دەرهاویشتەکانی توندوتیژی…!

سازدانی سەیران مستەفازادە

باوە کە دەڵێن لە ھەر شوێنێک ژن بوونی هەبێ ، ئەوە لەو شوێنە جا گرنگ نیە لە ماڵ بێ یان خۆ لە دەرەوەی،توندوتیژی هەیە و بە شێوازی جۆراوجۆر ڕەچاو دەکرێ. توندوتیژییەکان بە شێوەی گشتی سنووریان نییە و بە شێوەی نەهێنی بێ یان خۆ ئاشکرا بە کردەوە دەردێن. توندوتیژی دژی ژنان هەموو سنوورەکانی ناوتە پشت سەر. هەر لە چکۆڵەترین ئاواییەوە بگرە تا گەورەترین شارو ناوچەکان، ژنان دەکەونە بەر توندوتیژی پیاوانەوە. توندوتیژی دژی ژنان، دیاردەیەکی جیھانییە و لەهەموو توێژ و نەتەوە جۆراوجۆرەکاندا بەرچاو دەکەوێ بە کۆمەڵگە دواکەوتوو پێشکەوتەکانیشەوە. دیاردەی توندوتیژی کۆمەڵێک تایبەتمەندی کلتوری و کۆمەڵایەتی وسیاسی و ئابوری لە پشتە. کەواتە بەم پێناسەوە دەتوانین بڵێن ژنان لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دا لە لایەن باوک، برا، ھاوسەر، کەس و کاری نزیک وەک خاڵو ومامە و تەنانەت ئاموزا و خاڵوزاش بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە. توندوتیژی دژی ژنان جگە لەوەی کە کاریگەری نێگەتیڤ درێژخایانی دەبێ لەسەر ژن وەک تاک، ڕۆڵی نێگەتیڤیشی دەبێ لەسەر تەندروستی خێزان و بە تایبەت کۆمەڵگە،دەرەنجامەکەشی دەبێتە بچرانی شیرازەی خێزان و کۆمەڵەگەش تا رادەیەکی زۆر بێ خەسار نابێ . ئێمە بۆ لێکۆلینەوە لەسەر ئەم چەمک و پێشهات و رۆڵە نێگەتیڤانە کە هەموویان دەرەنجامی توندوتیژی دژی نیوەکەی تری کۆمەڵ واتا ژنان، چەن پرسیارمان ئاراستەی خاتوو شەیدا مەعرووف چالاکی بواری ژنان و سەرپەرشتیاری رێکخراوی ژنانی زەحمەتکێشانی کوردستان کردوە کە ئەویش بەمجۆرە لەگەڵمان دوا…

خاتوو شەیدا لە وەڵامی پرسیاری یەکەماندا دەڵێ توندوتیژی ئەوکردەوە قێزەونە نەخوازراوەیە کە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی دەکرێت وبەکردەوە خۆی نیشاندەدات و بەبەردەوامیقوربانی لەدوای خوێدا بە جێدێلێ. بێگومان توندوتیژی چەمکی جیاوازی هەیە بۆیە ناکرێت لەیەک شێوازداکۆبکرێتەوە.

هەرکارێک لەسەر مرۆڤایەتی قورسایی خۆی دابنێ و ببێتە مایەی ئازاردانی،لە خانەی توندوتیژیدا خۆی دەبینێتەوە.

جۆرەکانی  توندوتیژی ئەوەی کە بە گشتی بە کردەوە دەردێن و لای هەموان ناسراون بریتین لە( توندوتیژی جەستەیی،فیکری،ئابوری، سێکسی ، پێشێل کردنی ماف بە هەموو شێوەیەک) ئەمانە هەموو جۆرێکە لەو توندوتیژیانەی کە لە کۆمەڵگادا بەرچاو دەکەون و دەبێ کار بۆ لە ناو جوونیان بکرێ . ئەم توندو تیژیانە ئاسەواری خراب وکارەساتبار لە سەر مرۆڤەکان دادەنێت کە بە گشتی لە درێژ ماوەدا روڵی خراپ و نێگەتیڤیان دەبێ.

هۆکارەکانی توندوتیژی چین و چەند شێوازی توند و تیژیمان هەیە؟ 

وەک پێشتر باسم کرد جۆری هەیە. بۆیە لەم روانگەیەوەدەکرێت هۆکارەکان بگێڕینەوە سەر ئاستی کەم تێگەیشتن، یاخود ناهۆشیاری تاک یان پەروەردەی خراپ .چونکە پەروەردە بەشێکی گرنگە بۆ هەرتاکێک لە کۆمەڵگەدا.کۆمەڵگاو خێزان گۆشکراوێک لەیەکەن . کەواتە پەروەردەی دروست دەتوانێ هەم ژێرخانی کۆمەڵگایەکی باش بنێتە سەر یەک و هەم خێزانێکی تێگەیشتوو کە دەتوانێ رۆلی گرنگی لە پێگەیاندنی رۆڵەکانی ئەم کۆمەڵگایەدا هەبێ بە ژن و پیاوەوە .ئاین و داب و نەریت لەهەموو کۆمەڵگەکاندا بە پێشکەوتن و ناپێشکەوتنەوە هۆکارن بۆ دروست  بوونی توندوتیژی.

توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان چ کاریگەرێک لە بواری  ئابوری و دەرونی  و کۆمەڵایتییەوە لە سەر ژن دادەنێ؟ 

بەجۆرێک کاریگەەی دروست دەکات کە هیچ رەهدندێک ناتوانێت گوزارشتی لێبکات. ژنان دەبێ لە هەموو بوارەکان بە تایبەتی لە بواری سەربەخۆبن . سەربەخۆبوونی ژنان لەمبوارەدا ئاستی توندوتێژییەکان دێنێتە خوارێ. بۆیەئێمەی ژنانی چالاکی ئەم بوارە لە نێو کۆمەڵگا کاتێک داوای ئابوری سەر بەخۆ دەکەین لەبەر ئەوەیە کە ژن تووشی توندو تیژی نەبێت و بە تەواوەتی سەربەخۆیی ماڵی هەبێ.

کاتێک مێینە ڕوبەڕوی توندوتیژیەکان دە بێت بەتایبەت توندوتیژیدەرونی، ناتوانێت وەک پێویست تاک پەروەردە بکات بەخواستی مرۆڤایەتی.

ئەم هۆکارە زیاتر کۆمەلگا دادەروخێنێ چونکە ژن بناغەو بنیاتنەری کۆمەلگایە.

خاتوو شەیدا لەسەر توندوتیژی لەسەر ژنان لە نێو بنەماڵە خێزاندارو کاریگەرییەکانی لەسەر مناڵ بەم شێوەیە بۆمان دوا…

بەگشتی ئەم شێوە لە توندوتیژی کاردانەوەی خراپی دەبێ لەسەر مناڵ ، لەدرێژ ماوەدا مناڵ وەک مرۆڤێکی پڕلە قین و توندئاژۆ بار دێنێ کە ئەمە خۆی شێوەیەک لە قوربانی کردنی خێزانە بۆ خوڵقاندنی کارەساتی زیاتر لە دوارۆدا و لە کۆمەڵیشدائەم شێوازە رەچاودەکڕێ بۆ دووبارە بوونەوەی.

بۆ چی بەس باس لە سەر توندوتیژی ژنان دەکریت وکەمتر باس لە سەر توندوتیژی پیاو دەکریت لە کاتێکدا توندوتیژی بەرامبەر بە پیاوش هەیە؟

راستە پیاوانیش توندوتیژیان بەرانبەر دەکرێت بەڵام ڕێژە زیاترە کەی لەسەر ژنانە هەمیشە لەهەموو کاردانەوەکانی ژنان بەشی زۆریان بەردەکەوێ

گرفت ئەوەیە کە پیاوێک (هاوسەر،کوور،باوک یان خۆ برا)کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت،بەووشەیەکیش بێت هەردەگەرێتەوە سەر ژن چونکە بەکار هێنانی ووشەی نەشیاو بەرامبەریان ڕوو لە ژن دەکرێت . ئەمەش وادەکات ژنان ببنە بەکرداری توندوتیژی.

ئەرک و کاری رێکخراوەکانی مافی ژنان سەبارەت بە بارودۆخی ژنان لە، کۆمڵگای وەک ئێران و باشوری کوردستان چیە؟

ئەرکیان کەمکردنەوەو نەهێشتنی توندوتیژییەوە وە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار بکرێت کە پێداچونەوە بە یاسای توندوتیژی بکرێت و هەوڵ بدرێت کە یاسایەکی قورس دابندرێ بۆ بەرپرچدانەوەی هەموو شێوەکانی توندوتیژی دژی ژنان و کچان. نابێ توندوتیژی هەبێ و هەموومان پێکەوە دەبێ کار بۆ نەمانی بکەین.

پێدانی هۆشیاری لەسەر مافی خۆو و ڕێنمایی کردنیان لەکاتی ڕودانی گرفتدا دەتوانێ ئاستی کارەساتەکان بێنێتە خوارێ و بەروەو کۆمەڵگایەکی شیاوی ئینسانی بە دوور لە هەموو شێوازەکانی ئازاردانی تاکەکان برۆین…

بە هیوای ئەو رۆژە…