سپاسنامەی خەڵکی داسێران و مەریوان بۆ بەشداربوان لە پرسە و سەرەخۆشی فەرماندە «ڕێبوار داسێران

خەڵکی شۆڕشگێڕ، ئازادیخوان و دڵبەخەمانی شۆڕش، ژنان، لاوان و پیاوانی خەباتکاری کوردستان

هەروەها کە ئاگادارن ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١۴۰٣ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٩ی سێپتامبری ۲۰۲۴ی زایینی، ڕۆڵەی تێکۆشەر و سیمای خۆشناوی شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان، فەرماندەی بە ورە و تیژباڵی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان، فەرماندە ڕێبوار کەریمیان ناسراو بە ڕێبوار داسێران، لە شەڕێکی قارەمانانە لە بەرامبەر هێزە سەرکوتگەرەکان و جاشە خۆفرۆشەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی “پیرانە کۆن”ی مەریوان‌، گیانی ئازیزی لە پێناو بەدیهاتنی ئامانجەکانی گەلی کورددا بەخت‌کرد.
لەم تاریکییە ئەنگوستەچاوەدا کە باڵی بە سەر شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشاوە، فەرماندە ڕێبوار ئەوەی وەبیرهێناینەوە کە پێشمەرگە قەد خۆ بەدەستەوە نادات و لە بەرامبەر هاوپەیمانیی حکومەتەکانیی ئێران و عێراق و دەست و پێوەندییەکانیاندا قەد چۆک دانادات.
خەڵکی کوردستان؛
هەر لە یەکەم ساتەکانی دوای ئەو بەرگرییە قارەمانانەی فەرماندە ڕێبوار و هاوڕێیانی، سەرەڕای گوشاری قورسی هێزەکانی ئیتلاعات و سوپاسی پاسداران و جاشە بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامی، خەڵک لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئاواییەکانی دەوروبەری مەریوان، هاوڕێ لەگەڵ خەڵکی مەریوان، پۆل پۆل بە پەرۆشەوە خۆیان گەیاندە بنەماڵەی فەرماندە ڕێبوار و بە شانازییەوە یادی قارەمانی گیانبەختکردوومانیان بەرز ڕاگرت.
لێرەدا بە ناوی خەڵکی داسێران و سەرجەم خەڵکی مەریوانەوە، سپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو خەڵکانە دەکەین کە بە پیریی بنەماڵەی فەرماندە ڕێبوارەوە هاتن، سپاسی سەرجەم خەڵکی دێهاتەکان و شارەکانی دیکەی کوردستان دەکەین که بە بەشدارییان ئەو خەمە قورسەیان لەگەڵمان بەش کرد و شان بە شانی ئێمە شانیان دایە ژێر ئەو خەسارە گەورەیەی کە لە ئێمە و شۆڕشی خەڵکی کوردستان کەوت.
دیارە شەهیدبوونی فەرماندە ڕێبوار خەسارێکی گەورەیە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام بێگومان ئەو ڕێگایەی کە فەرماندە ڕێبوارەکان ئاڵاهەڵگری بوون، سەدان و هەزاران ڕێبواری دیکەی تێدا پەروەردە کراوە کە هەردەم ئامادەی خولقاندنی حەماسەن و بە قارەمانییەتییەکانیان مزگێنیی بەدیهاتنی ئامانجەکانی گیانبەختکردوانمان پێدەدەن.
وێڕای سپاسی دووبارەمان بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان؛ یادی فەرماندە ڕێبوار و سەرجەم گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ڕزگاریخواری گەلی کورد بەرز ڕادەگرین و بەڵێن دەدەین کە ئێمەیش ڕێبوارە بەوەفاکانی ڕێگای ئەوان بین.

خەڵکی داسێران و مەریوان

یەکی ڕەزبەری ۱۴۰۳ی هەتاوی بەرابەر بە ٢٢ سێپتامبری ۲۰۲۴ی زایینی