بێدەسەڵاتیی ڕێکخراوە جیهانییەکان بۆ چارەسەری!

✍م.یووسف -کورسان

تا دێت گرفتەکانی خەڵک بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین پەرە دەستێنن و بە هۆی دەسەڵاتی کۆمەڵێک سیاسەتوان و دیکتاتۆری دژە گەلی ئاسۆیەکی ڕوون نابینرێت و تەنها ڕێگەی ڕزگاریی خەڵک خەباتی خەڵک و بە دەست گرتنی دەسەڵاتی ڕاستەقینە و شۆڕشێکی جەماوەریی گشتییە. هیوا بەستن بەوەی کە لە دەرەوەی ئەم جۆگرافیایە کەسێ یان ڕێکخراو و دەوڵەتێک دێت لەم مەینەتانە ڕزگارمان دەکات، سەراب و تراویلکەکەیەکە. دەبێ خەڵکانی ئەم ناوچە بە تایبەت گەلانی دانیشتووی ئێران لەوانە گەلی کورد بە تەمای هێزێکی دەرەکی نەبن کە بێت و ڕزگاریان بکات و خۆیان دەس بە کار بن. وەک ئەوەی ئێستا دەیبینن کۆمەڵی مرۆڤایەتی لە هەموو بوارەکانی پەیوەست بە ئازادی و مافەکان لە هەر کاتێک پتر رووبەڕووی گرفتیی گەورە بۆتەوە، بەڵام هاوکاتیش ئەو سیستەمەی کە جیهان بەڕێوەدەبا بە دەیان ڕێکخراوی جیهانیی و ناوچەیی بە ناوی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەوە دروستکردوە.

لێرەوە دەکرێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین؛ ئایە ئەو ڕێکخراوە جیهانی و ناوچەییانەی ئێستا کەلکی ئەوەیان پێوە ماوە هیوایەکیان لەسەر هەڵبچنین؟

وەک ئەوەی پرسیارەکە زۆر رۆشن و بێ تەمومژە دەمەوێ بە هەمان شێوە و بێ کلک و گوێ بۆکردن و ئاڵۆزکردنی بابەتەکە هەر بە سادەیی و بە پشتبەستن بە چەند بەڵگەیەکەوە وەڵام بدەمەوە.

سیستەمێک بەو هەمووە توانە مادی و زانستییەی خۆیەوە کە خەریکە بە نێو ئاسمان و ئەستێرەکاندا تەڕاتێن دەکا، بەڵام ناتوانێ ژیانی سەدان و ملیۆنان کەس رزگار بکا کە بە تایبەت لەم سەردەمەی کڕۆنا دا ڕۆژانە بە هۆی نەبوونی بژێوی ژیان و نەبوونی دواودەرمان و پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەیان گیان لەدەستدەن! ئایا دەکرێ لە رێگەی ئەو ڕێکخراوانەوە گرفتەکان چارەسەر بکرێن؟!

سیستەمێک سەری زمان و بنی زمانی ئازادی و یەکسانی و ئاسایش و ئاشتی و مافەکانی مرۆڤە و ڕۆژانە بە میلیادرها دۆلار لە رەنجی مرۆڤەکان دەگێڕێتەوە و بە ناوی ئەو ڕێکخراوانە دەیخاتەگەڕ، بەڵام ڕۆژانە بە سەدان و بە هەزاران مرۆڤ تەنیا لەبەرئەوەی رەخنە لە دەسەڵات و دین و دابونەریت دەگرن، تەنیا لەبەرئەوەی ژنن و دەیانەوێ وەک مرۆڤ بژین دەستبەسەر دەکرێن و دارکاری دەکرێن و بە دڕندانەترین شێوە دەکوژرێن! ئایا دەکرێ لە رێگەی ئەو ڕێکخراوانەوە گرفتەکان چارەسەر بکرێن؟!

سیستەمێک لە هەموو رێکەوتننامە نێونەتەوەییەکان دانی بە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و سەربەخۆبوونی گەلاندا ناوە، بەڵام تا ئێستا بە لۆژیکی هێز بەرخورد لەگەڵ ئەو مافانە دەکا و هەر ئێستا خەڵکی کوردستان و بە دەیان گەلی دیکە تەنیا لەبەر ئەوەی داوای ئەو مافانە دەکەن بەوپەڕی توندوتیژییەوە تا ڕادەی لەنێوبردنی بەکۆمەڵ دەچەوسێندرێنەوە! ئایا لە رێگەی ئەو ڕێکخراوانەیەوە گرفتەکان چارەسەر دەکرێن؟!

ئیدی باسی پاراستنی ژینگە و لەبەرچاوگرتنی مافەکانی ئاژەڵانیش هەر ناکەم کە ئەو سیستەمە چ کارەساتگەلێکی بەسەردا هێناون.

رەنگە کەسانێک هەبن بڵێن بەڵام خۆ ئەو ڕێکخراوە جیهانی و ناوچەییانە دەستکەوتی خەبات و تێکۆشانی مرۆڤەکانن پێویستە دەستبەرداریان نەبین و هەر هەبوونیان باشترە لە نەبوونیان.

بۆ ئەوەشیان دەڵێم؛ بەڵێ ئەو ڕێکخراوانە کاتێک دەستکەوتی مرۆڤ بوون کە سیستەمەکە جیهانی کردبووە دوو جەمسەر و لەبەر ململانێی یەکدی نەیاندەتوانی ئەو دەستکەوتانە هەڵبوەشێننەوە، بەڵام ئێستا سیستەمی یەک جەمسەری کەڵەگایی سەرمایەداری باڵادەستە و لە هەوڵی ئەستاندنەوەی هەموو دەستکەوتەکانی خەڵکدایە. هەر بۆیە ئێستا ئەو ڕێکخراوانە کەلکی ئەوەیان پێوە نەماوە هیچ جۆرە هیوایەکیان لەسەر هەڵبچندرێ. بەڵکە پێویستە ئازدایخوازان و یەکسانیخوازان لە دەرەوەی دەسەڵات و سیستەمەکە ڕێکخراوگەلێکی جیهانیی خۆیان دابمەزرێنن!