بەکرێگیراوی فیکری و سیاسی؛ 

0

ئەو برینە قووڵەی کە لە ڕۆژە سەختەکاندا جەستەی کوردستان لاواز دەکات

وەنەوشە؛ سەقز

خیانەت و نۆکەرایەتی لە مێژووی سیاسیی ئێمەدا زۆربەی کات لە وێنەی چەکدارێکی بەکرێگیراودا بینیومانە. بەڵام جۆرێکی شاراوەتر و وێرانکەرتر لەم دیاردەیە هەیە کە پێی دەگوترێت «جاشایەتیی فیکری». ئەم دۆخە نگریسە کاتێک سەرهەڵدەدات کە تاکی کورد، دەبێتە پاساوھێنەر بۆ گوتار و سیاسەتە چەوسێنەرەکانی داگیرکەر. ئەمە برینێکی ژەهراوییە کە لە کاتە هەستیارەکاندا متمانەی نەتەوەیی لەناو دەبات. جاشایەتیی فیکری ڕادەستکردنی مێشک و هۆشی مرۆڤە بەو هێزەی کە دەیەوێت بوون و مێژووی ئێمە بپووکێنێتەوە. ئەم دیاردەیە لە هەوڵی ئەوەدایە کە ئیرادەی نەتەوەیی لە ناوەوە تێک بشکێنێت و مرۆڤی کورد تووشی گومان بکات.
شەڕی نەرم و داگیرکاریی کلتووری، «خۆفرۆشی فیکری» کردووەتە ئامرازێکی هەرزان لە دەستی داگیرکەردا. کاتێک نووسەرێک یان چالاکوانێکی سیاسی، بۆ ئیمتیاز و کورسیی دەسەڵات، گوتاری داگیرکەر بە فێڵی زمانەوانی دەفرۆشێتەوە بە خەڵک، گەورەترین غەدر لە نیشتمان دەکات. ئەم جۆرە جاشایەتییە لەژێر ناوی بریقەداری وەک «واقیعبینی» یان «دیپلۆماسیی مۆدێرن» کار دەکات. مەبەستی سەرەکیی ئەم ڕەوتە، تێکشکاندنی متمانەی گەلە بە ڕەوایەتیی خەباتەکەی. ئەوان هەوڵ دەدەن بێئومێدی لەناو کۆمەڵگەدا بچێنن و داگیرکاری وەک چارەنووسێکی حەتمی نیشان بدەن.

مەترسیی گەورەی ئەم برینە دروستبوونی دوژمنی ناوخۆییە. ئەو کەسانەی تووشی ئەم داڕمانە ئەخلاقییە دەبن، لە هەموو بەها نەتەوەییەکان دادەماڵرێن. ئەوان دەبنە پردێک بۆ پەڕینەوەی پیلانەکانی دوژمن. لە جیاتی ئەوەی ببنە زمانی ڕاستەقینەی گەلەکەیان، دەبنە وەرگێڕی داخوازییەکانی بێگانە. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی دووبەرەکی و بێمتمانەیی. جیاکردنەوەی دۆست و دوژمن بۆ خەڵکی سادە دژوار دەبێت. یەکڕیزیی نەتەوەیی لێرەوە درزی تێدەکەوێت و وزەی کۆمەڵگە لە ململانێی ناوخۆییدا بە فیڕۆ دەچێت. ئەم داڕمانە فیکرییە کاریگەرییەکەی لە هێرشێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ مەترسیدارترە.

چارەسەرکردنی ئەم برینە پێویستی بە وشیارییەکی فیکری و سیاسیی بەردەوام هەیە. بەرژەوەندیی حیزبی و شەخسی نابێت ببێتە پاساو بۆ بازرگانیکردن بە شکۆی نەتەوەیی. تاکی کورد دەبێت ئەوەندە چاوکراوە بێت کە تەڵە فیکرییەکانی داگیرکەر بناسێتەوە. ڕێگە نادەین کەسانێک بە ناوی شیکار و ڕۆژنامەگەرییەوە ببنە پارێزەری بەرژەوەندیی داگیرکەران. ڕزگاربوون لە جاشایەتیی فیکری، هەنگاوی یەکەمە بەرەو سەرکەوتنی سیاسی. نەتەوەیەک کە خاوەن ئیرادەیەکی سەربەخۆ و فکرێکی وشیار بێت، هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت بڕیارەکانی بەسەردا بسەپێنێت. پاراستنی ئەم ئیرادەیە، کلیلی تێپەڕینە لەم قۆناغە دژوارەی مێژوومان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *