاتێک کە لەو جۆرە کەیسانە دەکۆڵیتەوە لە کۆتایدا دەردەکەوێت دەستی کورێکی بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامیان تێدایە ، سەرجەم کاری بانکیەکان لە لایەن  بانکی ناوەندی ئێرانەوە دەکڕێ و زۆربەی هەواڵەکانی بانکی بە شێوەی کارت بە کارتە بابەتی دەسبەسەر کردنی بەرێوبەرانی ئەو سایتانە بۆ کۆماری ئیسلامی حاڵەتی رێکلامی هەیە بۆ وروژاندنی ئەو باسە لە ناو خەڵکدا و بەو مەبەستەش کەڵک لە سەدا و سیما و پەیج و سایتەکانی خۆیان وەردەگرن ، یەکێک لەو هۆکارانەی کە بۆ کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە پەسند کردنی مەرجەکانی رێکخراوەی ئێف ئەی تی ئێف رێگرە ئەوەیە کە گەر بێت و مەرجەکان پەسند بکا سیستمی بانکی لە لایەن ئەو رێکخراوەوە دەخرێتە ژێر چاوەدێری ، هەموو هەواڵە بانکیەکان کۆنترۆڵ دەکریت و چیتر مەجالی ئەم جۆرە کارانەیان نامێنێت کۆماری ئیسلامی بۆی گرینگ نیە لە چ رێگایکەوە و چۆن پارەی دەس بکەوێ تەنیا پارەکەی بۆ گرینگە گرینگ نیە چەن کەس دەبنە قوربانی و خەڵک چییان بە سەر دێ ، لاوێک بە هەزاران هیوا و ئاوات فریو ئەدرێ و تەواوی سەرمایەی ژیانی لە یەک چرکەدا دەدۆرێنێ ، ژیان و سامانی خەڵک لای کۆماری ئیسلامی هیچ گرینگیەکی نیە لە پشتی پەردە کۆمەڵێک پیلانی دوور لە هەموو پێوەرێکی مرۆڤایەتی دادەرێژێت و خەڵک دەکاتە قوربانی مانەوەو بەغای خۆی  بۆ نمونە رۆژ نیە چەند کەس بە تۆمەتی فرۆشتن و بڵاو کردنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە سێدارە نەدا بەڵام رێژەی گیرۆدە بوان رۆژ لە دوای رۆژ زیاد دەکات ، تەمەنی بە کار هێنەران گەیشتووە بە ژێر دوازدە ساڵ ئەمە رێک وەکو بابەتی سایتەکان وایە کۆمەڵێک کەس دەگرن لە دادگایکی داخراودا حۆکمی سێدارەیان بە سەردا دەسەپێنن و لەو لاوە مۆرەکانی سەرەکی درێژە بە کارەکانیان ئەدەن و نە مادەی هۆشبەر کۆتایی دێ و نە سایتەکان بنبڕ دەبن  لە کاتێکدا کە خەلک لە خراپترین دۆخی ئابوریدا ژیان بە سەر دەبەن مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ژێر ناوی شانس وبەختدا بە سایتەکانی قۆمار بە ئاشکرا دزیان لێ دەکەن و گیفانی هەژاران بەتاڵتر دەکەن لە کۆتایشدا شانۆیەک رێک دەخەن کە گوایە دژی ئەو کارەن و ئەوانەش کە دەیکەن تاوانبارن