داسەپاندنی حوکمی زیندان بەسەر مینا سۆڵتانی دایکی شەهریار محەممدی،لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

مینا سوڵتانی، دایکی شەهریار محەممەدی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری بۆکان، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” و ڕەچاونەکردنی “حیجابی شەرعی”، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ئەمشارە، بە ٨ مانگ زیندان و یەک میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کراوە.
بە پێی وتەکانی میلاد محەممەدی برای شەهریار محەممەدی : ئەو حوکمە بە شێوەی زارەکیی بە دایکی ڕاگەیەندراوە و هەروەها کۆبوونەوەی دادگا بەبێ ئامادە بوونی پارێزەرەکەی بەڕێوەچووە و تەنانەت دەرفەتی داکۆکیی لە خۆی نەبووە.کۆبوونەوەی دادگای پێ ڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم دایکە مافخوازە، لە ڕێکەوتی ۲۷ی ڕێبەندان، لە لقی ۱۰۱ی دادگای تاوانەکانی دووی شاری بۆکان بەڕێوەچوو بوو. ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵەکەی ناوبراویان دەستبەسەر کرد و لە کۆتاییدا ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕەزبەر ١٤٠٣، پاش ٢١ ڕۆژ دەستبەسەرکران و لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کرابوو.