تیمی فریاکەوتنی تورکەمەن سەحرا و داکوتانی ڕەگێکی نوێ لە بزووتنەوەی کوردستان…!

0

ساڵانێكه‌ هاتنی وه‌رزی به‌هار و ساڵی نوێ، بۆ ئێمه‌ و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ڕه‌نج دیتوو و سته‌ملێكراو بە تایبەتی خەڵکی شۆڕشگێڕی شاری سنە، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ و تراژێدیه‌كی ئینسانی و خه‌م و ماته‌مینێكی زۆره. ئەمرۆژانەی بەهار و نەورۆزی ساڵی (١٤٠٤)هەتاوی، ٤٦ ساڵ لەو ڕۆژانە و لەو کارەساتە تێپەڕ دەبێ. رۆژی ٩ی خاکەلێوەی ساڵی  (١٣٥٨)هەتاوی بوو. ئەو ڕۆژەی کە ٩ کەس لە خۆشەویسترین و ناسراوترین روخسارە ناسراوەکانی شاری سنە، ٩ کەس لە چالاکانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، ٩ تێكۆشەری دڵسۆز و بە ئەمەگی كۆمەڵە و بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی كوردستانە له ڕێگای گەیاندنی یارمەتی بە خەڵكی (توركەمەن سەحرا)، گیانی ئازیزیان بەختكرد و بۆ هەمیشە کۆڕی هاوڕێانەی ئێمەیان بە جێهێشت.

٩ی خاکەلێوەی ساڵی(١٣٥٨) هەتاوی کە تێیدا ئەو کارەساتە دڵهەژێنە خولقا، بۆ خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی بۆ خەڵکی شۆڕشگێڕی شاری سنەی سوور و بۆ ئێمە تێکۆشەرانی ناو ریزەکانی کـۆمەڵە، وەبیرهێنەرەوەی یەکێک لە تاڵترین رۆژەکان و لەهەمان کاتیشدا وەبیرهێنەرەوەی هاوخەباتی و هاوپشتی و یەکییەتی و بە هاناوەچوونی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانە بەدەم خەباتی ڕەوای سەرجەم زوڵم چێشتوانی هاوچارەنووس لە بەشەکانی تری ئێران.

دوایین ڕۆژه‌كانی زستانی ساڵی (١٣٥٧) و كاتی هاتنی وه‌رزی به‌هار و ساڵی نویێ (١٣٥٨)ی هەتاوی، ئەو کاتانەی کە خەڵکی وەگیان هاتوی ئێران و کوردستان ، داموودەزگای رژیمی شایان تێکەوە پێچا و کۆتاییان بە دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی ڕژیمی شا هێنا و لە کاتێکدا کە هێشتا دوو مانگ بەسەر هاتنە سەرکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا تێپەر نەبوو بوو و ئاوات و خۆزگەکانی کۆمڵلانی خەڵک بە سەرەنجام نەگیشتبوو، خەڵکی زۆرلێکراو و مافخوازی ( تورکەمەن سەحرا) بەدامەزراندنی بنکە و شووراکانی خەڵکی لە بەرانبەر دەسەڵاتدارێیەتی ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامیی ڕاوەستابوون و دەستیان دابۆوە خەبات و تێکۆشانێکی هەمە لایەنە پێک هاتوو لە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بە دژی ئەو ڕژیمە.

لە لایەکی تریشەوە کۆماری ئیسلامی لە هەوڵ و تەقالادا بوو تا بە هەستاندنەوەی دەسکەوتە شۆڕشگێڕەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، بەر بە هەموو شۆڕش و ئاخێز و جووڵەیەک بگرێ و هەر دەنگێک لە گەروودا کپ کات و نەیارانی خۆی سەرکووت بکات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەیهەویست و دەیخواست کە دەسبەسەر ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک، چ لە کوردستان و چ لە تورکەمەن سەحرا و چ لە هەر گۆشەو کەنارێکی ئێراندا بگڕێ.

کۆماری ئیسلامیی هەر لە سەرەتاوە بە داڕشتنی پیلانێکی جنایتکارانە و خۆیناوی و قیزەونەوە، خۆینی چوار کەس لە ڕێبەران و کەسەناسراوەکانی خەباتی ڕەوای خەڵکی (تورکەمەن سەحرا)ی بە ناوەکانی (شیرمەحمەد درەخشەندە ناسراو بە تۆماج، عبدوولکریم مەختووم، حسیەن جرجانی و مەحمەد واحیدی) بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ڕشت و لە ئاکامدا زۆر بێبەزیانە ‌هێڕشی کردە سەر خەباتی ڕەوای خەڵکی ئەو ناوچەیە.

خەڵکی وەگیان هاتووی (تورکەمەن سەحرا) شێلگیرانە و یکگرتووانە لە بەرانبەر سەرەڕۆیەکانی ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامیی وەستانەوە و دەستیان دایە خەباتێکی شێلگیرانە.

لەهەمان کاتیشدا خەباتێکی ڕەوای جەماوەری پێکهاتوو لە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز  لە کوردستان لە ئارادا بوو کە تەنگی بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی هەڵچنیبوو. ئەم خەباتە ڕەوایە رۆژ بە رۆژ بەرینتر و بەهێزتر و ڕادیکاڵتر و رێکخراوتر دەبوو . کۆمەڵە کە لەریزی پێشەوەی ئەم خەباتەدا بوو هەر لە سەرەتاوە بوو بە پشتیوانی گەلی تورکەمەن سەحرا، دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی بێبەشان و مافخوازانی ئەم بەشە لە جەماوەری خرۆشاو و خەباتگێڕ لە (تورکەمەن سەحرا) و بە تەواوی هێزەوە دەستی خەبات و یکگرتوویی بۆ یارمەتی گەیاندنی گەلی تورکەمەن سەحرا درێژ و درێژتر کرد. کـــۆمەڵە بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانی لەو خەباتە پشتیوانی بکات. هەر بۆیە لە یەکەمین دەرفەتدا بە سازماندانی تیمێکی پزیشکی کەوتە جووڵە و بەم شێوەیە ٩ کەسی بە هەموو ئیمکاناتێکی دەرمانی و هیتر بۆ یارمەتی گەیاندنی بە گەلی تورکەمەن، رەوانەی (تورکەمەن سەحرا) کرد.

ئەم تیمە پزیشکییە کە بە دڵێکی پڕ لە هیواوە بۆ یارمەتی گیاندنی گەلی تورکەمەن کەوتبوونە رێ، زۆر بەداخەوە نەگەیشتنە مەبەستی دیاریکراو و لە نێوەی ڕێگادا لە کارەساتێکی نەخوازراو  و لە ئاکامی رووداوی هاتووچۆدا، هەموو هاوڕێانمان گیانی ئازیزیان لەدەستدا و بۆ هەمیشە دڵیان لە لێدان کەوت و کۆڕی گەرمی هەواڵانیان بە جێهێشت…

پەیکەری بێ گیانی ئەو ئازیزانە لە نێوان خەم و  پەژارە و ماتەمی هاوڕێانی کـــۆمەڵە و هەزاران کەس لە ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستان وخەڵکی تێکۆشەری شاری سنە و دەورووبەری بە خاک سپێڕدران.

ئەوانەی لە نزیکەوە ئەم هاوڕێانەیان دەناسی بە باشی لەبیریانە کە ئەم هاوڕێیانە لە ڕیزی باشترین و خۆشەویسترین هاوڕیانمان دابوون کە ئاوات و ئارەزوویان دامەزراندنی کۆمەلگایەکی ئازاد و یەکسان بوو. لەدەستچوونی ئەم پۆلە مرۆڤە خۆشەویستە، لەو سەردەمە تایبەتەدا و لەکاتی شکڵگرتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بۆ ئیمە و بۆ خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان خەسارێکی یەکجار گەورە بوو.

زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی شاری سنە و دەوروبەری، ئەم هاوڕێیانەیان دەناسی لەگەڵیان ئاشنا بوون. ئەوان لە هەموو بوارە جواراوجۆرەکانی خەباتدا چ وەک کرێکار و چ وەک مامۆستای قوتابخانە و چ وەک پزشکیار، چالاک و بەدەم خەڵکەوە بوون و ئامادەی هەر شێوە یارمەتی گەیاندن بە کۆمەڵانی خەڵک بوون. ئەم هاوڕێیانە درد و مەینەتەکانی خەڵکیان بە باشی دەناسی. ئاشنای دەردی هەر ڕۆژەی خەڵک بوون و لە نزیکەوە ئاگاداری ژیانی خەڵکی بەش مەینەت بوون. ئەوان بڕیاریان دابوو کە بە هانای خەڵکەوە بچن لەگەڵیان بن و خەم و دەردیان لەگەڵ بەش کەن. ئاخر ئەوان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا وا بار هاتبوون کە دڵسۆزی خەڵک و هاوخەمی ژیانیان بن. ئەم تایبەتمەندییە بەرچاوانەی ئەم هاوڕێیانە وای کرد کە ئەوان لە ڕیزی کاروانی یارمەتی گەیاندنی خەڵکی کوردستان بە گەلی تورکەمەن سەحرا بن. ئەوان رێبەر و ڕێنیشاندەر بوون و بە باشی دەیانزانی کە چۆن خۆیان بگەیەنە هاوچارەنووسانی خۆیان لە (تورکەمەن سەحرا).

گرێدانی خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان بە بەشەکانی تری ئێران، یەکیک لەو ئەرکە شۆڕشگێڕانانە بوو کە کۆمەڵە زۆر ژیرانە هەر لە سەرەتای شکڵگرتنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، گرتی و بە کردەوەشی دەرهێنا. لەهەر کۆێیەک یەکەمین ترپەکانی خەباتی جەماوەری لێدرابا، هاوڕێانی کۆمەڵە بە دڵێکی کەیلی عەشق و خۆشەویستییەوە بۆ ڕزگاری بەشمەینەتان، لەوێ بوون. هەموو شارەکانی ئێران، ناوەندەکانی بەرهەم هێنان، کوورەخانەکان، شۆینەهەژارنشینەکان، شۆینی خەبات و تێکۆشانی هاوڕێانی کۆمەڵە بوون. هاوڕێانی کۆمەڵە لەم شوێنانە بست بە بست باڵایان کردبوو و ئەزموونی باشیان بەدەستهێنابوو. هەر بۆیە شۆێن و مەکان بۆیان گرنگ نەبوو، گرنگ خەبات و تێکۆشان و یارمەتیدان بە کۆمەڵانی خەڵک بوو جا لە هەرکوێیەک بۆایەت.

هاوڕێانی گیانبەخت کردوو بریتی بوون لە :

فایزه قوتبی، گوڵڕێز قوبادی، فەریده زەکەریایی، جەمیل زەکریایی، جەمیل سەجادی، ئیسماعیل عەلی پەنا، رەئووف کەمانگەر، ئەسعەد وەزیری و فەتحوڵڵا لوتفوڵڵانژادیان.

بەمجۆرە ئەم هاورێیانە خۆێنیان تێکەڵ بە خۆێنی هەزاران کەس لە خەڵکی (تورکەمەن سەحرا) و بەشەکانی تری خەبات لە گۆشەوکەناری ئێران بوو . ناوی هاوڕێیانی تیمی پزشکی کۆمەڵە کە لە ڕێگای یارمەتی گەیاندن بە گەلی تورکەمەن سەحرا گیانی ئازیزیان بەخت کرد،  له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی شۆڕگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و چالاكیه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا‌ هه‌تا به‌ ئەمڕۆش وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی بوێری و خه‌باتكاری بووه‌ و ده‌شبێ. ڕێباز و ڕه‌وشت و هه‌ڵسووكه‌وتی سه‌میمانه‌ و شۆڕشگێڕانه و گیانبازی و خه‌باتی لێبڕاوانه‌ی ئه‌م هاوڕێانەی كۆمه‌ڵه‌، له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان و خه‌باتی كرێكارانی شۆڕشگێڕ دژبه‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی قەت لە بیر ناچێتەوە. له‌ ٤٦مین ساڵیادی گیان به‌خت كردنی ئه‌م هاوڕێیانه‌، یاد و بیره‌وه‌ریی هه‌ر هه‌موویان وێڕای دووباره‌ كردنه‌وه‌ی په‌یمانی پێبه‌ند بوون به‌ ئامانجه‌كانیان و یادی هه‌موو گیانبه‌خت كردووانی ڕێگای سۆسیالیسم به‌رز ڕاده‌گرین. له‌و ڕۆژه‌دا، بۆ جارێكی دیكه‌ سڵاو و دروود ده‌نێرین بۆ بنه‌ماڵه‌ و كه‌س وكاری ئه‌م هاوڕێیانه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا به‌ تاقه‌ت هێنانیان له‌ به‌رامبه‌ر ژانی له‌ده‌ست دانی ڕۆڵه‌كانیان، بوونه‌ته‌ مایه‌ی دڵگه‌رمی و هۆمێد‌واریی زیاتری ئێمه‌ بۆ خه‌بات و درێژه‌دانی ڕێگای ئازیزانیان.

 یادی ئەوئازیزانە بۆ هەتاهەتایە لە نێو دلماندا دەمێنێتەوە .. 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *