ترامپ وەکوو رەوت یان دیاردە؟

0

ژنان و ڕۆڵی گرینگی پەروەردەبێگەرد ساڵح

بە سەرکەوتن و دەستبەکاربوونی ترامپ لەم ماوەیەدا باسێکی زۆر سەبارەت بە کەسایەتی و شێوەی سەرکەوتنی و تەنانەت پێشبینی داهاتووی لەمەڕ دیکەی وڵاتان هاتە ئاراوە. من لام وایە سەرکەوتنی ئەمجارەی ترامپ بە پێچەوانەی دەرەوەی پێشوو بوو، لەبەر ئەوەی هەشت ساڵ پێش کە هات وەکوو شتێکی لەناکاو و کەسایەتییەکی پێشبینی نەکراو دەرکەوت کە هەموو جیهانی غافلگیر کرد. بەڵام بە هاتنی ئەمجارەی هەمووان بە جۆرێک ئامادەی رووبەروو بوونەوە لەگەڵی بوون. ترامپ کە لە خۆی دا بازرگانێکی سەرکەوتوو و روخسارێکی تەلەڤیزیۆنی بوو، بە بێ ئەوەی ئەزموونێکی پیشەیی و فەرمیی لە کاری سیاسی داهەبێت ئاوا توانی جێگەی خۆی وەکوو باڵاترین مەقامی زلهێزترین وڵاتی جیهان بکاتەوە.

لێرەدا رووبەرووی دوو پرس ئەبینەوە کە ئایا ترامپ وەکوو رەوتێکی جیهانیە؟ یان دیاردە و پەدیدیەکە؟ لە درێژەی بابەتەکەدا بە ئاماژە بە چەند خاڵێک لێکیدەمەوەوە.

ترامپ وەکوو ڕەوت؛

۱-  پۆپۆلیزم و بەرەنگاری لەگەڵ نۆخبە و بلیمەتەکان؛ لەم بەشەدا نە تەنیا لە ئامریکا بەڵکوو لە چەن شوێنی دیکەی جیهاندا ئەم ڕەوتە رووی داوە، بۆ نموونە لە برەزیل “بۆلسۆنارۆ” ئەو کات کە هاتە سەر کار درۆشمەکانی هاوشێوەی ترامپ بوون. یان لە مەجارستان ئەتوانین ئاماژە بە “ئۆربان” بکەین کە جەختی لە سەر سیاسەتەکانی ناسیۆنالیزم بوو.

یان دیسان بۆ نموونە ئەتوانین باس لە پاڵپشتیی ئەم ڕۆژانەی ئیلان ماسک لە حیزبی تۆندرەوی AFD ئاڵمان بکەین.

۲-  سیاسەتەکانی کەم کردنەوی ماڵیات یان سەختگیریەکانی سەبارەت بە کۆچبەرانەوە هۆکارگەلێکن دەربارەی سیاسەتی پۆپۆلیزمی ترامپ و هەروەها دەبینین کە کرێکاران و چینی مامناوەندی کۆمەڵگا لەگەڵ ئەو رەوتەی ترامپدان. یان ئەوەی کە باسی لەوە دەکرد کە لە ئامریکا تەنیا دوو ڕەگەزمان هەیە ژن و پیاو.

۳-  ترامپ بە کەڵک وەرگرتن و زەق کردنەوەی ڕستەی(هەواڵی ساختە) هێرشی کردە سەر میدیاکان و شەپۆلێک لە بێ متمانەیی سەبارەت بە میدیا نەریتییەکانی وەکوو CNN و نیۆیۆرک تایمز دروس کرد بۆ پێوەندی راستەوخۆ لەگەڵ خەڵکا زیاتر کەڵکی لەZ) ) یان هەمان تویتەری پێشوو کرد، کە ئەمەش چەشنێ نوێگەری بوو بۆ دەور دانەوەی میدیاکان.

ترامپ وەکوو دیاردە؛

۱-  کەسایەتییەکی کاریزماتیک و جەنجاڵی: ترامپ لە وتاربێژییەکانیدا لە کەمپەینی رێکلامی دەنگدان بە زمانێکی سادە و رێک و هەروەها تاوتاو جەنجاڵی سەرنجی زۆربەی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و زۆربەیان هۆگری بوون. ئەم چەشنە دژەباو و نا نۆرماڵە وەکوو دیاردەیەکی تایبەت ناسرا.

۲-  شکاندنی هەنجار و ئەخلاقە سیاسیەکان: ئەو زۆرێک لەو رەسم و یاسا نەنووسراوانەی سیاسەت وەکوو قەدر و رێزگرتن لە دژبەرەکان یان کەڵکوەرنەگرتن لە قسەی نەشیاو و خراپی خستە ژێرپێی و چۆنی دەویست وا لەگەڵیان دەدوا.

۳-  زەق کردنەوە و جەخت لە سەر درۆشمی (سەرەتا ئامریکا) لە تەواوی سیاسەتەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات

۴-  دیدار لەگەل رێبەری کوریای باکوور

۵-  چوونەدەرەوە لە بەرجام و رێکەوتنی پاریس

لە درێژەدا بە کۆبەندی ئەو دوو چەمکەی سەرەوە، دەبێ باس لە چەند تایبەتمەندی ترامپ بکەین کە کاریگەری بەسەر جیهاندا دەبێ.

بە پێچەوانەی رێبەرانی دیکەی ئامریکا بە بێ دەمامەک و نقاب قسە ئەکات، ئەو پێچەوانەی سیاسەتی سەرۆک کۆمارانی پێشوو کە بە بیانووی پاراستنی مافی مرؤڤ یان شەڕی دژی ترۆریستان هێرشیان دەکردە سەر دیکەی وڵاتان، ترامپ بە شێوەیەکی راشکاوانە و بەبێ دەمامک باسی پرۆژەکانی خۆی دەکات. ئەو رایگەیاند کە ئێمە چیدی تێچوویی ڕێکخراوەی بێهداشتی جیهانی نادەین یان وتی ئەگەر وڵاتانی پەیمانی ناتۆ بەشە پووڵی خۆیان نەدەن ئەوا بەشێوەیەکی دیکە لەگەڵیان رووبەڕوو دەبێتەوە.

دواتر وەکوو وڵاتێکی داگیرکەر خۆی نیشان دا، بەو واتای کە هێشتا نەهاتبووە سەرکار داوای وڵاتی کانادای دەکرد و وەک ولایەتی پەنجاویەکەمی ئامریکا ناوی دەبرد، داوای وڵاتی گرینلەند دەکات، دەڵێ ئێمە خۆمان کاناڵی پانامامان درووس کردە بەڵام چین خەریکە کەڵکی لێ وەردەگرێت و بەو بۆنەوە دەبێ بێتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆمان، یان وتی نێوی خەلیجی مەکزیک دەگۆڕین بە خەلیجی ئامریکا.

لە کۆتایی باسەکەما من پیم وایە بە سەرنجدان  بە پێشینەی بازرگان بوونی ترامپ، بە ئەگەری زۆرەوە شێوەی کارەکەی بە جێگەی کردەوەی سەربازی یان هەڵگرساندنی شەڕێکی نوێ بە چەکی ئابوورییەوە دێتە پێش.

بۆ نموونە لەسەرەتای دەسبەکار بوونی وتی ئەبی نرخی نەوت بێتە خوارەوە هەتاوەکوو رووسیە لاوازبێت و هێزی شەری لەگەڵ ئۆکراین نەمێنێ بەو چەشنە شەرەکە کۆتایی پێدێت.

یان ئاماژەی بە زیاد کردنی تەعرەفە و ماڵیات لە سەر هەناردەی وڵاتان کرد بەو مەبەستەی کە گوشاری خۆی لە سەر ئەو  وڵاتانە دابنێت و خۆی بەڕێوەبەرایەتی ئابووری بگرێتە دەست. من پێم وایە دیسان گۆشار و بایکۆت و تەحریمەکان لە سەر ئێران زیاتر بکات و ئەمەش دەبێتە هۆی نارەزایەتی خەڵک بەرانبەر بەرانبەر بە رژیم. بێگومان هەموو ئەو پێشبینیانە بۆ ترامپ دەکرێ بە شێوەی هەڵسوکەوتی وڵاتی بەرانبەری ئاراستەکەی دەگۆڕدرێ و رەنگە پێچەوانەش بن، بەڵام ئەوەی کە ناگۆڕدرێ هەلپەرستی ترامپە بۆ قازانجی ئابووری و سیاسی وڵاتەکەی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *