دیداری نێوان کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران!

ڕۆژی شەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی شاندێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە پێکهاتبوون لە: بەڕێز ڕەزا کەعبی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە، نەوید مێهراوەر و ئەمجەد حوسێن پەناهی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، نیما بەنی بەشەر ئەندامی کومیتەی ناوەندی و کاروان ئێوەر ئەندامی جێگری کومیتەی ناوەندی، بە مەبەستی جەختکردنەوە لە سەر هاوکاریی و هاوخەباتی دژ بە ڕژیمی داگیرکەری ئێران و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها ڕاگۆڕینەوە سەربارەت بە پرسە پێوەندیدارەکان بە  شۆڕشی کوردستان، سەردانی سەرکردایەتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن شاندی خانەخوێەوە کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان: کاک بابەشێخ حوسەینی، بەختیار عەزیزی، شۆڕش حاجی، ئەفسانە ڕەحیمی، ئاکۆ زالییە و ماردین زاهدی، پێشوازییان لێکرا.

لەم دیدارەدا بارودۆخی ناوچەکە و مەترسییەکانی سەر بزووتنەوەی کوردستان و پرژوبڵاوی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خرایە بەرباس و تاوتوێ کران.

سەرەنجام دوو لایەن هاوڕابوون و بەڵێنیان دا وەک دوو لایەنی کوردستانیی تێبکۆشن بۆ هەموارکردنی ڕێگەی کاری هاوبەشی دوو لایەنە و سەرەنجام هەوڵدان بۆ هاودەنگی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە سەر چەند خاڵ ڕێکەوتن؛

یەکەم: هاوکاریی ئەمنیەتی لە نێوان هەر دوولایەن و هاوکار بوون لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کوردستانی.

دووهەم: هاودەنگیی بۆ پاراستنی بارودۆخی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور.

سێهەم: کاری هاوبەش بۆ رێکخستنیی هاوکاری لە نێوان حیزبە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا پێکهێنانی فونکسیونێک بۆ نوێنەرایەتی هەموو حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.