حیزبەکان و پرسی پێکهێنانی ستراتژی یا گوتاری هاوبەش

پەرویز ڕەحیمزادە
بەشی یەکەم

ئەم نووسینە بە کورتی دەپەرژێتە سەر بابەتێکی گرینگی ئەم رۆژانە کە لە ئەنجامی گۆڕانکاریەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتوونەتە ئاراوەو بەمشێوە کورد و حیزبەکانی بەرەو ئەو پرسیارە کردۆتەوە، کە ئایا پاش دەیان ساڵ ئەزموونکردنی نەبوونی یەک ستراتژی هاوبەش لە نێوان حیزبەکانی کوردستان چیدی کاتی ئەوە هاتووە کە بە هەست بە بەرپرسایەتی و دووربینی لە بابەت داهاتووی بزووتنەوە بتوانن خۆیان لە نێو بەرەیەکی بەرین و یەکگرتوو وێنا بکەن؟

گرفت و لەمپەرەکان چین و ئایا لە بنەڕەتتدا دەبێ گوتارێکی هاوبەش لە نێوانیاندا پێک بێت، یان تەنیا بوونی جۆرێک هاوکاریی لەم قۆناغەدا دەتوانێ وەڵامێکی کورت بەم پێویستیە بداتەوە دواتر هەر لایەنە بڕوات بە شوێن خولیا سەرتاسەریەکانیەوە؟ 

ستراتژی چ واتایەکی هەیەو ئایا حیزبەکان دەتوانن وێڕای جیاوازیەکانیان لە بەرنامەو رێباز، بگەنە ئاستی ستراتژیەکی هاوبەش؟ 

بە کورتی پێکهێنانی هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد لە ساڵی 1358ی هەتاویی وێڕای ئەوەی لە چەند قۆناغدا لایەنگەلێک هەبوون کە لەسەر بنەمای خوێندنەوەیەکی نالۆژیکی هەوڵیان دەدا بە تاک داخوازیەکانی خەڵکی کورد لەو سەردەمەدا فۆرموولە بکەن، بەڵام لە خۆیدا و بۆ ماوەیەک ئەزموونێکی سەرکەوتوو بوو کە توانی وێڕای داڕشتنی چەند خاڵێک لەمەڕ خواستەکانی گەلی کورد، کاربەدەستانی رژیمی داگیرکەری بەدەسەڵات گەیشتووی ئێرانی ناچار بکات چەندین جار بۆ وتووێژ بێنە کوردستان و لەگەڵ ئەو هەیئەتە بکەونە دیالۆگ. ئەگەرچی رژیم ئەو قۆناغەی وەک پیلانێک بەکار دەهێناو کاتی دەسەندەوە بۆ خۆڕێخستن بە مەبەستی هێرش و پەلامار، بەڵام لەهەرحاڵ لە کوردستان ناوەندێک پێکهاتبوو کە لایەنەکان وێڕای جیاوازیەکانیان لە دەوری یەکتر دەکەوتنە قسەوباس و ڕاگۆڕینەوە لەسەر داهاتووی پرسەکانی کوردستان و داهاتووەکەی. ئەم هەوڵە لە هەمانکاتدا کە مۆدێلێک لە پلۆرالیسمی سیاسی بەدی دەهێنا هاوکات ئەمنیەت و ئارامیەکی کۆمەڵایەتیشی بەرهەم دەهێنا کە کۆمەڵگەیەکی ڕوو لە پێشکەوتن و هەنگاونان بەرەو قبووڵی دێمۆکراسیەک بوو، کە لانیکەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم ئەزموونکراوە. 

هیچ کەس و تاک و لایەنێک نیە لەمبارەوە یەکگرتوویی بە کارێکی باش نەزانێ و هەستی بەوە نەکردبێت کە پێکەوبوونمان چ هێزێکی لەبن نەهاتووە لە دژی ئەو دوژمنەی تا ئێستاش بوونی هەیە و لە داهاتوودا کاریگەری لەسەر سەرجەمی ڕەوتی مێژووی ئەم بزووتنەوە دادەنێ. ئەوەی پێشتر ئەزموونمان کرد قۆناغێک یەکگرتوویی بوو کە لانیکەم دەسکەوتی کورتماوەی بە دوای خۆیدا هێنا و بەرهەمەکەشی دەرکەوت کە لەو جێگەی توانراوە نوێنەرایەتیەکی هاوبەش پێک بهێنرێت دوژمن پاشەکشەی کردووە، بەڵام هاوکات ئەو ئەزموونەی کە هەرکام لە حیزبەکانی بەرەو بەشداریی لە پێکهێنانی بەرەیەک لە دەرەوەی کوردستان پاڵ پێوەناوە، بوو بە گەورەترین شکست و مایەپووچی هەم بۆ ئەو حیزبەی بەو رێگەدا رۆیشت و هەمیش بۆ کورد کە هیچ دەسکەوتێکی بۆ مسۆگەر نەکرا. 

ستراتژی بریتیە لەو ئامانج و وێستگەی کە گەل، حیزب یا رەوت و رێکخراوەیەکی سیاسی یا مەدەنی بۆ خۆی دیاری دەکات و پلانەکانی بەو پێیە رێکدەخات. بە پێی ئەو خوێندنەوەی تا ئەم کاتە لە حیزبەکان لە کوردستان دەبینرێت ئەوەیە کە هەر حیزبە دوو ئامانج یا ستراتژی هەیە واتە هەر حیزبە جیا لەوەی ستراتژیەکی لە بەرنامەی خۆیدا هەیەو بەو پێیە ئامانجی دواڕۆژی خۆی لە کوردستان دەباتە پێشەوە، لە هەمانکاتتدا لە دەرەوەی کوردستانیش بۆ ئەوەی ستراتژیەکەی لە کوردستان بەرەوپێش ببات بە شوێن هاوکار و هاوپڕۆژەیەکدا دەگەڕێت کە ستراتژی یەکەمی خۆی لە کوردستان بەهیز بکات. بەڵام ئەوەی لە پلانی حیزبدا لە ئێستادا بوونی نیە هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە یەک ستراتژی یەکگرتوو کە سەرجەمی حیزبەکان لە دەورەی ئەو ئاڵقەیە کۆبکاتەوە و ئاراستەیان بکات بۆ دوایین پلان.

لە راستیدا ئەگەرچی بزووتنەوەی کوردستان لە قووڵایی ناخی تاکی کورد و لە رەوتی مێژوویی خۆیدا شۆڕشێکی رزگاریخوازانە بووە و لە پێناو پێکهێنانی کیانێکی سەربەخۆ خەباتی کردووە و ئەمە یەکێک لە ئاواتە لە مێژینەکانی گەلی کوردستان بووە، بەڵام لەو شوێنەی حیزبی سیاسی دێتە مەیدان کە خاوەن ئایدۆلۆژی دیاریکراوی خۆیەتی، ئاراستەی بزووتنەوەکە بەو رێبازەدا دەبات کە لەگەڵ روانگەی ئەو بگونجێت، وە لەم پێناوەشدا هەموو هزر و روانگەو هەستی بەشداربووانی ئەو رێبازە دەخاتە خزمەت ئەو سیاسەتە. 

یەکێک لە گەورەترین کێشەو ئاڵۆزی ڕوانینی حیزب بۆ بزووتنەوە لە کوردستان ئەوەیە کە سەرجەمی حیزبەکان بۆ شکست پێهێنانی یەکتر هەوڵیانداوەو ئێستاش هەوڵدەدەن کە بە پێکهێنانی هاوپەیمانانی سەرتاسەریی لە ئێران خۆیان لە ئاڵقەی بزووتنەوەی سەرتاسەریدا پێناسە بکەن و بەم پێیە بە کەڵک وەرگرتن لە پێگەی سەرتاسەریی، ئایدۆلۆژی حیزبی خۆیان لە کوردستان بەرەوپێش ببەن. لێرەدا ئەگەر گۆڕانەکان بە ئاراستەی خوێندنەوەی حیزبی دیاریکراو بچێتە پێشەوەو هاوپەیمانەکەی ئەو توانی لە ئاستی سەرتاسەریدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و جڵەوی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت ئەوە راستە کە لە بواری ئایدۆلۆژی بە قازانجی حیزبی دیاریکراو کە خاوەنی هەمان ئایدۆلۆژیە دەشکێتەوە، بەڵام لەم کاتەدا و لە وێنایەکی گەورەتردا ئەوەی زەرەرمەندی سەرەکیە ئەو وڵاتەیە (کوردستان) کە سەرلەنوێ هەم پێگەی خەڵکەکەی دەبێتەوە پێگەی پەراوێز و هەمیش بە دیاریکراوی کوردستان وەک خۆی ناتوانێت پێگەی کاراکتەرێکی سەربەخۆی هەبێت و سیستەم و نەزمی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆی دابڕێژێت، بەڵکوو دەبێتە بەشێک لە جەستەیەکی گەورەتر بە ناوی “ئێران” لە پێناو سەرلەنوێ “پاراستنی یەکگرتوویی سەرزەمینی” کە بۆ ئەم مەبەستەش نموونەی زیندووی وا لەبەرچاوە. 

گەیشتن بە ستراتژیەکی هاوبەش بۆ پرسی کوردستان لە راستیدا لە نێو سەرلەنوێ خوێندنەوەیەکی نوێ لە سەر ئەو مێژووەی تێپەڕبووە دەکرێت، وەگەرنا هەوڵەکان بەرهەمێکی ئەوتۆی نابێت و بەم پێیە ئەوەی ئەزموون دەکرێتەوە گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر و سەرلەنوێ بە فیڕۆدانی زەرفیەتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەو رزگاریخوازانەی کوردستانە لە پێناو درووستکردنی ئێرانێ کە سەدان ساڵە جیا لە سەپاندنی ستەم و دیکتاتۆڕیی هیچ قازانجێکی بۆ کوردستان نەبووە، بەڵکوو پێچەوانە وەک داگیرکەرێکی تاڵانکەر. 

درێژەی هەیە …