فستیواڵی هەڵپەرکێی بانە و پەراوێزخستنی ژنان….

✍️بێگەرد ساڵح

فستیواڵی هەڵپەرکێی بانە، کە بەشێکە لە چاند و هونەری کوردی، بەداخەوە بەجۆرێک سازدەکرێت کە ژنان لە بەشداریکردنی چالاکانەدا لادەدرێن و تەنها وەک تەماشاچی لە پشت سەحنە و لەسەر سەندەڵی ساڵونەکەدا جێگەیان بۆ دیاریکراوە. ئەمە، جگە لە نارگسیەکی کۆمەڵایەتی، دەرئەنجامی درێژەدان بە ئەو ڕەوتەیە لە ئاین و پیاوسالاری کە هێشتا لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا بەرچاوە و دەیەوێت بە سەر کوردستاندا زاڵی بکات.
هەڵپەرکێ، کە وەک کلتوور و هونەرێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستاندا ناسراوە، چەندین ساڵە لە شایی و شیوەنی گەلی کورد هێمای یەکگرتوویی و یەکسانی جیندەری و هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەیە، نەک ئامرازێک بۆ پەراوێزخستنی ژنان.

ئەوەی کە ژنان لەم فستیواڵەدا بەشدار نەبوون، نیشانەیەکی ڕوونە کە هێشتا هەندێک لە دابونەریتەکان بەشێوەیەکی پیاوانە و ئاینی بەڕێوەدەچن. ژنان لە کوردستاندا، بەتایبەت لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و شادییەکاندا، ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە، بەڵام لێرەدا وەک بینەرێک کە هیچ ڕۆڵێکی چالاکانەیان نییە، لە پەراوێزەوە چاودێرییان دەکەن.

ئەمە نە تەنیا دەرفەتەکانی ژنان بۆ بەشداریکردن سنووردار دەکات، بەڵکو نیشانیش دەدات کە ژنان لەم جۆرە چالاکییە کولتوورییەکاندا، کە لە ژێر سێبەری دەسەڵات بەڕێوەدەچێت، هیچ شوێنی سەرەکییان نییە. ئەمە بە پێچەوانەی ئەو شتەیەکە کە ژنان بە کردە لە شۆڕشی ژینا، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و نەورۆزی ڕۆژهەڵات نەک تەنها لە کوردستان و ئێران، بەڵکو لە هەموو جیهانیشدا نیشانیان دا.

هەڵپەرکێ زیاتر لەوەی کە سەماکردنێکی سادە بێت، نیشاندەری شوناسی کوردی، خۆڕاگری و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتییە. بەڵام کاتێک ژنان، کە نیوەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن، لەم پڕۆسەیەدا بەشدار نین، ئەوا فستیواڵەکە لە نەریتی خۆی دووردەکەوێتەوە. تەنانەت ئەگەر پڕ بیت لە هێما و ئیستعارە، دەبێتە ئامرازێک بۆ بەردەوامیدانی هەژموونی دەسەڵاتی پیاوسالاری کە کۆماری ئیسلامی جەختی لەسەرە، و ناتوانێت یەک لەسەد لەو جوانیەی کە کاتی ژنان هاوشانیان دەبوون، ئەدا بکات.

ژنانی کورد لە مێژوودا بە تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتییان ناسراون. بۆیە، پەراوێزخستنی ژنان لە فستیواڵێکی وەک هەڵپەرکێی بانە، نە تەنیا دژایەتی لەگەڵ ئەم مێژووە دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆکارێک بۆ لاوازکردنی ڕوحی یەکگرتوویی کۆمەڵگە.

پێویستە کۆمەڵگە ئاگادار بکرێت کە بەشداریکردنی ژنان لە چالاکییە کولتوورییەکاندا بەس مافێکی سەرەتایی نییە، بەڵکو بەرژەوەندیی کۆمەڵگەیە بۆ پەرەپێدانی یەکسانی و پێکەوەژیان.

لە کۆتاییدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە، بەسەر هەموو سانسۆڕ و پەراوێزخستنی ژناندا، ژنانی بانە نیشانیاندا کە دەسەڵات ناتوانێت بیانسڕێتەوە، و جڵوەی جوانیەکی پڕ لە بوێریان بەو فستیوالە پیاوانە بەخشی.

ئەوەی هەرگیز پێتان نامرێت، سڕینەوەی ڕۆحی ئازادیە لە کۆمەڵگا، بۆ ئەوەی نەورۆز و نەورۆزەکان لەپەسا دووپات دەبنەوە…