بەلووچستان لەبەردەم دوو ڕێیانی بژێوی ژیان ومەترسیی کوژران

✍سەیران مستەفازادە

پارێزگای بەلووچستان  دووهەمین پارێزگای پان و بەرینی ئێران کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی سێ میلیون کەسە و ئاو و هەوای ئەو پارێزگایە زیاتر گەرم و بەشێک لە خاکەکەی قاقڕستانە و لە هەمانحاڵدا ناوچەی کوێستانی و دارستانی و زۆنگیشی هەیە و پارێزگایەکە کە بە هۆی پێرانەگەیشتنی رژیم لە باری بنەما پێویستەکانی ژیان و ئابوورییەوە زۆر دواکەوتووە و ئاوی خواردنەوەی زۆر کەمە، زۆر جار بۆ دەست پێ ڕاگەیشتن بە ئاوی پاک دەبێ لانیکەم چوار کیلومیتر بڕۆیت تا بتوانیت ئاوی خوادنەوە بدۆزیتەوە. بەلووچستان لەگەڵ وڵاتانی “پاکستان و ئەفغانستان ” هاوسێیە و هەروەها تەنها بەندەرێک کە لە دەریای عەممان لە ژێردەسەڵاتی ئێراندا بەندەری “چابەهار”ی بەلووچستانە کە ئەو پارێزگایەی تایبەت کردووە و ئەو پارێزگایە خاوەن سەرچاوەی سرووشتیی زۆرە بەڵام بە هەموو ئەوانەوە زۆرینەی خەڵکەکەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

خەڵکی ئەو پارێزگایە بۆ بژێوی ژیانیان  ناچارن لە رێگەی قاچاخی بەنزین و شت و مەکی دیکە ژیانی خۆیان دابین بکەن، رژیمی ئیسلامی ئێران لە خاڵە سنووریەکان رێگەکانیان یا مین رێژ کردوە یا کاناڵی قووڵیان هەڵکەندووە بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت لەو رێگەوە کاسپی و هاتووچۆ بکات، ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ناوچەکە ناڕەزایەتی خۆیان لەو بارەوە دەرببڕن و لە بەردەم پایەگای سپا لە شاری “سەراوان” کۆ ببنەوە و خوازیاری کردنەوە و ئیجازەی هاتووچۆ بوون. بەڵام سپای پاسداران تەقەیان لە خەڵکی ناڕازیی کرد و بە دەیان کەسیان لێ کوشتن و بریندار کردن و کوژراوانی بەلووچیان خستە ناو کاناڵێک و رێگەیان نەداوە کەس لە تەرمەکانیان نزیک بێتەوە.

لە راستیدا کوشتنی ئەو بەلووچانەی کە تەنها بۆ بژێوی ژیانیان ناچارن رۆژانە سەردانی سنوور بکەن و زۆر جار سنوور تێپەڕێنن هاوکات بوو لەگەڵ ئێعدامی چەندین شارومەندی بەلووچ و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە رژیم دەیەوێت بە توندی دەنگی ناڕازیی بەلووچەکان لە گەروودا بخنکێنی. بەو پێیە دەبێ چاوەڕوانی کارەساتێکی دیکە بین وەک ئێعدامکردنی ٢٠ لاوی بەلووچ و دوای کوشتنی ئەو کەسانەی سووتەمەنی یان دەبرد لە داهاتوودا دیار نییە و هیچ گەرەنتییەک نییە سپا و هێزە نیزامیەکانی رژیم کارەساتی دیکە لەو ناوچەیە نەخولقێنن. ئەو رووداوەی ئێستە لە بەلووچستان خەریکە روو دەدات، خراپترین شێوەی سەرکوتە کە بەداخەوە پشتیوانیی بەرینی خەڵکی بەدواوە نەبووە و بێدەنگی کۆمەڵگای ناوخۆ و جیهانی دەرەوە دۆخەکە مەترسیدارتر دەکا. هەر چەن رژیم و چەکدارەکانی دەیانەوێت فەزای بەلووچستان بە گشتی ئەمنیەتی و میلیتاریزە بکەن، بەڵام ئەوەی روویداوە راست بە پێچەوانەی سیاسەتی رژیمە لەو ناوچەیە. لە چەند ساڵی رابردوو دا خەباتی مەدەنی خەڵک چۆتە قۆناغێکی نوێ و خەڵک دەست و سیاسەتی رژیمیان خوێندۆتەوە، واتە ئەو کاتانەی کە رژیم دەیەوێ خەلک بەرەو توندوتیژی ببات، خەڵک زۆر وشیارانە و بە رێک و پێکی دەست دەدەنە خۆپیشاندان ، و لە سەراوان بە هەموو سەرکوت و دڕندەیی هێزەکانی رژیم، لەم کۆبوونەوە و خۆپیشاندانانە تەنانەت سەربازیکی رژیم بریندار نەبوو، لە ناوچەی “کورین” کە زۆربەی ئەو کەسانەی ئێعدام کران خەڵکی ئەو ناوچەیە بوون، خەڵک پاسگای رژیمیان گرت و پەیامێکیان ئاراستەی رژیم کرد کە ئێمە ئێوەمان ناوێت و لە دەستتان ناڕازیین.

ئێستا و دوای چەند رۆژ لە خۆپیشاندانی خەڵکی سەراوان و شارەکانی دیکەی بەلووچستان زۆربەی شارەکان لە مانگرتندان بە تایبەتی شارەکانی “چابەهار، زاهیدان، ئێرانشار، راسک و سەراوان” بە نیشانەی کۆمەڵکوژیی خەڵکی بەلووچ دەستیان داوەتە مانگرتن و هەروەها تێک هەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزە چەکدارەکانی رژیم لە شاری خاش و زاهیدان دەبیسترێ.

کاتێ جۆرج فلۆید شارومەندی ڕەشپێستی ئەمریکایی لە ئاکامی توندوتیژیی لەڕادەبەدەری پۆلیسی ئەمریکا کووژرا و بوو بە قوربانیی هەڵسووکەوتی ڕەگەزپەرەستانەی پۆلیسی ئەمریکا، “خامنەیی” رێبەری رژیمی ئیسلامی ئێران فرمێسکی تیمساحی بۆ دەڕشت، بەڵام لە ئێران بە دەیان کەس خەڵکی ناڕازیی کە تەنها داوای کەمترین بژێوی ژیانی رۆژانەی خۆیان واتە نان دەکەن، لەلایەن هێزە چەکدارەکانیەوە دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن، کەس وە جواب نایەت و دادستانی ئەو پارێزگایە خەڵک بە تاوانبار دەزانێت و دوور نییە ئێمە شاهیدی ئێعدامی دەیان کەسی دیکە لە چالاکوانانی بەلووچ بین.

لە کۆتاییدا ئەوەی ئەمڕۆ لە بەلووچستان روو دەدات ، ساڵەهایە لە کوردستان ئێمە شاهیدی کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرانین و چەندین جار خەڵکی کورد بۆ پشتگیری لە کۆڵبەران دەستیان دایە مانگرتن و خۆپیشاندان بەڵام سیاسەتی رژیم لە برسی راگرتنی خەڵک و گوێ نەدان بە ویست و داخوازییەکانیان نەگۆڕە و لە هەر کوێ دەنگی ناڕەزایەتی بیستراوە رژیمی ئیسلامی تەنها و تەنها بە گوللە وەڵامی خەڵکی داوەتەوە.