روخانی دەسەڵاتی قەسابکەی سوریە…!
روخانی بەشار ئەسەد لە راستیدا روخان و شکستی ئیدئۆلۆژی کۆماری ئیسلامییە. بە روخانی بەشار ئەسەد دەستی کۆماری ئیسلامیی زیاتر لەناوچەکە کورتر دەبێتەوە ، کە ئەمە خۆی دەرخەری لاوازتر بوونی کۆماری ئیسلامییە.
بەشار ئەسەد لە ساڵی٢٠٠٠هەتاوی دوای مردنی باوکی حافز ئەسەد، بە دەسەڵات گەیشت. باوکی بەشارئەسەد ٢٩ ساڵ بە زەبری دەسەڵات و لە کەژێکی داپلۆسێنەردا دەسەڵاتی قورغ کردبوو.هەر دەنگێکی لە گەرودا بێدەنگ کرد. ئەسەدی کوریشی دەسەڵاتەدیکتاتۆرییەکەی باوکی وەک میرات پێگەیشت و دەستی نەپاراست لە کوشت و بر و تۆقاندن. لە ماوەی دەسەڵاتی بشار ئەسەد دا شەری ناوخۆیی بە ئەو پەری خۆی گەیشت و نیو میلۆن کەس کوژران و شەش میلۆن کەسی تریش ئاوارەو دەربەدەر و ئابووری وڵات بەتەواوی دارماو وڵات بەتەواوەتی خاپوور بوو.
بشار ئەسەد بە هاوکاری ئێران و روسیە توانی ئۆپۆزسیۆنی نەیاری خۆی، بە درندانە ترین شێوە سەرکوت بکات و دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت. روسیە بە هێزی ئاسمانی و هەموو توانای خۆیەوە سنورەکانی ئەم وڵاتەی دەشکاندو سەرەرۆیی دەکرد و سەروەری ئەو وڵاتەی دەنایە ژێر پێ .ئێرانیش بێکار نەبوو وەبەردەوام خەریکی ناردنی راوێژکارو هێزی سەربازی بۆ ئەو وڵاتە بوو.
ئێران لە درێژەی سیاسەتی خۆیدا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و لە وڵاتی سوریە گرووپی تیرۆریستی حزبوڵڵای لوبنان و گروپە مەشقپێکراوەکانی دەستی سوپای تیرۆریستی خۆی رێکدەخست و رەوانەی سوریەی دەکرد تا پشتیوانی لە بەشار ئەسەدی دیکتاتۆربکەن و بە هەموو تواناوە دەسەڵاتەکەی بپارێزن .
ئەمرۆ بە روخانی بەشار ئەسەد ئێمە شاهیدی وڵاتێکی کاوڵین کە بەرهەمەکەی دەخاڵەتی وڵاتانی زلهێزی ناوچەکەیە کە بە سیاستی دژە ئینسانی خۆیان ئەم وڵاتەیان و چارەنوسی دانیشتوانەکەیان بەم رۆژە گەیاند.