مانگرتنی دووکاندارانی مەریوان ….!

بەشێک لە دووکاندارانی مەریوان بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە گرانیی کرێ دووکان مانیان گرت.
بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە گەیشتووە، ڕۆژی شەممه ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی دووکاندارانی “بازاڕی هەورامییەکان” لە مەریوان بە داخستنی سەرجەم دووکانەکانی ئەو بازاڕه و دەست لە کار کێشانەوەیان، ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بە گران کردنی کرێ دووکانەکان دەربڕی.
جێی ئاماژەیە گرانی و هەژاری لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر دانیشتووان و لە ساڵانی ڕابردوودا تا دێ هەڵاوسان، هەژاری و بێکاری لە هەموو ناوچەکان و بەتایبەتی له ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەموو شوێنێک زیاتر له پارێزگای سنە پەرەی سەندووە و دۆخی ئابووریی ئەم بەشەی کوردستان زیاتر لە جاران بەرەو خراپی چووە. بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ڕژیم، پارێزگای سنه لە ڕیزبەندیی زۆرترین ئاستی هەڵاوسان لە پارێزگاکانی ئێراندا پلەی پێنجەمی هەیە و ئەوە لەحالێکدایە کە پێگەی کوردستان له باری کانگا و زەویی و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانەوە بەپیتە و پێگەیەکی باشی لە ڕووی بازرگانییەوە هەیە. کوردستان توانایی ئابووری بەرینی هەیە کە بە داخەوە حکوومەتەکانی ئێران چ پێش کۆماری ئیسلامی ئێران و چ لەسەردەمی کۆماری ئیسلامیدا وەکوو ناوچەیەکی داگیرکراو چاویان لە کوردستان کردووە و بۆ پێشخستنی ئەو ناوچەیە کەمتەرخەم بوون و خەریکی تاڵانی داهاتی کوردستانن.
٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٩ی ئاڤریلی ٢٠٢٥ی زایینی