راپۆرتێک سەبارەت بە بارودۆخی کرێکاران لە ئێران و کوردستان بە بۆنەی ١ی مەی.
سەیران مستەفازادە
رۆژی جیھانی کرێکار کە رێکەوتە لە گەڵ ١ی مەی و رۆژی هاو پێوندەی هەموو کرێکاران لە چوارچێوەی جیهان دەناسرێت .هەموو حیزبەکانی چەپ و ئانارشیست و سۆسیالیستی بە تایبەت سەندیکای کرێکاران لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، بۆ رێز گرتن لەو رۆژە دێن بۆ سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان دەکەن . رۆژی ۱ی مەی یادمانی خۆپیشاندانی یەکگرتووی کرێکاران لە ئەمریکا کە بۆ یەکەم جار لە رۆژی یەکی مەی ساڵی۱۸۸۶ ی زایینی بانگهێشتی مانگرتنی گشتییان دا و داواکاریان ئەوە بوو کە رۆژانە ۸ کاتژمێر کار بکەن و ۱۴ کاتژمێر کار بۆ کرێکاران زۆرە . دەیان ساڵە کە بۆ رێز گرتن لەو رۆژە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، جگە لە ئەمریکا و کانادا رێوڕەسمی تایبەت و هەوڵ بۆ لە ناوبردنی چەوسانەوە، باش بوونی هەلوومەرجی کار کردن و ناڕەزایەتی بە سەرمایەداری بەڕێوەدەچێت.بەڵام رۆژی کرێکار لە ئێران، وەک رۆژێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی چینی کرێکار بەڕێوە دەچێت .کرێکاران لە ئێران مافی پێکهێنانی سەندیکای کرێکاریی سەربەخۆیان نیە و دەزگاکانی دادوەریی و ئەمنیەتی بەردەوام لە گەڵ چالاکانی کرێکاری رووبەڕوو دەبنەوە و لە ساڵانی رابردوودا زۆربەی چالاکانی کرێکاری دەستبەسەر و حوکمی زیندانی و تەنانەت شێلاقیان بەسەردا سپاوە و لە ژێر ئەشکەنجە دا بوون و کەسانێکی وەک «سەتار بەهەشتی» چالاکی کرێکاری کە بە هۆی نووسینی بابەتێکی رەخنەگرانە سەبارەت بە بارودۆخی کرێکاران لە تویتەری خۆی دا دەستبەسەر کرا و لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزەکانی ئەمنیەتی گیانی لەدەستدا و ناڕەزایەتی کرێکاران سەبارەت بە بارودۆخی خراپی ئابووری خۆیان دەچێتە قۆناغێکی ئەمنیەتی . لە ساڵی رابردوو دا نزیک بە ۱۸ چالاکی کرێکاری لە ئێران دەستبەسەرکراون.
بارودۆخی کرێکاران لە ئێران زۆر خراپە و ۱۴ ملیۆن کرێکار لە ئێران تەنیا بۆ بژێوی ژیانیان و ئەوەی کە لە برسیەتی نەمرن کار دەکەن .بە پێی ئامارەکان لە سەدا ۴۰ی خەڵکی ئێران کرێکارن و لە سەدا ۹۶ی ئەو کرێکارانە گرێبەستی کاتی یان هەیە کە زۆربەی ئەو گرێبەستانە لە کۆتاییدا دەبێتە ھۆی بێ کاریی ئەو کرێکارانە و بە پێی ویستی خاوەن کار، کرێکار کار دەکات. پاڕلمانی ئێران هەقدەستی کرێکارانی لە سەدا ۳۰ زیاد کرد و هەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ۱۴۰۰ی هەتاویی نزیک بە دوو ملیۆن و ۶۵۰ هەزار تەمەنە کە ئەو هەقدەستە لە گەڵ سفرەی ژیانی کرێکاران هاوئاهەنگ نییە و هێڵی هەژاریی لە ئێران لانیکەم ۸ ملیۆن تمەنە و نرخی هەڵاوسان لە سەدا ۵۰ و رۆژ بە دوای رۆژ دا، مەودایەکی زۆر لە نێوان هەقەدەست و خەرجی ژیان ساز دەبێت. لە ئێران نزیک بە ۷ ملیۆن و نیو کرێکار هەیە کە نە بیمەی کاری یان هەیە و نە مافی خانەنشینیان هەیە .بە بڕوای کرێکاران کێشەی سەرەکی، بوونی سیاسەتمدارانی درۆزن و گەندەڵی زۆربەی بەرپرسانی حکومەت بۆتە هۆی بارودۆخی خراپی کرێکاران لە ئێران. تەنیا داواکاریی کرێکاران ئەمنیەتی کار، بیمە، خانەنشینی و ۸ سەعات کار لە رۆژدا و بەرابەریی حەقەدەست لە گەڵ ئەو کارەی کە ئەنجامی دەدەن . کەمتەرخەمی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران سەبارەت بە بارودۆخی کرێکاران بووە بە هۆی ئەوەی کە کرێکاران لە رۆژی یەکی مەی خۆپیشاندان بکەن و ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بە بارودۆخی ئابووری خۆیان دەربڕن و بە دروشمی نان، کار،ئازادی ناڕەزایەتی خۆیان دژ بە حکوومەتی ئێران نیشان دا. بارودۆخی کرێکاران لە کوردستان بە هۆی سیاسەتەکان و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆرۆنا رۆژ لەگەل رۆژ خراپتر بووە . کوردستان چون لە لایەن کۆماری ئیسلامی داگیر کراوە و سیاسەتەکانی حکوومەت لە کوردستان دوو جەمسەرییە و حکوومەت خەڵکی کوردستان بە شارومەندی پلە دوو ئەژمار دەکات و ژێرخانی ئابووری کوردستان داڕماوە، هەر بۆیە باروودۆخی کرێکاران لە کوردستان بە بەراورد لە گەڵ باروودۆخی کرێکاران لە بەشەکانی جۆراوجۆری ئێران زۆر خراپترە.بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوندەی ئامار و رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ۱ ی مەی ۲۰۲۰ تا ۱ی مەی ۲۰۲۱ لانیکەم ۷۱۲حاڵەتی پێشێلکاریی مافەکانی کرێکاران لە کوردستان تۆمار کراوە کە گیان لە دەستدانی ۶۸ کرێکار،جووتیار و چێوار بە هۆی تەقینەوەی مین، کوژران و برینداربوونی ۲۵۵ کۆڵبەر و کاسبکار، دەستبەسەرکرانی ۱۸ چالاکی کرێکاری و کۆڵبەر، هەروەها دەرکرانی ۲۵۴ کرێکار لە کارەکانیان لە خۆ دەگرێت.لەو ماوەیەدا لانیکەم ۵ کەسی ژێر ۱۸ ساڵ گیانیان لە دەست داوە کە یەکێکیان بە هۆی رووداوی کار و ۴ کەسیان لە کاتی کۆڵبەریی گیانیان لە دەست داوە .حکومەتی ئێران هیچ سیاسەتێکی بۆ پشتیوانی خەڵک لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بە تایبەت بۆ کرێکاران نەبوو و ئەمنیەتی کار زۆر کەمتر بووە و زۆر کرێکار کە کاری کاتییان هەبوو،کاری خۆیان لە دەست داوە.