سیاسەتی نێونەتەوەیی و مافەکانی مرۆڤ

0
د. محەممەد حسێن زادە

بەشی دووهەم و کۆتایی

٥.وڵاتانی ڕۆژاوا بە باشی دەرک بەو ڕاستییە دەکەن و لێی تێدەگەن بۆیە لە پاڵ ئەوەدا کە بێ ئەملا و ئەولا بڕوایان بە جێبەجێکردنی مافی مرۆڤ لە ئاستی نێوخۆییدا هەیە، زۆر جاریش دەبینین کە لە سیاسەتی دەرەوەدا لە مافی مرۆڤ وەک ئامرازی دابینکردنی بەرژەوەندییەکان کەڵک وەردەگرن و سیاسەتی دووفاقە یان جیاواز لە بەرانبەر ئەکتەرە جیاوازەکاندا دەگرنە بەر. هۆکارەکەی ئەوەیە کە هەندێ لە بەرژوەندییەکانی وڵاتانی زلهێزی لیبرال لە چوارچیوەی پەرەپیدان بە مافی مرۆڤدا دابین دەبن و لە یەک ئاراستەدان بەڵام هەندێ جار گرنگیدان بە مافەکانی مرۆڤ دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی تر. ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ماوەی شەڕی سارددا زۆر جار پشتیوانی لە دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکان دەکرد و لە بەرامبەر ڕەوتی دێموکراسی و بزووتنەوە دێموکراتییەکاندا دەوەستایەوە دەبێ لەو چوارچیوەیەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت. هۆکارەکەی ئەوە بوو کە ئەمریکا پێی وابوو لادانی دیکتاتۆرەکان و ناسەقامگیری دەبێتە هۆی پەرەسەندنی کۆمۆنیزم لە ناوچە جیاوازەکاندا. ئەوەش لەگەڵ بەرژوەندییەکانی ئەمریکا ناتەبا بوو. لە ڕاستیدا ئامانجی ڕۆژاوا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا [وەک هەموو وڵاتانی تر] ئەوە نییە کە لە چوارچێوەی نۆرمەکانی مافی مرۆڤدا ڕەفتاری خۆیان لە سیاسەتی دەرەکیدا دابڕێژێن، بەڵکو بە پێی بەرژوەندییەکانیان مامەڵە لەگەڵ مافی مرۆڤدا دەکەن. هەڵبەت قەبووڵکردنی ئەو ڕوانگە ڕیالیستییە بۆ زۆر کەس سەختە و تەنانەت نەفرەتیان لێی هەیە، یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە لە ئێستادا بەرژوەندییەکانی وڵاتانی زلهێزی سیستەم بە تایبەت ئەو بەشەی کە لەگەڵ پەرەپێدان بە مافەکانی مرۆڤ لە یەک ئاراستەدان لە قازانجی مرۆڤایەتییە.

٦.ڤلادیمیر پۆتین لە چیچان بە توندترین شیواز مافی مرۆڤی پێشێل دەکات بەڵام ئەمریکا و ڕۆژاوا هیچ گرنگییەک بە مافی مرۆڤ نادەن، چونکە لە بەرژوەندی ئەواندا نییە کە لە دژی ڕووسیا هەڵوێست بگرن. وڵاتانی ڕۆژاوا و ناتۆ لە دەیەی ١٩٩٠دا لە یۆگسلاڤیا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پێشێلکردنی زیاتری مافی مرۆڤ دەستێوەردانی سەربازی دەکەن بەڵام سەبارەت بەو ژینۆسایدەی کە هاوکات لە ئافریقا، لە ڕوواندا، لە ئارادایە هیچ هەڵوێستێک ناگرن. پێشتریش لە بەرانبەر ئەنفالکردنی کورد و ژینوساید لە عێراقدا بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی هەڵدەبژێرن. ئوباما لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٨٨ هیچ هەڵوێستێک لە بەرانبەر سەرکوتی خەڵک لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە ناگرێت بۆ ئەوەی ئاستەنگێک لە گفتوگۆکان سەبارەت بە پەروەندەی ئەتۆمی درووست نەکات و لە ڕێککەوتنەکەیشدا هیچ ئاماژەیەک بە مافی مرۆڤ ناکرێت. بە چوونەدەرەوەی ترامپ لە ڕێککەوتنەکە و بەرپرچدانەوەی ئێران لە چوارچێوەی پیتاندنی یورانیومدا، هەمدیسان پرسی مافی مرۆڤ زیندوو دەکرێتەوە. ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا کاتێ کێشەکانیان لەگەڵ وڵاتی چین زیاتر دەبێ، زیاتر پەرە بە ڕەخنەکانیان سەبارەت بە پێشیلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەدەن و بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان پرسی مافی مرۆڤ دەکەوێتە پەراوێزەوە. ئەو کاتانەی تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناتۆ چڕ و پڕە وڵاتانی ئەورووپایی لە بەرانبەر سەرکوتی نەتەوەی کورد بێدەنگن بەڵام کاتێ ڕووسیا نزیک لە ڕووسیا دەبێتەوە و چەکی لێ دەکڕێ تازە بیریان دەکەویتەوە کە نەتەوەی کورد لە تورکیا مافەکانیان پێشێل کراوە. دەکرێ ئەم لیستە زۆر درێژ بکرێتەوە.

٧.مافی مرۆڤ لە خۆیدا بابەتێکی ئەخلاقییە. بەڵام کاتێ لەسەر ڕەفتار و کردەوەی دەوڵەتەکان کاریگەری دادەنێت دەبێتە بابەتێکی سیاسیی. لە جیهانی مودێرندا هیچ دەوڵەتێک سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بنەمای ئامۆژگارییە ئەخلاقییەکان داناڕێژێت مەگەر ئەوەی جێبەجێکردنی ئامۆژگارییە ئەخلاقییەکان لە ئاراستەی بەرژوەندییەکانیدا بن. تەنانەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک جووڵێنەری لیبرالیزمی هاوچەرخ خۆی بە کردەوە بە بەرپرسیار و گەرەنتیکەری جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤ نازانێت ئەگەرچی لە لێدوان و بڵاڤۆکەکانیدا بە چڕی جەختی لەسەر دەکاتەوە.

ڕێبەرە ڕیالیستەکانی ئەمریکا کە لە نێو جەماوەردا بە زمانی ئەخلاقی قسە دەکەن لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بە زمانی هێز دەدوێن. لە بنەڕەتدا لە نێوان ئەو سیاسەتەی کە لە زمانی ڕابەڕانەوە ڕادەگەیەندرێت لەگەڵ ئەو سیاسەتەی کە جێبەجێ دەکرێت جیاوازییەکی زۆر هەیە. ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە هەرچەندە لایەنگرێکی ئەوتۆی نەبێت. لە مێژووی ئەمریکادا ڕوانگەی جیاواز هەن سەبارەت بە ڕۆڵی ئەخلاق لە سیاسەتی دەرەکیدا. جان کوئینسی ئادامز (١٨٤٨-١٧٦٧) شەشەمین سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕوای وابوو داسەپاندنی بنەماکانی حوکمڕانی ئەمریکا بەسەر ئەوانی تردا ئەرکی ئەمریکا نییە، بەڵکو ئەرکی ئەمریکییەکان ئەوەیە کە ئەمریکا بکەنە سەرمەشق و نموونەیەک بۆ ئەوەی سەرنجی وڵاتانی تر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن. بە پێچەوانەوە ویلسۆن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە سەرردەمی شەڕی جیهانی یەکەمدا لە فکری ئەوەدا بوو کە جیهان بۆ جێگیرکردنی دێموکراسی ئامادە بکات و جیهان بە ئیرادەی ئەمریکا بگۆڕێت. بە کۆتاییهاتن و بێ سوودبوونی ڕوانگەی ویلسۆنیزم و بە تایبەت بە دەستپێکردنی شەڕی دووەمی جیهانی ئەمریکا ڕوانگەیەکی ڕیالیستی گرتەبەر. واتە لە کردەوەدا سیاسەتی هێز و لە بانگەشەدا جەخت لەسەر ئامۆژگارییەکانی لیبرالیزم کە یەکێکیان مافی مرۆڤە. بۆیە سەیر نییە کە ئەمریکا دەتوانێ پاش شەڕی دوەمی جیهانی بە ڕووکەشی ڕازاوەی هێنانە ئارای ئاشتی و سەقامگیری کەڵک لە بومبی ئەتۆم و هیدرۆژنی وەربگرێ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ژاپۆن و پێشوازی زۆریشی لێ بکرێ. دەتوانێ لە ساڵانی شەڕی سارددا بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەهریمەنی کۆمۆنیزم و ڕێگریکردن لە دوژمنی لیبرالیزم پاڵپشتی دەسەڵاتدارانی دیکتاتور و دژایەتی دێموکراسی بکات. لە هەمووی گرنگتر دەتوانێ لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا (لیبرالیزمی) ویلسۆنیزم بخاتە نیو پۆتینی سەربازەکان(ڕیالیزم) و بە مەبەستی پەرەپێدان بە دێموکراسی و ڕووخاندنی دیکتاتوریەت هێرش بکاتە سەر عێراق. ویلسۆنیزم لە چەکمەدا واتە جێگیرکردن و بەدیهێنانی دێموکراسی بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی سەربازی.

٨.کەمتر کەسانێک ئەو واقعیەتە ڕیالیستییە قەبووڵ دەکەن و هەڵبەت ئەوەش ئاساییە چونکە هەروا کە پێشتر ئاماژەم کرد لە سەردەمی ئێستادا زۆر جار سیاسەتە ڕیالیستییەکانی وڵاتانی زلهێز لەگەڵ پێداویستییەکانی لیبرالیزم کە بەشێکی پەرەپێدان بە مافی مرۆڤە تەبا و پێکەوەگونجاون و ویستی هێزخوازی وڵاتانی زلهێز لەگەڵ بنەما ئەخلاقییەکان دەگونجن و سیاسەتی هێزویستی لەگەڵ بنەما فەلسەفییەکانی لیبرالیزم یەک دەگرنەوە. بۆ نموونە شەڕی ئەمریکا لەگەڵ فاشیزم، نازیزم و کۆمۆنیزم لە سەردەمی شەڕی سارد و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا لەگەڵ تیرۆریزم لە سەردەمی پاش شەڕی سارد هەم ڕیالیستییە و هەم بنەماکانی لیبرالیزم لە خۆ دەگرێ و بۆ سیاسەتوانان کارێکی دژوار نییە کە وەک شەڕی ئایدۆلۆژیک پاساوی بۆ بێننەوە. تەنانەت ئەگەر بنەماکانی لیبرالیزم لەگەڵ سیاسەتی ڕیالیستی ناتەبا بن ئەوەندە پسپۆڕ و شارەزایان لە بەردەستدایە کە ئایدیایەک بۆ خەڵک چێ بکەن. هەر بۆیە سەیر نییە کە لە ساڵی ١٩٣٩دا زۆرێک لە ئەمریکییەکان سۆڤیەتی ستالین بە هۆی ستەم و چەوساندنەوە بە ئەهریمەن دەزانن بەڵام لە ساڵی ١٩٤١دا سۆڤیەت دەبێتە هاوپەیمانێکی دێموکرات و ستالین دەبێتە مامە جۆ و هەمدیسان بە تێکشکانی هیتلێر سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٤٦ بەدواوە جێگای ئەهریمەن دەگرێتەوە(١) و ئەمریکا و ڕۆژاوا چڕ دەبنەوە لەسەر بارودۆخی نیوخۆیی و مافی مرۆڤ لە نیوخۆی ئەو وڵاتەدا.

٩. ئەو باسانە نیشاندەری ئەوەن کە وڵاتانی دامەزرێنەر و دانەری بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤ و تەنانەت وڵاتانی زلهێزی لیبرالیش زۆر جار لە سیاسەتی دەرەکیدا مافی مرۆڤ وەک ئامرازیکی دابینکردنی بەرژەوەندییەکان دەبینن، چ لە ڕێگای گرتنەبەری سیاسەتی دووفاقە و چ لە ڕێگای قوربانیکردنی مافەکانی مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی زیاتر. ئەمە بە مانای چاکی و خراپی وڵاتان نییە، بەڵکو پێکهاتەی ئانارشیکی سیاسەتی نێودەوڵەتی وا دەکات کە ئەولەوییەت و ئامانجی هەموو وڵاتان بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئایا سیاسەتێکی ئەخلاقی دادەڕێژن یان نا، دابینکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و لەسەروەی هەموویانەوە دابینکردنی ئاسایشی خۆیان بێت. لە سیاسەتی دەرەکیدا بەرژەوەندی نەتەوەیی چرای ڕێنوێنی سیاسەتی دەرەکییە. تەنانەت ئەگەر دەوڵەتێکی زلهێز وەک ئەمریکا بە تەواوەتی خۆی بە بەرپرسیاری پەرەپێدان بە مافی مرۆڤ لە ئاستی جیهانیدا بزانێت، ممکین نییە بتوانێ بەو ئامانجە بگات، چونکە ئەمریکا لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا خاوەن بەرژەوەندی جۆراوجۆرە کە مافی مرۆڤ تەنیا یەکێکە لەوانە.

ناکرێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە ئەمریکا بەردەوام لە سیاسەتی دەرەکیدا لایەنگری مافی مرۆڤ بێت، چونکە ئەو سیاسەتە هەندێ جار دەتوانێ لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لێکدژ بێت، بە تایبەت لەو کاتانەدا کە ئەمریکا بەرژەوەندی گرنگتر لە مافی مرۆڤی هەیە. ئەو بابەتە هەر ئێستا لە جۆری سیاسەت و پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆر ئاشکرایە. ئەمریکا ڕاشکاوانە لە هەندێ لە وڵاتان ڕەخنە دەگرێ و هەندێ جار گەمارۆ و ئابڵۆقە دەخاتە سەریان بەڵام لە حەنای هەندێکی تر لەو وڵاتانە بێ دەنگە و باشترین پەیوەندی لەگەڵیان هەیە و کارێ ناکات کە پەیوەندییەکانی لەگەڵیان تێک بچن.

١٠.بە گشتیی، ڕەفتاری ئەخلاقی بۆ تاک ممکینە و دەکرێ، بۆ گرووپ سەختە بەڵام بۆ دەوڵەت ناکردنی و ناممکینە. ماکیاڤێللی چەند سەدە پێش ئێستا تەحەدای ئەو گریمانەیە کرد کە پێی وایە دەوڵەت دەبێ ئامانجێکی ئەخلاقی هەبێت. ئەو ڕوانگەیە ئێستاش و بە تایبەت لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان بە تەواوەتی درووستە. لە ئاستی دەرەکیدا تێگەیشتن لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان لە زێدەڕۆیی ئەخلاقی و بە هەڵە تێگەیشتن لە بنەماکانی سیاسەت ڕزگارمان دەکات. کەڵکەڵەی سەرەکی دەوڵەتەکان لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی تر بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ نییە، بەڵکو بەرژەوەندیی نیشتمانییە. نابێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە مافەکانی مرۆڤ ببێتە چرای ڕێنوێنی سیاسەتی دەرەکی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *