شکۆدار بێ ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان…!

ڕۆژی جیهانی ژنان لە زۆربەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوەدەچێت و دروشمی جیاواز بە زمانی جیاواز بڵاودەکرێنەوە. چالاکوانانی کۆمەڵایەتی و چالاکوانانی مافی ژنان هەوڵ دەدەن لەم ڕۆژەدا باس لە پرسی ژنان بکەن. هەموو بزووتنەوە و لایەنە سیاسییەکان دەیانەوێت بە شێوازی خۆیان باسی ئەم ڕۆژە و پرسی ژنان بکەن.
ڕۆژی جیهانی ژنان وەک پێویستیەک سەرهەڵدەدات چونکە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بەتایبەت چالاکانی مافی مرۆڤ گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە کێشەیەک هەیە بە ناوی نایەکسانی جێندەری، کە ئەم کۆمەڵگایە ڕێکدەخات و دادەمەزرێنێت. لە ژێر ئەم نایەکسانییەدا، یەکێک لە ڕەگەزەکان کە ژنە، پەراوێز دەخرێت و بە هۆکاری جۆراوجۆر مافەکانیان پێشێل دەکرێت، وەک چۆن دەکوژرێن، لێدەدرێن، سووکایەتی پێدەکرێن و هتد.
ئەو دەنگە کە بەرهەمی هۆشیاری کۆمەڵایەتییە، وەک نیشانەی ناڕەزایی لە دڵی کۆمەڵگاوە سەرهەڵدەدات و سەرەتا لە ڕۆژئاوا دەرکەوت و دواتر بە نزیکەی هەموو کۆمەڵگاکان بڵاوبووەوە. دەنگێک کە ویستوویەتی و دەیەوێت ببیسترێت، دەیەوێت داواکارییەکانی جێبەجێ بکرێت و لە کۆتاییدا دەیەوێت ژن لە پەراوێزەوە بگوازێتەوە بۆ ناوەند. ئەمە بەو مانایە نییە کە دەیەوێت پیاوان لە ناوەنددا پەراوێز بخات، بەڵکو زیاتر دەیەوێت هەردوو ڕەگەز (ژن و پیاو) لە ناوەنددا بن.
من ئاگاداری ئەو بزووتنەوە جۆراوجۆرانەم کە بەناوی فێمینیزمەوە کاردەکەن، بەڵام باوەڕم بەوە نییە کە فێمینیزم بە مانای پەراوێزخستنی پیاوان بێت، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و تەقلیدیانەیە کە ئەم جیاوازییە دروست دەکەن.
لەم پێویستییەوە ٨ی مارس سەریهەڵدا، کە هێمای وەستانەوە دژی نایەکسانی جێندەری و وێرانکردنی ئەم کۆشکە درۆینەیە کە بە درێژایی مێژوو بە بیانووی جیاوازیی کولتووری و ئایینی و سیاسی پیاوان تێیدا زیندانیکراون و ژنانیش چەوسێنراون.
پرسیارەکە ئەوەیە، سەرەڕای ئەو هەوڵانەی کە زیاتر لە سەدەیەک بۆ یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانی ژنان دراون، بۆچی کێشەکانی ژنان لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان بە تایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێهەم وەک یەکن؟ بۆچی ڕۆژێک تێناپەڕێت لەهەرێمی ئێمە بێ ئەوەی گوێمان لە کوشتنی ژنێک بۆ شەرەف نەبێت؟ بۆچی هێشتا ژنان لەم کۆمەڵگایانە و هاوشێوەکانیدا لە زۆرێک لە مافە سەرەتاییەکانی بێبەش دەکرێن؟ ئایا هەشتی مارس وەک زۆر ڕۆژی تر نەبووەتە تەنها ڕەمز و ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ڕووداوێک کە تەنها توێژیکی دیاریکراو لە ژن و پیاو تێیدا بەشدارن؟
٨مارس هێمایەکی بنەڕەتی خەباتی ژنان بۆ مافەکانی ،بەڵام پێدانی کاراکتەری جەژنانە بەم ڕۆژە لە ڕاسیتیدا لە باربردنی ئامانجەکانی و شێواندنی بیپۆکەی پشت ئەم ڕۆژەیە.
بەکورتی شوێنی ئاهەنگگێڕان لە ڕۆژانی دیاریکراودا لە هۆڵە داخراوەکاندا نییە، بەڵکو لە شەقامەکانە، بە شێوەیەکی نافەرمی و بێ ناوەند و دامەزراوە سیاسی و حکومییەکان. ئەم ڕۆژانە سیمایەکی ڕادیکاڵیان هەیە و بە گۆڕینی ئەم ڕێوڕەسمانانە بۆ ئاهەنگگێڕان لە سیمایەکی ڕادیکاڵیان لێ دەسەندرێتەوە.