سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی ناڕەزاییەکان و کایه لەگەڵ ناو، درووشم و شۆڕش

0
ئارەزوو کەمانگەر

لەم ساڵانەی دواییدا لە ئێران ئەوەی ئەمڕۆ لە خودی ناڕەزایەتییەکان یەکلاکەرەوەترە، جۆری لێکدانەوەی ناڕەزایەتییەکانه، شەڕێکی بێدەنگ بەڵام یەکلاکەرەوە ساز بووە لەسەر مانا و ناو و گێڕانەوە. ئەم شەڕە، پێش ئەوەی لە نێوان حکومەت و خۆپیشاندەران ڕووبدات، لەناو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و میدیا و خودی بزووتنەوە سیاسییەکان ڕوویداوە. کاتێك کە وشەکان بە جێگەی ئەوەیکه ببنه ئامرازێک بۆ گێڕانەوەی ڕاستییەکان، بوونەتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵ و دەستبەسەرداگرتن و دووبارەپێناسەکردنەوەی ئەو ناڕەزایەتییانه. هەر لەبەر ئەمەشه که گۆڕینی وشەگەلێک وەکوو: لە “شۆڕش” بۆ “بزووتنەوە”، “ژینا” بۆ “مەهسا”، “ژن، ژیان، ئازادی” بۆ “زن، زندگی، آزادی” و “ڕاپەڕینی سەندیکاکان” بۆ “شۆڕشی نەتەوەیی(انقلاب ملی ایرانیان)”، گۆڕینێکی ڕواڵەتی و ئاسایی نییه بەڵکو ڕاستەوخۆ گرێدراوە به سیاسەتی دەسەڵاتێکی دیاریکراو.

وشەی “شۆڕش” یەکێکە لە قوربانییە یەکەمەکانی ئەم شەڕە گێڕانەوەیە. لە نەریتی زانستی سیاسی و کۆمەڵناسیدا، شۆڕش چەمکێکی دەقێق، جددی، دەگمەن و فرەتێچووه. شۆڕش تەنیا بە مانای ناڕەزایەتی بەربڵاو یان تەنانەت ڕووخاندنی حکومەتێک نییە؛ بەڵکو وەختێکە کە نەزمی سیاسیی ئارایی، توانای بەرهەمهێنانەوەی خۆی لەدەست دەدات و هێزێکی کۆمەڵایەتی توانای ئەوە بەدەست دێنێت کە نەک هەر نکۆلی لە نەزمه سیاسییەکە بکات بەڵکوو ئاسۆی نەزمێکی دیکەش بهێنێتەوە ناو مەیدانەکە. تەنانەت ئەگەر ئەو نەزمەش نەزمێکی فرەچەشن و نیوەچڵ بێت. شۆڕش پێویستی بە درز و کەلێن لە نێو دامودەزگاکانی دەسەڵات و قەیرانی هێژموونی و پێکهێنانی خەیاڵێکی بەکۆمەڵ سەبارەت بە “دوای ئەمە” هەیە (باوەڕی بەکۆمەڵ بەوەیکه ئەو نیزامه دەبێ لە بن بێت). هەر لەبەر ئەمەشە کە زۆرێک لە ڕاپەڕینە مێژووییە گەورەکان، سەرەڕای تێچووی قورس و کوشتاری بەربڵاو، هەرگیز نەبوونە شۆڕش، لە کاتێکدا هەندێک لە شۆڕشەکان لە ساتەوەختی ڕوودانیاندا تەنانەت لە روانگەی شەقامیشەوە بێدەنگ بوون.

بەڵام لە کەشوهەوای سیاسی ئەمڕۆی ئێراندا، شۆڕش بووەتە وشەیەکی بەکارهێنراو؛ لەیبڵێک کە بە مەبەستی گەورەنوێنی، کۆکردنەوەی سۆزداری و ڕاکێشانی هەست و سۆز، یان شەرعیەتدانی سیاسی بە هەر ناڕەزایەتییەکی جەماوەرییەوە، دەبەسترێتەوە. ئەم جۆرە لە بەکارهێنان و بەلاڕێبردنانەی چەمکەکان، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی قڕۆڵکردنی واتای راستەقینەی شۆڕش و ئەگەری شیکاری ورد و دەقێق لەناو دەبات. کاتێک هەرجۆرە ڕاپەڕێنێک بە شۆڕش ناو دەبرێت لێرەدایه کە تووشی سەرلێشێواوی دەبین و جیاوازی نێوان بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕاپەڕینی ناڕەزایەتی و شۆڕش بۆمان دەرناخرێت.

لەو چوارچێوەیەدا شۆڕشی ژینا جێگەیەکی تایبەتی هەیە. ئەوەی بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد تەنها کاردانەوەیەک نەبوو بەرامبەر بە تاوانێک، بەڵکو تەقینەوەی ئەو هەستە ناڕازییەی خەڵک بوو کە دەمێک بوو پەنگی خواردبووەوە،بازبوونی دەمی برینێک بوو کە پێنج دەیەیە لە سەر جەستەەی ئەو خەڵکەوە هەڵکەنرابوو،ئەو تەقینەوە تەقینەوەی کۆمەڵیک لە چەوساندنەوە بوو ؛ چەوساندنەوەی ڕەگەزی، چەوساندنەوەی نەوەکان، چەوساندنەوەی چینایەتی و لە هەمووی گرنگتر ستەمی نەتەوەیی. شۆڕشی “ژینا” لە یەکەم ڕۆژەکاندا نوێنەرایەتی ئەم چەند لایەیەی دەکرد. ژینا ناوێکی کوردییە و بوونی لە ناوەندی گێڕانەوەدا، بە ناچاری، پرسی کورد و پەراوێزخراوبوونی و پەیوەندیی ناوەند-پەراوێزی هێنایە ئاراوە. ئەم ناوە ڕێگەی نەدەدا کوشتنەکە لە “هەڵەیەکی تاکەکەسی” یان “ڕووداوێکی بەڕێکەوت”دا کورت بکرێتەوە؛ بەڵکو ئەم بابەتەی هێنا و لە ناوەڕاستی دڵی پێکهاتەیەکی مێژوویی لە هەڵاواردندا داینا. ڕێک لێرە و لەم نوکتەدایه کە گۆڕینی وردە وردە بەڵام یەکلاکەرەوەی ناوی ژینا بۆ “مەهسا” بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو و موهەندسی کراو،گرنگیی پەیدا دەکات. ئەم گۆڕانکارییە نە بەرهەمی کەمتەرخەمی زمانەوانی بوو و نە لە ژێر سێبەر و بیانووی ناوی ناسنامەیی و فەرمیی مەهسا لە “ثبت احوال” بوو.

مەهسا ناوێکی فارسی بوو کە بەو بیانووە ناوەندگەراکان توانیان دەستی بەسەردا بگرن و لە کچێکی کوردەوە بۆ کچێکی ئێرانی و لە پەراوێزەوە بۆ ناوەند بیگوازنەوە و لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا کەڵکی لێوەربگرن. بەم گۆڕانکارییە، کوشتنی کچێکی کورد بوو بە مردنی “کچێکی ئێرانی”. هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییە هاوسۆزی گشتی زیاد دەکات، بەڵام تێچووەکەی،لابردنی بەشێکی گەورە لە حەقێقەتەکەیه. لێرەدا گۆڕینی ناو بە واتای گۆڕینی بەشێک لە کێشەکان و نکۆڵی کردن لە ستەمی نەتەوەیی و سڕینەوەی نەتەوە بندەستەکانه.

ڕەنگه بە ڕواڵەت گۆڕینی ناو یان بەکارهێنای ناوی فەرمیی و فارسیەکەی”ژینا” لە لایەن ناوەندگەراکان و لە میدیا فارسەکاندا شتێکی سەیر و سەمەرە نەبێ و بە شتێکی لاوەکیش بەهەژمار بێت بەڵام کە پەردەت لە سەر ئەو بابەتە لادا و وەکوو کەسێکی سیاسیی سەیری ئەو شتەت کرد چیدیکه هەست دەکەی گۆڕینی ئەو ناوە دەستی پیسی پاوانخواز و گشتخوازە ئێرانییەکانی تێدایه کە جگه لە نەتەوەی فارس نەتەوەکانی دیکه نابینێت و بە کەمینە و قەوم و جیاییخواز ناوزەدیان دەکا و دان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکانی دیکەدا نانێت.

لەم نێوانەشدا ڕۆڵی میدیا لە چەسپاندنی ئەم گۆڕانکارییه، یەکلاکەرەوە بوو. میدیای زمانی فارسی لە تاراوگە و چالاکوانانی بەناوبانگ و تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان بە بەردەوامی دووبارەکردنەوەی “مەهسا” و وەلانانی “ژینا”، ستانداردێکی زمانەوانی نوێیان دروستکرد. ئەم ستانداردە لە ناکاو و بەڕێکەوت نەبوو؛ لەگەڵ گێڕانەوەیەکدا یەکدەگرێتەوە کە هەوڵی دەدا بزووتنەوەکە بە بزووتنەوەیەکی گشتگیر، مللی و دوور لە پرسی فرە نەتەوەیی نیشان بدات. میدیا لێرەدا تەنیا واقعەکانی ڕوماڵ نەدەکرد بەڵکوو موهەندسیشی دەکرد. دەستی دەخسته نێو وشەکان و بە سەلیقەی سیاسیی خۆی هەندێ دروشمی زەق دەکردەوە، هەندێکی دادەپۆشی و تەنانەت وشەکانیشی جێگۆڕکێ پێدەکرد.لە گفتوگۆکانیشدا ئەم سەلیقەیە ئەگونجاند.

واز له وشەکان بێنین و بێینە سەر درووشمەکان،سەرنجتان دەخەمە سەر درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی”. ئەم دروشمە تەنیا لەپاڵیەکدانانی سێ وشە نییە؛ ئەمه چڕکراوەی مێژوویەکی دیاریکراوی خەباتە لە کوردستان. ئەم دروشمە لە ئەزموونی ژنانی کوردەوە سەریهەڵدا، لەگەڵ خۆڕێکخستن،خۆڕاگری و ڕەخنەیەکی بنەڕەتی لە دەوڵەت-نەتەوەییەوە تێکەڵ ببوو و هەڵگری مانایەکه کە بەبێ ئەو بەستێنە، ناتەواو دەبێت. وەرگێڕانی بە “زن، زندگی، آزادی”، لە کاتێکدا بە ڕواڵەت بێ زیان و تەنانەت ئەرێنی بوو، بەڵام لە پراکتیکدا جۆرێک لە پاڵاوتنی سیاسی بوو. وەرگێڕانەکە قورسایی مێژوویی و جوگرافیای خۆی لە دروشمەکە سەندەوە و گۆڕی بۆ دەستەواژەیەکی جوانیناسی و گشتگیر و کەم مەترسی، دروشمێک کە زۆر ڕاحەت هاوارت پێدەکرد بەبێ ئەوەی دان بە ڕەگ و ڕیشە ڕادیکاڵ و کوردایەتیەکەیدا بنێیت و بە بێ ئەوەی کەس بزانێت، فلتەرێکی مانایی لە سەری دانرا. ئینجا دەستکەوت لەمە باشتر بۆ ناوەندگەرا؟؟؟

لە چوارچێوەیەکی وەهادا ناونانی سەندیکای کرێکارانی بازاڕ و ناڕەزایەتییە ئابوورییەکان بە “شۆڕش” یان “بزووتنەوەی مللی ئێرانییەکان” مانایەکی ڕوونتر وەردەگرێت. ئەم ناڕەزایەتیانە هەرچەندە بەربڵاو و تێچووی زۆری لێکەوتەوە و بەدەیان هەزار کەس بە دەستی ڕەشی جەلادانی کۆماری ئیسلامی خوێنیان ڕژا و شەقام و کۆڵانەکان رووباری خوێنیان لێ درووست بوو، بەڵام وەکوو خۆی ڕاپەڕینێکی چینایەتی بوو، واتە تایبەت بوو به چینێکەوە. داواکارییەکانیان لە دەوری سیاسەتی ئابووری،گرانی، هەڵاوسان و بژێوی داڕێژرابوو و داواکارییەکانیان ئابووریی بوو.هەرچەند زۆری پێنەچو درووشمەکان ماهییەتی رادیکاڵانەی بەخۆیەوە گرت و بنەماکانی رژیمی کرده ئامانج.

  بەڵام بەوەشە ناتوانین ناوی شۆڕشی لێبنین و هەروەک ئاماژەم پێدا با تێچوویشی زۆر بێت و کوشتار و ترس و سەرکوتەکەش زیاد بێ. بۆچی لە میدیا فارسییەکانی دەرەوە وڵات بەتایبەتی لە گوتاری پەهلەوییەکاندا ئەم ڕاپەڕینەیان بە شۆڕش ناودەبرد و درووشمەکانی تایبەت بە ڕەزا پەهلەویان بۆڵد دەکردەوە بە جۆرێک کە چما تواو ئێران بە هەموو نەتەوەکان و چین و توێژەکانیەوە پاشایەتیخوازن؟

دەبێت بڵێین ناوهێنانی ئەم ناڕەزایەتییە بە شۆڕش بەهرەیەکی سیاسی هەبوو: هەم قورسایی خۆی زیاد کرد و هەم بزووتنەوەی ژینای لە نێوان زنجیرەیەک “ڕاپەڕینی نەتەوەیی”دا دەتواندەوە و هەمیش تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ژینای دەسڕییەوە. 

جەریانی پەهلەوی دەیەوێ چەند شت لەم ڕاپەڕینەدا بکاتە ئامانج:

١-هەوڵ دەدا یەک‌نەتەوەیی جێبخات

٢-مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوەکانی دیکه زەوت دەکات بۆیه دەرگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ستەمی نەتەوەیی بە هەموو شیوەیەک چ فیدرالیزم، سەربەخۆیی، خودموختاری و…هتد دادەخات.

٣-ئەو کەلێنە و بێ ناوییەی کە لە شۆڕشی ژینادا بە پەهلەوییەوە دیار بوو هەوڵ دەدا پڕی کاتەوە و خۆی بە تاقە ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەری و ڕێبەری ئێرانێکی یەکپارچه پێناسە دەکات

٤-بەشداریکردنی بەرینی شارە ناوەندەکان و کوژرانی دەیان هەزار کەسی لەو شارانه،بوو بە هەلێک بۆ پەهلەوی و بە تەمایە بە نەفعی خۆی بیقۆزێتەوە.

کە وابوو وەرگێڕانی دروشمەکان و گۆڕینی ناو و بانگکردنی ڕاپەڕینەکانی سەندیکاکان وەک شۆڕش هەموویان خزمەت بە مەترەحکردنی دووبارەی ناوەند دەکەن و ئەمە هەوڵێکه بۆ بنیاتنانی داهاتوویەک بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی پرسی فرەچەشنی و چەوساندنەوەی پێکهاتەیی و ساختاری بێتەوە. بەراوردکردنی بزووتنەوەی ژینا لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بازاڕدا، جیاوازییەکی زۆرتر دەخاته روو.

ژینا بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕزگاریخوازانه و قووڵی سیاسی بوو کە جەستە و شوناس و زمان و پەیوەندی تاک بە دەسەڵاتەوە دەخستە ژێر پرسیارەوە. بنکەکەی، ژن و لاو و خەڵکی پەراوێزخراو بوو و خواستی ئەوان نە چاکسازی بەڵکوو لە ریشەهاتنی ئەو نیزامه بوو. لەبەرامبەردا ناڕەزایەتییەکانی بازاڕ، هەرچەندە رەوا و قابلی بەرگری بوو بەڵام لە چاو شۆڕشی ژینا ئاسۆی داخوازییەکانیان سنووردارتر بوو و لە بواری رادیکاڵییشەوە نزمتر بوو. ئەم جیاوازییە جیاوازیی ماهییەتی سیاسی و توانای گۆڕانکارییە.

لە کۆتاییدا یەکێک لە هەڵە هەرە مەترسیدارەکان بریتییە لە بەستنەوەی ئاستی توندوتیژی و کوشتن و سەرکوت بە ئینقلابی بوونی بزووتنەوەیەک. مەرج نییە توندوتیژی زیاتر نیشانەی ڕادیکالیزم یان شەرعیەتی گەورەتر بێت. کوشتن، زیاتر لە هەموو شتێک، ئاوێنەی ماهیەتی دەوڵەت و شێوازی حوکمڕانییەکەیەتی. هەندێک جار دەوڵەت بۆ ڕێگریکردن لە بەرەوپێش چوونی ناڕەزاییەکان، بۆ ترساندن، یان نیشاندانی دەسەڵات، خێراتر و توندوتیژتر سەرکوت دەکات. شەرعیەتی شۆڕش لە ئاسۆی ڕزگاریخوازی و توانای ڕێکخستن و ئەگەری بنیاتنانی نەزمێکی ترەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە ژمارەی قوربانییەکان.

ئەوەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، تەنیا پرسی ناولێنان لە بزووتنەوەکان نییە، بەڵکو پرسی داهاتووی سیاسەتە لە ئێراندا. ئەگەر ڕێگە بدەین دەست بەسەر ناو و دروشم و چەمکەکاندا بگیرێت، تەنانەت ئەگەر بە ڕووکەش نەزمی سیاسیش بگۆڕدرێت، مەترسی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەمان ستەمەکان هەر دەمێنێتەوە. دەسەڵات، پێش ئەوەی لە دامەزراوەکاندا جێگیر بێت، جێگەی خۆی لە گێڕانەوەکاندا و لە ناوەکاندا دەدۆزێتەوە. کەواتە وەرگرتنەوەی چەمکەکان ئەرکێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو کردەوەیەکی سیاسییە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *