بەرز و بەڕێز یادی مامۆستا عومەری عەسری تێکۆشەری دێرین و نەسرەوتووی کوردستان…!

بەداخەوە مەلا عومەری عەسری تێکۆشەری دێرین و خەباتکاری لەمێژینەی کوردستان پاش ماوەیەک نەخۆشین سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٨ی ئاپریل لە وڵاتی سوید ماڵاوایی لە ژیان کردووە.
کاک عومەری عەسری یەکێک لە تێکۆشەرانی ناسراوی کوردستان و پێشمەرگە و کەسایەتیی جێگەی ڕێزی ڕۆژهەڵاتی وڵات بوو کە مێژوویەک پڕ لە سەربەرزی پاش خۆی بەجێهێشت. کاک عومەر چ ئەو کاتەی پیشمەرگە بوو و چ لە سەردەمی زیندان نموونەی خۆڕاگری و خۆنەویستی و هاوڕێیەکی دەم بە پێکەنین و قسە خۆش بوو کە جێگەیەکی تایبەتی لە دڵی هاوڕێیانیدا هەبوو.
کاک عومەر هەم لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی و هەم لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا خەباتکارێکی ماندوو نەناسی ڕێگەی ڕزگاریی خەڵکی چەوساوەی کوردستان بوو. لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا بە هۆی چالاکیی سیاسییەوە کەوتە مەترسیی گرتن و ڕووی کردە باشووری کوردستان و ماوەیەک لەوێ پیشمەرگە بوو و پاشان کە گەڕایەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیرا و ماوەیەک لە زیندانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شادا لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بوو.
پاش ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ دژی دەسەڵاتی پاشایەتی وەکوو ئەندامی شورای شاری بۆکان متمانەی خەڵکی وەرگرت و دواتر بوو بە یەکێک لە کەسایەتییە بەرچاوەکانی دەفتەری مامۆستا شێخ عیززەدەینی حوسێنی و چ لە هەوڵی دەفتەری مامۆستا بە خزمەت بە خەڵکی کوردستان و خەباتە ڕەواکەیان و چ وەکوو پیشمەرگەیەکی فیداکار ڕۆڵ و دەوری بەرچاوی لە خەبات دژی دەسەڵاتی داگیرکاری کۆماری ئیسلامی و کۆنەپەرەستیدا هەبوو. لە شەڕی بەرگری بەرانبەر بە هێڕشی حکوومەتی ئێران بۆ سەر کوردستان مەلا عومەر بەرپرسی دەستەیک پێشمەرگە بوو و سەربەرزانە ئەو ئەرکەشی ڕاپەڕاند.
مەلا عومەر کەسایەتییەکی بەهێز و جێگەی بڕوای هاوڕێیان و دۆستانی بوو و لە دۆستانی نزیک و دڵسۆزانی کۆمەڵە بوو و لە هیچ هەوڵێک بۆ خزمەت بە خەڵکەکەی و بزووتنەوەکەیان کۆتایی نەکرد. بەداخەوە مەلا عوومەری عەسری وەکوو زۆرێک لە خەباتکارانی لە مێژینەی کوردستان بە ئاوات نەگەیشت و لە دوورە وڵات ماڵاوایی لە ژیان کرد بەڵام ئاواتەکانی زیندوون و یادیان لە بەربەیانی شادی ئازادیدا وەکوو گوڵێکی سوور دەدەین لە قوببەی سەرتاجی خۆشەویستترین گوڵەکانی کوردستان.
لەدەستدانی کاک عومەری عەسری خەسارێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و جێگەی بەتاڵیان لە دڵی هەمووماندا هەست پێدەکەین. لە لایەن کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەوە سەرەخۆشی لە کەس و کار و ئازیزان و هاوڕێیانی کاک عومەر دەکەین و خۆمان بە بەشداری ئەو خەمە گەورەیە دەزانین. هاوخەمیی تایبەتی خۆمان بە وەجیهە خانمی هاوسەر و منداڵاکانیان کەژاڵ و لەیلا و هیوا و کاک مەلا عوسمانی برای ڕادەگەینین و هیوای سڵامەتی و تەمەندرێژییان بۆ دەخوازین.
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٩ی ئاڤریلی ٢٠٢٥ی زایینی