رۆڵی ئێران و ئەمریکا لە ئاڵۆزیەکانی ناوچەکەدا

✍فیرووز مامۆیی

 

لە ماوەی رابردوودا و ھاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی خولی نوێی وتووێژە ئەتۆمیەکانی ئێران و گرووپی پێنج زێدە یەک، ئاڵۆزیەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە ئاستێکی زۆر پەرەی سەندووە و لانیکەم لە چوار وڵاتی عێراق، ئەفغانستان، فەلەستین و ئیسرائیل ئاگری شەڕە کۆنەپەرستانە و دواکەوتووەکان بڵێسەی سەندووە و ھەمدیسان رەوت و گرووپە توندئاژۆ و فۆندەمێنتاڵە ئیسلامیەکان کەوتوونەتە ئاژاوەگێڕی و ئەمنییەتی ناوچەکە بەرەو دۆخێکی خوێناوی پاڵ پێوە دەنێن.

کۆماری ئیسلامی ئێران کە ھەموو کات نەقشی سەری مارەکەی ھەیە، بو باج وەرگرتن لە رۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریکا، لە گەش کردنەوەی ئاگری ئەم تێکھەڵچوونانەدا دەستی باڵای ھەیە و بێ گومان ئەو سەدان مووشەک و سارۆخەی لە لایەن حماس و جیھادی ئیسلامیەوە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل دەکرێت بە پارەی ئێران دروست کراون کە بە سەدان میلیۆن دۆلار لە پارەی خەڵکی ھەژار و رەش و رووتی ئێران بۆ ئەم ئاژاوەگێڕیانە سەرف دەکرێت و راستەوخۆ لە سەر باری ژیان و گوزەرانی خەڵک کاریگەریی دەبێت.

لە ھەمان کاتدا بە کشانەوەی زۆرتری ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان، گرووپا تیرۆریستیەکان چالاکیەکانیان پەرەی سەندووە.

ئەم دۆخەی کە ئێستا باڵی کێشاوە بە سەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەشێکی بەرھەمی ئەو فایلە دەنگیە بوو کە لە جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بڵاو کرایەوە و تێیدا راشکاوانە باسی لە کۆلۆنیالیزە بوونی ئێران لە ژێر دەستی رووسیە و لا ھەمان کاتدا باڵا دەست بوونی سپای پاسداران و ھەروەتر سەدان ھێرشی بێ وەڵامی ئیسرائیل بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئێران لە دەروە و ناوخۆی سنوورەکانی ئەم وڵاتە بوو، بەشێکیشی بەرھەمی نەرمی نواندن و دێمۆکرات بازی جۆ بایدەن و دەوڵەتی نوێی ئامریکا بەرانبەر بە ئێران و گرووپە تیرۆریستیەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیە، کە مەجالی تەڕاتێنی زورتر و ئاژاوە نانەوە و تێکدانی ئەمنیەتی ناوچەکەی بۆ ئێران لەبار کردووە.

رژیمی ئێران بە روونی بۆی دەرکەوتووە کە بە گوشار خستە سەر دێمۆکراتەکانی ئامریکا و لێدان لە بەرژەوەندیەکانی ئەو وڵاتە رێگا خۆشکەر دەبێت بۆ وەرگرتنی باجی زیاتر و بەرەوپێش بردنی ئامانجە تێکدەرانە و دژە ئینسانیەکانی.

لە ھەمان کاتدا لە سەروبەندی نزیک بوونەوە لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی، رژیم بۆ رازی کردنی لایەنە توندئاژۆ و بنئاژۆ خوازەکان، لە دەرەوەی سنوورەکان ئاڵۆزی دروست بکات و بڵێ ئێمە ھێشتا لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆمان نفووزمان ھەیە و رێکەوتن لەگەڵ گرووپی پێنج زێدە یەک نابێتە ھۆی پاشەکشێ کردنی ئێمە لە ئامانجەکانمان بۆ ھەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی و لە لایەکی دیکەوە تەنووری ھەڵبژاردنە فۆرمالیتە و فەرمایشیەکانی پێ گەرم بکات، کە گوایە ھەموو وڵاتانی ناوچەکە نائەمن و پڕ لە ئاژاوەن و ئەوە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیە کە تاقە وڵاتی ئەمن و ئاسوودەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام بێ گومان ئەم پیلانانەی رژیم بۆ گەلانی وەزاڵەھاتووی ئێران زۆر کۆنە و بە باشی ئەو رژیمە دەناسن کە چەندە جینایەتکار و فریوکارە و خودی کۆماری ئیسلامیش بە روونی بۆی دەرکەوتووە کە ئەمجارە کەشی ھەڵبژاردنەکان زۆر بێ تینە و خەڵک تازە ئامادە نین بێنە ناو گەمەیەکی فەرمایشی کە ھیچ گۆڕانێکی ئەرێنی و بەکەڵک لە دۆخی ژیان و گوزەرانیان دروست ناکات و بە بەشداریی کردنیان تەنها مەشروعیەت ئەدەن بە رژیم و دەستی ئاوەڵاتر ئەکەن بۆ سەرکوت و بەو شێوەیە دۆخی ژیانیان زۆرتر لە ھەمیشە لە قوڕی نەھامەتی و بێ ئاسۆیی دەچەقێت.