راگەیاندنی سکرتاریەتی کۆمەڵە بە بۆنەی مەرگی دایکی سێ تێكۆشەری گیانبەختكردووی كۆمەڵە

دایە فەراسەت یەکێک لەو دایکە خۆڕاگرانەی شاری سنە بوو کە سێ جگەرگۆشەی لە نێو ریزەکانی کۆمەڵە گیانیان بەختکرد و ئەویش وەک هەزاران دایکی جەرگ سووتاوی کوردستان، خەم وئازاری لەدەستدانی جگەرگۆشەکانی کردە بوورکانی قین و نەفرەت بەڕووی داگیرکەراندا.
جێ ئاماژەیە کە هاورێیان پرشنگ، پەروین و نەسرین سێ کچی ڕچەشکێن و لە هەمانکاتدا لە یەک بنەماڵە بوون کە روویان کردە شۆڕش و تا کاتی گیانبەختکردنیان وەکوو پێشمەرگەی کۆمەڵە لە شۆڕش دژ بە داگێرکەران و کۆنەپەرستان بەردەوام بوون و دیارە کە سیمای بزووتنەوەکە بە وەها بنەماڵەگەلێکەوە بەرەو سیمایەکی یەکسانیخواز و مودێرن گەشەی کرد.
ئێمە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس وکاری دایە فەراسەت و هەموو خەڵکی شاری سنەی سەربەرز دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین..
یاد و ناوی ئازیزی دایە فەراسەت جەعفەر قشلاقی بە زیندویی دەمێنێتەوە.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی
١٤ی سێپتامبری ٢٠٢٤ی زایینی