تەوژمی سڕینەوە و مانیفێستی مانەوە: خوێندنەوەیەک بۆ شەڕی هێماکان لە کوردستان
بێگەرد ساڵح
لە مێژووی ململانێی نەتەوەکاندا، “سیمبول” تەنها ئاماژەیەکی بێ رۆح نییە، بەڵکو چڕبوونەوەی ناسنامە و یادەوەرییەکی زیندووە کە داگیرکەران وەک هەڕەشەیەکی ستراتیژی سەیری دەکەن. کاتێک جەستەی پەیکەرێک یان شکۆی تێکۆشەرێک دەکرێتە ئامانج، ئەوە جەنگێکی ڕانەگەیەندراوە لە دژی “ئیرادەی گشتی” و هەوڵێکە بۆ دابڕانی نەوەی نوێ لە ڕەگ و ڕابردووی خۆی. ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای نیشتمان ڕوو دەدەن، تەنها ڕووداوی پچڕ پچڕ نین، بەڵکو زنجیرەیەک نیشانەی ڕوونن کە پێمان دەڵێن چەمکی “ئەویتر” لە عەقڵییەتی شۆڤێنیدا هێشتا وەک مەترسییەک بۆ سەر هەژموونە کۆنەکان دەبینرێت، ئەمەش وا دەخوازێت کە کورد لە ئاستی هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەییدا، خوێندنەوەیەکی قووڵتر بۆ دۆست و دوژمنەکانی بکات.
لەم رۆژانەدا لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکاندا وێنە و فیلمگەلێک بڵاودەبێتەوە کە دڵی هەموو کوردێکی ئازادیخواز ئازار دەدا. رووداوەکانی رۆژئاوا، رۆژهەڵات، زۆڵم و زۆری داگیرکەران، بێرێزی لە لایەن لایەنگرانی کوڕی شا و کاڵفامانەوە کە بە کورد دەکرێ و لەم دوایانەیش ڕووخانی پەیکەری ئەو ژنە شەڕڤانە، گوزارشت لە ستراتیژێکی قووڵ دەکەن بۆ سڕینەوەی ناسنامەی سیاسی و مێژوویی نەتەوەیەک کە چەندین سەدەیە لە پێناو ئازادیدا قوربانی دەدات.
دیمەنی ڕووخاندنی پەیکەرەی ژنە شەڕڤانەکە، دڵی هەر کوردێکی ئازادیخواز پڕ دەکا لە کڵپەیەک کە تێکەڵەیەکە لە تووڕەیی و خەم. ئەمە تەنها ڕووخانی پارچە بەردێک نییە؛ ئەمە هەوڵێکە بۆ شکاندنی شکۆی نەتەوەیەک کە لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی داگیرکراودا.
ئەو پەیکەرە تەنها ماکێتێکی بێگیان لە بەرد و کانزا نەبوو؛ بەڵکوو سیمبولێکی مێژوویی بوو کە گوزارشتی لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی و ڕزگاریخوازیی ژنی کورد دەکرد. ڕووخاندنی ئەم پەیکەرە، هەوڵێکە بۆ “تێرۆری مەعنەوی” و سڕینەوەی ئەو سەروەرییانەی کە بە خوێنی هەزاران گەنج بەدەست هاتوون. داگیرکەران باش دەزانن کە بۆ شکاندنی گەلێک، دەبێت سەرەتا سیمبولەکانی بەرگری و شکۆمەندیی ئەو گەلە بڕوخێنن. ئەو پەیکەرە ڕۆحی ئەو کچ و کوڕانە بوو کە لە ناو ئاگری شەڕدا بوونە قەڵغان؛ دڵی ئەو دایکانە بوو کە جگە لە خاک، هیچ شکۆیەکی تریان شک نەدەبرد بۆ ئەوەی رۆڵەکانیانی بۆ فیدا بکەن. کاتێک داگیرکەر پەیکەرێک دەڕوخێنێت، مەبەستی شکاندنی بەردەکە نییە، بەڵکوو دەیەوێت ئەو ئیرادە پۆڵاینە بشکێنێت کە دەڵێت: “کورد ناچەمێتەوە”.
ئەو هێرشانەی کە لە لایەن پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو (لایەنگرانی پاشایەتی) و گروپە شۆڤێنییەکان بەرامبەر بە دەنگی ئازادیخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکە دەکرێت، نیشانەی ڕەگداکوتاوی “ئەقڵییەتی سڕینەوە”یە و پێمان دەڵێت کە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە. ئەوانەی کورد وەک مەترسی بۆ سەر “یەکپارچەیی” دەبینن، هەر هەمان ئەو عەقڵییەتەن کە ساڵانێکە ئازادیی ئێمە بە “خەیانەت” و دەنگی ڕەوامان بە “ئاژاوە” ناو دەبەن. ئەمە ڕاستییەکی تاڵە: هەندێک لایەن هەرگیز کوردیان وەک هاوبەشێکی یەکسان قبوڵ نەبووە، بەڵکو تەنها وەک ئامرازێک بۆ کاتی تەنگانە سەیری دەکەن.
ئەم ڕووداوانە زەنگێکی مەترسیدارن بۆ ئەو کوردانەی هێشتا لە ژێر وەهمی “پەیمانی برایەتی گەلان” لەگەڵ نەیارانی ناسنامەکەماندا دەژین. مێژوو فێری کردووین کە “چیاکان تەنها دۆستی کوردن” کاتێک کە بەرژەوەندییە سیاسییەکان دەبنە پێوەر. ئێمە ناتوانین داوای ماف لە دەستێک بکەین کە تەنها بۆ ڕووخانی سیمبولەکانمان بەرز دەبێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە تێبگەین کە کەرامەتی نەتەوەیی تەنها بە یەکگرتوویی و پشتبەستن بە ئیرادەی ناوخۆیی دەپارێزرێت.
ڕاستە پەیکەرەکە ڕووخا، بەڵام ئەو خەونەی لە پشتییەوە بوو، نەڕووخاوە. ئەو ئاگرەی لە دڵی ژنانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، لە کۆبانێوە بۆ کرماشان و ئیلام هەڵگیرساوە، بە ڕووخانی پەیکەرە نامرێت. “ژن، ژیان، ئازادی” تەنها دروشمێک نییە لەسەر دیوارەکان، بەڵکو بووەتە ناسنامەی نەوەیەک کە چیتر بێدەنگی قبوڵ ناکات. ئەمڕۆ ئەگەرچی دڵمان بریندارە، بەڵام باوەڕمان بە داهاتوویەک هەیە کە تێیدا پەیکەری ئازادی لە هەموو شارەکانی کوردستاندا بەرزتر دەکرێتەوە.
