شۆڕشی ژینا، شۆڕشێک کە لە کوردستانەوە گەیشتە هەموو جیهان
شۆڕشی ژینا، شۆڕشێک کە لە کوردستانەوە گەیشتە هەموو جیهان
لەسەروبەندی ٢٥ی خەرماناندا ڕێز لە ساڵڕۆژی شۆڕشێک دەگرین کە لە کوردستانەوە دەستی پێکرد و بە خێراییەکی سەرسووڕهێنەر ئێران و جیهانی گرتەوە. شۆڕشی ژینا شۆڕشێکی کوردستانی بوو کە قووڵتر، بەرینتر و هەمەلایەنەتر لە جاران خەباتی نەتەوەی کورد و خۆڕاگرییەکانی کوردستانی کە لە ٤٤ ساڵ دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی ئێراندا بەتەنها بەرانبەر دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران ڕاوەستابوو، بردە ئاستی خەباتێکی جەماوەریی بەرین کە زۆر زوو ناوی شیاوی شۆڕشی لێنرا.
بە شۆڕشی ژینا و دورشمی ژن، ژیان، ئازادی، کوردستان دیسان قورسایی و گرینگیی خۆی وەکوو ناوەندی شۆڕش، سەنگەری خۆڕاگری و خەبات دژی ڕژیمی داگیرکەری ئێران و هەڵگری مرۆڤانەترین پەیڤەکان، سەلماند. ئەم ئاخێزە کەموێنەیە سەرەنج و پشتیوانی بەرینی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و بوو بە هەوێنی خەباتی خەڵکانی دیکە کە دەرسی خۆڕاگری و شۆڕشگیڕییان لە نەتەوەیەکی سەربەرز وەرگرت کە خاوەنی ویستی مافخوازانە و پەیامی ڕوونی خۆیەتی.
کاتێک دایک و باوکی ژینا لە کاتی مەرگی ڕۆڵەکەیاندا باوەشیان پێکدا کرد، نە خۆیان و نە کەسی دیکەش نەیدەزانی چە پەیامێکی گرینگ و مێژووییان پێیە بۆ خەڵک. شۆڕشی ژینا کوتوپڕ و بێمێژینە نەبوو، ئەم شۆڕشە ڕەگەکانی لە خەباتی بێپسانەوە و ٤٤ ساڵ خۆڕاگری و تێکۆشانی نەتەوەی کورد بەرانبەر ڕژێمی ئیسلامیی ئێراندا بوو. کاتێک پاش ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی، ئێران بە خێرایی بەرەو ئیسلامی بوون و دەسەڵاتی ئیسلامی دەچوو، کوردستان سکۆلاریسم و ئازادیخوازی کردە ئاسۆی خۆی. کاتێک سەرکوتی ژنان و ئەستاندنەوەی مافەکانیان بوو بە بەردی بناغەی ڕژیمی ئێران لە کوردستان جیلێک لە ژنانی خەباتکار لە ڕیزی پێشەوەی خۆڕاگری و شۆڕشدا بوون و هاوشان لەگەڵ شۆڕشگێڕانی دیکە لە هەموو مەیدانەکانی خەباتدا چالاکانە هەڵدەسووڕان و بەرانبەر بە دواکەوتووی و کۆنەپەرەستی سەربەرزانە ڕاوەستابوون.
ژنانی کوردستان لە خەباتی مەدەنیی شەش مانگی یەکەمی پاش ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتیدا و لە چەک هەڵگرتن و خەباتی پێشمەرگانە بەرانبەر بە هێرشی داگیرکەرانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و لە خەباتی سیاسی و یەکسانیخوازانەدا دەورێکی مەزن و مێژووییان گێڕا. لە کاتێکدا کە ئێران ملی بە یاسای دواکەوتووانە و نامرۆڤانە دابوو و ڕژێمی ئیسلامی هەموو خەباتی مەدەنی و سیاسیی بەلاڕێدابردبوو یان سەرکوتی کردبوو و، خەڵکی بۆ سووچی ماڵەکان پاشەکشە پێکردبوو، خەباتی جەماوەری لە کوردستان بە ڕێبەرایەتییەکی نوێ و شێوازی نوێی خەبات و خۆڕاگری بەرانبەر بە داگیرکەر، بەرەو ترۆپکی سەربەرزی و داهێنان دەچوو. کوردستان بوو کە سزای ئیسلامیی لە سەر شەقامەکان ئیدانە کرد و گەلی کورد بوو کە بەرانبەر بە یاسای دژە مرۆڤانەی تۆڵە (قصاص) ڕاوەستا، کوردستان هەموو ئەمساڵانە لە ڕیزی پێشەوەی نەتەوەکانی ناو ئێران بووە، بۆ خەبات بۆ مافی چارەی خۆ نووسین و، هەمیشە پێشڕەوی هەوڵ بۆ سەروەریی نەتەوەیی بووە. ئێستاش کوردستانە کە بە کردەوە ڕابەری بزووتنەوەی مافخوازیی نەتەوەیی ئەمڕۆ و سبەینێی ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە.
شۆڕشی ژینا بە پشت بەستن بە خەباتی خەڵکی کوردستان، بوو بە شۆڕشێکی جیهانی، خەباتێک کە چەندین جار بە مانگرتنی سەرانسەری، بزووتنەوەی ژینگە لە ئاستێکی بەرزدا، ناڕەزایی بەرانبەر بە سەرکوتی ژنان و تیرۆر و ئەشکەنجە و زیندان، گەشە و باڵاکردنی خۆی سەلماندووە. دروشمی ژن، ژیان، ئازادی کە لە کوردستانەوە نێردرا بۆ ئێران و جیهان، تەنها دروشمێک نییە بەڵکوو ستراتێژی و ڕێنوێن و نیشاندەری ئاسۆی دواڕۆژە. کوردستان بەم دروشمە بەری بە هەموو ئەو سیاسەتە کۆنەپەرەستانانە گرت کە دەیانویست خۆیان بکەنە خاوەنی خەباتی خەڵک. ژن، ژیان، ئازادی دروشمێکە کە ژیانی بەرانبەر بە مەرگ هەڵبژارد و لە سەر یەکسانیی تەواو و ئازادیی بێمەرج دامەزراوە.
شۆڕشی ژینا دیسان دەریخست کە کوردستان پێگەی قایم و کۆڵەکەی بەهێزی خەبات دژی ڕژێمی ئێرانە. کۆماری ئیسلامی لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا هەموو هێزی خۆی بۆ تەریک خستنەوەی کوردستان و خەباتەکەی بەکارهێنا و هەوڵی دا ڕاستییەکانی شۆڕشی کوردستان داشارێ یان چەواشەیان بکا بەڵام ئەم شۆڕشە ڕاستییەکان و ناوەرۆکی مرۆڤانی و مافخوازانە و شۆڕشگێڕانەی بزووتنەوەی کوردستانی بۆ هەمووان دەرخست و نەک هەر بوو بە هۆی ڕاکێشانی پشتیوانی بۆ ئەو خەباتە بەڵکوو کوردستانی کردە سەمبول و سەرمەشقی خەباتکاری و، پیلانە نگریسەکانی فاشیستەکان و کۆنەپەرەستەکانی شکست پێهێنا.
ساڵێک پاش کوشتنی ژینا و شۆڕشی مێژوویی پاش ئەو تاوانە، سەنگەری کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا، بۆ بەرزکردنەوەی بایەخە ئینسانییەکان، بۆ بەرینکردنەوەی ئازادیخوازی، بۆ چەسپاندنی ڕۆڵی گرینگی ژنان لە هەموو مەیدانە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییەکاندا، بۆ خەبات بۆ مافی چارەی خۆ نووسین و سەروەریی نەتەوەیی و، بۆ خەباتی عەداڵەتخوازانە و یەکسانیخوازنە لە هەمیشە قایمترە.
شۆڕشی ژینا و ژن ژیان ئازادی ئاسۆیەکی ڕوون و وێنەیەکی زوڵالی لە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو، ئازاد، یەکسان و مرۆڤانی نواندووە، ئەم شۆڕش ڕوو لە داهاتوویە و هەرجۆرە وەهم و گەندەباوەڕ و گەڕانەوە بۆ دواوە بە تەواوەتی ڕەتدەکاتەوە. شۆڕشی ژینا داهاتوویەک وێنا دەکا کە تێیدا ژنان لە سەرەوەترین ئاستی بەڕێوەبەری و دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستیدا جێگەی شیاوی خۆیان دەستەبەر دەکەن و هاوشان لەگەڵ هەڵگرانی دیکەی بیری یەکسانیخوازانە کۆمەڵگایەکی نوێ دادەمەزرێنن.
لە ساڵڕۆژی ژینا دا هەموو چاویان بڕیوەتە کوردستان. هەموو چاوەڕێن چەخماخەی ساڵڕۆژی ئەم شۆڕشە لە کوردستان لێبدرێ. جووڵە و وەخۆکەوتنی هێزە سەرکوتکارەکانی کۆماری ئیسلامی و خۆ تەیارکردنی چەندین مانگەیان لە کوردستان بۆ پەکخستنی هەڵگیرسانەوەی ئاگری شۆڕش، دەریدەخا کوردستان و گەلی کورد چ پێگەیەکیان لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامیدا هەیە و ئەمە ترسی مەرگی خستووتە گیانی دەسەڵاتدارانی ئێران. بەڵام خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر ئەم پەلەقاژەیەی هێزە سەرکوتکارەکاندا خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزن بۆ بەڕیوبردنی شکۆداری ساڵڕۆژی شۆڕش بۆیە ڕژێم کەوتووتە تەقالا و ترس لە بەشداریی بەرین و شکۆداری خەڵک لەم ساڵڕۆژەدا دایگرتووە.
شۆڕشی ژینا پەیام و دەنگی خۆی گەیاندووەتە جیهان. خەڵکی کوردستان پاش ئەم شۆڕشە زیاتر لە جاران و بە دەنگێکی بەرزتر و بە سەربەرزییەوە باسی خواست و ویست و ئاواتەکانیان دەکەن باسی داوا ڕەوا و ئینسانییەکانی دەکەن و شێلگیرانە هەموو دەسەڵاتی کۆماری داگیرکەری ئیسلامیان لە کوردستان، کردووەتە ئامانج. زیاتر لە ٤٠ ساڵ پڕۆپاگاندای ڕژێم بۆ ئەوەی وایبنوێنێ کە شۆڕشی کوردستان تەنها چالاکیی چەکدارانەی ژمارەیەکی کەمە، بەم شۆڕشە بوو بە بڵقی سەرئاو و وەکوو هەموو درۆ و ئیدەعا پووچ و بێناوەرۆکەکانی دیکەیان ناڕاستییەکەی ئاشکرا بوو.
شۆڕشی کوردستان هاواری بیرۆکە مرۆڤانی و پێشکەوتووەکانی ئینسانی سەردەمە. خەڵکی کوردستان دەسەڵاتی فاشیستیی ناوێ و ئازادی و خاوەن مافبوونی ژنان و ڕەگەزەکانی دیکە بە مەرجی ئازادیی خۆی دەزانن. گەلی کورد دەسەڵاتی ئاینیی ناوێ. نەتەوەی کورد مێژوویەکی دوورودرێژی لە خەبات بۆ وەدەسهێنای سەروەریی سیاسی و مافی چارەی خۆ نووسیندا هەیە، لەم ڕێگە دووروودرێژەدا کوردستان خەباتێکی گەش و ڕوو لە پێشکەوتنی بووە و هەموو کاتێک پێشڕەوترین ئامانجە یەکسانیخوازانە و ئینسانییەکان تێیدا بەرچاو بووە. شۆڕشی ژینا لووتکەی گەشەی بزووتنەوەی کوردستان بۆ بەردەوامی لە پێشەنگایەتیی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتییە.
لە ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینادا کوردستان بەهێزتر و یەکگرتووتر لە جاران نەک هەر خۆی بۆ مانەوە لە پێشەنگایەتیی سەربەرزانەی شۆڕشدا ئامادە کردووە بەڵکوو شێلگیرانە هاندەر و موژدەبەخش و دەنگی دلێری ڕزگاری، ئازادی و یەکسانیخوازی دەبێ.
ژن ئازادی ئازادی
کومیتەی ناوەندیی کومەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی ڕێکەوتی ١٥ی سێپتامبری ٢٠٢٣ی زایینی