بە بۆنەی هەشتی مارسەوە…!

چیمەن جەوانرودی
چیمەن جەوانرودی

٨ی مارسی ١٨٥٧، لەدایک بوونی یەکەمین بزووتنەوەی گشتگیری ژنان، یەکەم دەستپێکی بەردەوامی خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانی خواز و ئازادی خوازە  لە زۆربەی وڵاتانی جیهان.  یاد و دەستکەوتە بەنرخەکانی ئەم خەباتە لە لایەن ژنانی ئازا و پێشکەوتنخوازی ئەو کاتەی خۆی بەرز ڕادەگرین، ناتوانین بڵێین ناڕەزایەتییەکانی مانگی  مارسی ١٨٥٧ و بزووتنەوەی ژنان لەو سەردەمەدا سەرەتای ئەندیشە و بیرکردنەوە، لە ستەم و چەوساندنەوەی ژنان بوبێت، بەڵکوو زۆر پێش تریش، هەمیشە ژنانێک کە لە خەمی پرسی ژن دا بوون  و لە  چەوساندنەوەی ژنان تێگەیشتوون و بۆ گەیشتن بە ئامانجی ڕزگاری ژنان لە ستەمی پیاو سالاریدا، خەباتیان کردووە و توانایی خۆیان سەلماندووە. هەروا، ژنان ڕۆڵ و ئەرکیان لە سەر شان بووە و توانیویانە ئەم ئەرکانە جێبەجێ کەن. جا چ بە بەشداری کردن لە شەڕدا بووبێت یان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سەردەمانێکی جیاوازدا.

ژنان پۆستی گرنگیان بە میرات پێگەیشتووە  و توانیویانە ڕۆڵی باش بگەڕێنن، هەروەها فەرمانی گرنگیان دەرکردووە و جێبەجێکاری فەرمانی گرنگ بوون. بەڵام ئەم ژنانە لە بنەماڵە دەسەڵات دار و دیارەکانی سەردەمی خۆیان بوون و ژنانی عامەی لەبەر نەگرتووە. ئەوە جێی ئاماژەیە کە خەباتی ٨ مارس دەتوانێت دەستپێکی خەباتێکی ڕاستەقینە ژنان بێت. لێرەدا بە سێ خاڵی گرنگ ئاماژە دەکەم؛

یەکەم؛ ئەم خەباتە زۆرێک لە  ژنانی کۆمەڵگاکانی لە خۆ گرتووە  و هاتوونەتە مەیدانی  خەبات. کە وایە گشتگیر بووە .

دووهەم؛ ئامانجی دیاری کراوی ئەم خەباتە نەهێشتنی ستەمی ڕەگەزی بووە، بۆیە لە  سەرەتادا   داواکار یان سێنفی و لاواز بووە، کە بە تێپەڕبوونی کات و لە درێژەی خەباتدا پەرەی سەندووە و داواکارییەکان زیاتر سیاسی و هەمەلایەنەتر بوون.

سێهەم؛ ژنان بە درێژایی هەوراز و نشێوی مێژوو هەمیشە ڕۆڵی سەرەکی و جێی متمانەیان هەبووە، بەشدار بوون لە کاروباری سیاسی و ئابووریدا بەڵام، لە ئاستی باڵا و بەڕێوەبەری،  کە دەکرا زۆر گرنگ بێت، ڕەتکراونەتەوە و لە پەراوێز خراون. بۆیە نەیاری خۆی کە نیزامی سەرمایە داری و پیاو سالاری بووە ناسیویەتی و دەوامدار بووە. سێ شەپۆلی فێمینیزم بەڵگەی ئەم ئیدیعایە دەتوانێ بوو بێت .

ئەمە باسێکی بەربڵاو و کات خایەنە بۆیە ناتوانێ لەیک بابەت جێبکرێتەوە و پوختەیەک لەم بابەتەم باس کردووە. کاریگەری ئەم بزوتنەوەی لە سەر ژنانی کورد:

بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی هەنووکەیی ژنان لە جیهان، بەتایبەتی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین، ناتوانین بڵێین ژنانی کورد کاریگەری ئەم دۆخەیان لەسەر نییە، هەرچەندە جیاوازیی کولتووری و کۆمەڵایەتی، هەروەها کاریگەریی ئایین و سیستەمی پیاوسالاری، لەسەر بیری ژنان کاریگەری زۆری لە سەر بووە، تا ئەو جێگا کە باوەڕیان بەوە هەبێت کە دەبێ لە کلیشەی پیاوسالاری پەیڕەوی کەن. بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەکرێت دان بەوەشدا بنرێت کە کاریگەری و ڕۆشنگەری بزوتنەوەی فمینیزم و کولتوری مێژوویی کۆمەڵگەی کورد کاری لە سەر ڕۆشنبیرانی ژن  هەبووە  و لەو ڕووەوە ئەم تێگەیشتنە ژنی قەناعەت پێهێنا کە پێویستە خەبات بکات بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا و نەهێشتنی ستەم لە دژی  خۆی. ئەم پرسە هەم کاریگەری لەسەر یاسا و هەم لەسەر کولتوری کۆمەڵگا هەبووە و هانی ژنانی داوە کە بیر لە زاڵبوون بەسەر ستەم و ڕزگاربوون لە کۆت و بەندەکانی سیستەمی پیاوسالاری و چەوسانەوەی خۆی  بکاتەوە.  (نەهێشتنی هەڵاواردنی جێندەری چ لە یاسا و چ لە مێشکی کۆمەڵگا و کاریگەرییەکانی لەسەر کولتوور )  بەڵام ئەم چالاکییە نەک هەر بەس نییە، بەڵکو بەهۆی گەشەسەندنی کولتووری لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و پەرەسەندنی پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و بوونی میدیای مەجازی و هتد، ئەگەر ستراتیژێکی قووڵ و کاریگەرمان نەبێت،  ئەم کێشە و توندوو تیژییە و هەڵاواردنی ڕەگەزی خەساری زۆری دەبێت    بۆ کۆمەڵگاکە بە ژن و پیاویەوە، وەک: خۆکوشتن، ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان، تەڵاق و زۆرێ لە خەسارەکانی تری کۆمەڵگە.

بە لەبەر چاوگرتنی شۆڕشی ژینا بە دروشمی ژن ژیان ئازادی، جیاوازی کۆمەڵگەی کوردستانی بە بەروارد لەگەڵ باقی نەتەوەکانی ئێران نیشانی دا ژنی کورد، ئێستا دەتوانێ ڕێکخەری بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی و یەکسانی خوازی ژنانی کورد بێت.