✍چیمەن جەوانڕوودی

خۆکوژی دیاردەیەکە کە مێژووەکەی  ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی کۆنی ژیانی شارستانیەتی بەشەر، هەرچەن ئەم کارە لەڕێگای خودی کەسەکە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە ڕاستیدا دژکردەوەیەکە بەرامبەر بە کێشە کۆمەڵایەتیەکان و گرێدراوی ژیانی کۆمەڵایەتییە.

ئەوەی بەرامبەر بەم کارە جێ باسە ئەوەیە کە خۆکوژی دیاردەیەکە کە قەد بە تەواوەتی بنەبڕ ناکرێ و ڕێژەی خۆکوژی ناگات بە سفر و هەموو کات چەن دەرسەدێک دەمێننەوە، بەڵام بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوژی لە هەر دەورەیەکی مێژوویی یان شوێنێکی تایبەت دەبێ سەرنجی بدرێتێ و هۆکارەکان و ڕەگەکانی بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بەر بە کارەساتەکە بگیرێ و ئاسەوارە خراپەکانی بسڕێتەوە.

بۆ بەرگری لە بڵاوبوونە و کەم کردنەوەی ڕێژەی خۆکوژی هەڵوێستێکی جیددی پێویستە، خۆکوژی تایبەت بە کۆمەڵگایک یان خۆ وڵاتێک نییە بەڵکوو لە هەموو جیهان بە شێوازهایکی جۆراوجۆر ئەبینرێت و لە دە هۆکاری سەرەکیی مردنی مرۆڤ لە هەموو وڵاتانی جیهاندایە.

خۆکوژی و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی ئینسانەکان ئەوڕۆکە بووەتە هۆکاری گرفتی گەورە و خەسارهایێکی قەرەبوو نەکراوی لە بەدەنەی کۆمەڵگای داوە. هۆکارەکانی خۆکوژی لە پێنج دەستەدا پێناسە دەکرێن.

یەکم: کەسایەتی و ئەزموون و ژیانی سەردەمی منداڵی کە دەتوانێ هەڵگری تراوما و خەساری دەروونیی جۆراوجۆر بێ کە لە مرۆڤدا دەمێنێتەوە بۆ نموونە: لەدەسدانی دایک و باب یان کەسانی نزیکی ناو خانەوادە، تووشبوون بە توندوتیژی یان دەسدرێژیکرانەسەری منداڵ لە ناو خێزان یان دەرەوە، پەراوێز کەوتنی منداڵان و بێبەشی لە خۆشەویستی و گرینگیپێدرانی پێویست لە سەردەمی منداڵیدا،   شێوازی خراپی پەروەردە کە دەبێتە هۆی خۆ بەکەم زانین و ڕەشبینی بەرانبەر بە خۆ،  تەریکخرانەوە و هەست بە گرینگ نەبوون و بێبایەخی و هتد

دووهەم: هۆکارە فەرهەنگییەکان و کاریگەریی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی گشتی و لاپەڕە و سایتە کۆمەڵایەتییەکان و باوەڕە ئایینیەکان

سێهەم: دابڕان لە کۆمەڵگای پێشوو و یەک نەگرتن لەگەڵ کۆمەڵگای نوێ

چوارەم باری ئابووری، نەداری و نەخۆشین

پێنجەم گۆڕانی شوێنی ژیان لە ئاکامی پێشکەوتنی پیشەسازی و ڕۆشتن بۆ شارەکان و بێهیواییەک کە لە بەر نەبوونی خوێندەواری و شارەزایی، تاکەکان لە بەهرەمەند بوون لە ئیمکانات بێبەش دەکا و کەسەکان بە تاک دەخاتەوە

لە خەسار ناسی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا دەتوانێ دوو چت سەرەنج ڕاکێش بێت یەکم هۆکارە ڕێخۆشکەرەکان دووهەم هۆکارە ئاشکراکەرەوەکان. هۆکارە ڕێخۆشکەرەکان ئەوانەن کە لە کاتی خۆ کوشتن کەس هان دەدات بۆ خۆکوژی. لە لێکۆڵینەکان زۆرتر بە هۆکارە ئاشکراکەرەوەکان گرینگی دەدرێت و هۆکارە ڕێ خۆشکەرەکان کەمتر دەبینرێت. هۆکارە ڕێ خۆشکەرەکان لە خودی شەخس بوونی هەیە و لە ڕێگای ژێن بەو کەسە ئنتقاڵ دەدرێت، لە نەوعی پەروەردە هۆکارە ڕوون کەرەوەکان، ڕووداوهایێک کە ئەگەری پێش هاتنی لە ژیانی شەخس دا هەیە وەکوو جیا بوونەوە و مردنی کەسە خۆشەویستەکان، کێشەهایێکی زۆری بنەماڵەیی، شکست لە کار و خوێندن و گوشارهایێکی دەروونی زۆر. کاتێک ئەو هۆکارانە لە شەخسدا هەبێت ئەنجامی خراپیان بەدواوە دەبێ. هەرچەندە ئەو هۆکارانە زۆرتر بن مەترسیدارتر و ڕووخێنەرترن.