بەرەی کوردستانی، پێویستییەکی مێژوویی!

0

عەزیز

کوردستان بە کردەوە سەنگەری خەبات و تێکۆشانە. بەستێنی شۆڕش و هەستانەوەیەو خرۆشی جەماوەریی تێدا بەهێزو ئاگری قین و توڕەیی جەماوەر بە دژی دیکتاتۆرییەتی کۆماری ئیسلامیی بەردەوام لە هەڵکشان دایە.

کوردستان بە کردەوە وێڕای ئەوەی پێگەی خۆی لە هەموو مەیدانەکاندا پاراستووە، بۆتە جەمسەرێکی گرنگیش بۆ خەبات و تێکۆشان و هەروەها رەمزی شۆڕش بە پانتایی هەموو ئێران. چڕکردنەوەی سەرکوتی کوردستان پێشێڵ کردنی مافە ڕەواکانیان و ڕەشبگیری هەر ڕۆژەی لاوان و زیندانی کردنیان و دانی حوکمی قورس بە خەڵکی نارازی و لەسێدارەدانیان، دەرخەری ئەو راستیانەن کە کۆماری ئیسلامیی ترسی لە کوردستان و لە خەڵکەکەی هەیە.

 بە تایبەت لە بارودۆخی ئێستاداکە چارەنووسی کۆماری ئیسلامیی لە تارماییەکی تاریکدا دایەو لە هەموو لایەکەوە کەوتۆتە بەر قین و تورەیی، جێگە و پێگەی کوردستان و بارودۆخە سیاسییەکەی گرنگییەکەی بەرچاوی لای هەموان پەیدا کردووە.

کوردستان دوای شۆرشی ژینا بەخێرایی پێی نایە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە. قۆناغێک کە هاوسەنگی هێزی بەتواوەتی گۆری. لەو قۆناغەدا، ناڕەزایەتی و شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی شەقام بە کردەوە شکڵ و شێوازێکی ئەمرۆیی و پێشکەوتن خوازانەی بۆ خۆیەوە گرت. ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی رواڵەتی سیاسیی و راستەقینەی کۆمەڵگەی کوردستانی بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕی و هەنگاو بە هەنگاو چووە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە. نێوەرۆکی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتی ئیسلامیی کرانە ئامانج. شۆڕشی تازە بە هێرشکردنە سەر بەهێزترین پێگەی ئیسلامیی سیاسی و یاساو رێسای ئایینی چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە ناوچەکە، بزووتنەوەی ڕزگاریی بردە قۆناغێکی نوێوە. ئەم ئاخێزە شکۆدارە شۆڕشگێڕانەیە، دۆسیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی خستە ژێر پرسیارەوە. ئەم بزووتنەوەیە بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر و بروخێ کۆماری سێدارە،” نیشانی دا پشکۆی ئیرادەی جەماوەر لە هەڵکشاندایە و عەزمی جەزم کردوە بۆ یەکلا کردنەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی. مێژووی هەموو خەبات و تێکۆشان و لێکتێگەیشتنەکان سەڵمێنەری ئەو راستیەن کە كوردستان مەیڵ و خواست و هێز و پوتانسیەلی ئەوەی تێدایە ببێتە خاوەنی بەرەیەکی بەهێزو یەکگرتوو بە گوتارێکی هاوبەشیشەوە. ئەمرۆ هێزەکانی رۆژهەڵات بە پاڵپشتی جەماوەر دەتوانن بەردی بناغەی وەها بەرەیەک کە بتوانێ هاوسەنگی هێز بە قازانجی بزووتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردستان بگورێ دابنێن. نەبوونی ناوەندێکی هاوبەش، خاڵیی هەرە لاواز و بنەڕەتیی بزووتنەوەی سیاسیی ئەمرۆی کوردستان پێکدێنێ. ئێمە بەردەوام ئاڵاهەڵگری یەكگرتوویی بووین و لەم پەیوەندێشدا هەوڵی چڕوپڕو دڵسۆزانەمان داوە . ئێمە بۆ خوڵقاندنی دۆخێک تێکۆشاوین و بەردەوام تێدەکۆشین کە تێدا حیزبە کوردستانییەکان لێک نیزیک بنەوەو بە تێگەیشتنێکی ئەمرۆیی هەوڵ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی پتەو بدەن. ئێمە هەر زۆر زوو هەستمان بەوە كرد كە تاكە ڕێگا بۆ وەسەرخستنەوەی وزە و تواناكانی هەموو هێز و لایەنە سیاسیەكان لە دژی كۆماری ئیسلامیی، دامەزراندنی بەرەیەکی بەهێزی كوردستانیە. لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا بە شێوەگەلی جۆراوجۆر، تەقاڵامان داوە هێزە سیاسییەکان لێک نزیک بنەوەو لەسەر ئەم پێویستییەی ئەمرۆی کوردستان قسەوباس بکەن و هەوڵەکانی خۆێان بخەنە گەڕ. کوردستان جگە لەوەی کە لە گەڵ دوژمنێکی سوێند خواردوی وەک کۆماری ئیسلامیی دەست و پەنجە نەرمدەکات، لە نێو خۆیشیدا، بێ کێشەو گیرو گرفت نیە. دەنگ و چاڵاکی و بانگەوازەکان پەرش و بڵاون و گوتارێکی هاوبەش و بەهێز کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵک بکات، لەئارادا نیە.

 ئەوە هەوڵ و تێکوشان و سازدان و دامەزراندنی ناوەند و بەرەیەکی کوردستانییە کە دەتوانێ هەم خەبات دژی دوژمنی سۆێندخواردومان ڕەک بخات و هەم کێشە و کەلێنە نێوخۆییەکان پر بکاتەوەو بیانداتە بەر باس و لێکۆڵێنەوە. لە قۆناغی ئێستادا، ‌بەرەی کوردستانی بە کردەوە دەتوانێ هێز و لایەنەکان لە ژێر چەترێک کۆبکاتەوە تا ئاسانتر بۆ وەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان تێبکۆشن. ئەزموونەکانی شۆڕشی کوردستان نیشانی داوە کە یەکییەتی و یەکڕیزی دەتوانە زامنی سەرکەوتن بێت و خەبات بۆ دەستەبەر کردنی مافە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵک، بەهێزتر کات. گۆڕانکاری نوێ و خێرا لە ناوچەکەدا چاوەڕێ دەکرێ. ئەو دۆخەی ئێستا لە هەرکات زیاتر پێویستی بە یەکێتی ریزەکانی کورد بەگشتی و هاوکاری و هاودەنگی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە. بۆئەوەی لە داهاتوودا ئەو دەرفەتانەی بۆخەڵکی کوردستان دەڕەخسێن لەکیس نەدەین و لە لایەکی دیکەوە دڵی خەڵکی ناڕازی کوردستان کە بە شێوەیەک پەرتەوازەیی حیزبەکان دڵنیگەرانی کردوون ئاشت بکەینەوە و بزووتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردستان پێشبخرێ و هاودەنگ و یەکگرتوو بکرێ. لێک نزیکبوونەوە و کاری جددی بۆ پێکهێنانی چوارچێوەیەک کە سیاسەت و گوتاری سیاسی کوردستان رێکبخات ئەرکێکی هەرە گرنگی لایەنە سیاسییەکانە.

بەشداریی پڕ گوڕوتینی خەڵکی خەباتکاری کوردستان بەتایبەت لاوانی شۆڕشگێڕ بە پێشەنگایەتیی ژنان لەسەر شەقام، ئاسۆیەکی ڕوونی لە ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی خستووەتە بەردەم خەباتی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان. ئەم گۆڕانکارییانە ئیمکانی واقعیی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمەی لەڕێگەی شۆڕشێکی جەماوەرییەوە خوڵقاندووە.

شۆرشی ژینا و دەسکەوتەکانی ئەم شۆرشە، ڕەوتی لاوازبوونی حکوومەتی ئیسلامیی خێراتر کردووەتەوە و بۆ جارێکی دیکە دۆسیەی چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسیی بەڕووی کۆمەڵگەی کوردستان کردووەتەوە. لەئاست ئەم ڕەوتە و بۆ وڵام دانەوە بە پرسە سەرەکییەکانی پڕۆسەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی و ئەگەرەکانی بەردەم، دەخوازێ چاڵاکتر لە جاران هاوکاری یەک بین بۆ وەڵامدانەوە بەپێویستییەکانی ئەمرۆی کوردستان .لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە خەباتی تائێستایان نیشانیان داوە کە هێزێکی کاریگەر و چارەنووسسازن و ئەگەر هەوڵ بۆ یەکریزی و یەکگرتوویی بدەن دەتوانن زەمانەتی پێشڕەویی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و شۆڕشگێڕانە لەکوردستان بکەن. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئێمە بۆ ساتێکش نەوەستاوین و بەردەوام بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ئەو ئامانجانەی سەرەوە تێکۆشاوین. لە داهاتووشدا ماندو نابين وهەوڵ بۆ درووست‌كردنی بەرەی كوردستانی یان هەر شتێك كە خزمەت بە یەكگرتوویی نێو ماڵی کورد لە کوردستان بکات، دەدەین. ئێستاش كاتی ئەوە هاتووە كۆمەڵگای کوردستانیش بە گشتی و بە تایبەتی كۆمەڵگای مەدەنی و جەماوەریی هاوكارێكی باش و نزیك بن لەگەڵ كۆمەڵە بۆ چەسپاندنی ئەو گوتارە و بە سەرەنجام‌گەیاندنی.

ئەمرۆ كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان هەوڵ بۆ دەستبەركردنی یەكگرتوویی حیزبەكان‌و پێكهاتنی بەرەیەکی كوردستانی بە سەرەکیترین كاری خۆی دەزانێت.

بۆ پێشەوە…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *