با هەموومان دژی کووشتنی ژنان هەڵوێست بگرین
با هەموومان دژی کووشتنی ژنان هەڵوێست بگرین
ع.بروسکە
کارەساتەکانی کوشتنی ژنان و کچان بەدەستی بنەماڵە لەوانە باوک برا بە بێ وەستان هەروا لە گەشەسەندن دایە . رۆژ نیە هەواڵێکی کورت لەسەر کوشتنی ژنان و کچان لە میدیاکاندا بڵاونەبێتەوەو ویژدانی هەر ئینسانێک ئازار نەدات. بەگشتی کوشتنی ژن کینەییەکە بەهۆی دواکەوتوویی و قبوول نەکردنی ئازادی تاکەکان بە تایبەتی ژنان لەکۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا بەر چاودەکەوێ. کوشتنی ژن لەلایەن پیاوەوە بەھۆی ژن بوونیان ، گرفتێکە کە ئەمرۆ بەزۆری روودەدەن و رۆژانە ئێمە شایدی بێبەش بوونی ژنێک یان خۆ کچێکی بنەماڵە لەمافی ژیانکردنین . بە پێی ئەو سەرژمێریانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی دادکۆکیکار لە مافی ژنان بڵاو بۆتەوە باس لەوە دەکەن کە ھەموو ساڵێک ٦٦ ھەزار ژن بەشێوەیەکی توندوتیژانە لە لایەن بنەمالە ، هاوژین، باوک و برا یان خۆ خزمەوە بە بیانوی زۆراوجۆ لەمافی ژیانکردن بێبەش دەکڕێن. ڕێژەی کوشتنی ژنان بە پێی ئاستی کۆمەڵگاکان جیاوازە . بەڵام بەگشتی لە وڵاتە دواکەوتۆکان ڕێژەکە زۆرترە . بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە ئایینە جۆراوجۆرەکان تیاندا زاڵە. ئەمرۆ ٢٥ وڵاتی دونیا خاوەنی بەرزترین ڕێژەی کوشتنی ژنانن .
لەئامریکای لاتین ٥٠لەسەدی ژنان یان دەکەونە بەر تووندوتیژی یان خۆ زۆر بێبەزەیانە دەکوژرێن . سەرژمێریەکان باس لە حەوت وڵاتی ئوروپایی سێ وڵاتی ئاسیایی و یەک وڵاتی ئەفریقایی دەکەن کە تووندو تیژی و کوشتنی ژنان تیاندا بە شێوەیەکی سەر سوور هێنەر بەرێوە دەچێ.
بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەراست کوشتن و تووندوتیژی نوادن دژی ژنان بە رێژەیەکی بەرچاوو جیاوازتر لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەرێوە دەچێ.
لێرە چەمکێکی جیاکاریخوازی رەگەزی کە پێی دەوترێت”شکۆ ، ئابڕوو یان خۆ وشەیەکی قێزەونی وەک نامووس” رۆژانە ژیانی ژنان و کچانی ئەم دەفەرە دەکاتە ئامانج و دۆزەخێکی ڕاستەقینە. لەو ناوچانە ژیان سنوردارە . دابونەریتەکان قێزەوون و باس لەتەمەنێکی دورودڕێژو دەکەن کە لایەن پیاوان و گەورەکانی بنەماڵە وە بەرێوە دەچێت وبە پالپشتی یاساو ڕێسای ئایینی بەکردەوە دەردێن کەئەمە خۆی زیانبارەوبەتەواوەتی ژنان و کچان سنووردار دەکات. لێدان،ئەشکەنجەی لەش و روح، خەتەنە، لووت برین،بەزۆربەشوودان،گەورەبەبچکۆڵە،یاسای قێزەوونی چوارژنە،بەردەباران و ئەسیدپڕژاندن بەرۆخساری ژنان،ئەو کردەوە دزێوانەن کە بەداخەوە لە لایەن پیاوانەوە بە دژی ژنان بەرێوە دەچێ. چەوساندنەوەی ژن یەکێک لەو دیاردانەیە کەئاوێتەی گشت کۆمەڵگاکانە.بەڵام ئەو بارودۆخەی کە لە ئێراندا بە پاڵپشتی یاساو ڕێسای ئایینی ئیسلام بەسەر ژناندا سەپاوە لە کەمترین شوێن لە دونیادا بەڕێوە دەچێت.لەبەر ئەوەی کە لە ئێراندا کۆماری ئیسلامیی بە پشت بەستن بەیاسای ئیسلامی دەسەڵاتی نەحسی خۆی بەڕێوەدەبات. لێرە دیاردەی قێزەوونی پیاو مەزنی قسەی یەکەم دەکات. ژن لە ئیسلامدا زەعیفەیە. وەک نیوەی پیاو ئەژمار دەکڕێت و ڕەگەزێکی ژێر دەستەیە. کۆماری ئیسلامی کە بەڕبەڕیەتی خۆی کردۆتە وەسیقەی ڕزگار کردنی ئایینی ئیسلام و بە گشت یاسا و ڕێسا و جەنایەتەکانیەوە ژنانی بەرەو پێگەیەکی بە ئاشکرا کۆیلەئاسا پاڵ پێوەناوە. ژن لە هەموو جێگایەک و لە گشت کاروباری ژیاندا لە هەمان سەرەتای منداڵیەوە وەک ڕەگەزی ژێردەستە سوکایەتی پێدەکرێت. ژن هەموو تەمەن و ژیانی لەژێردەسەڵاتی پیاودایە.
هەر ئەم بارودۆخە دژی ئینسانییە دەستی پیاوانی ئاوەلا هێشتۆتەوە لە کوشتنی ژنان ، لە بێرێزی کردن بەژنان و تووندوتیژی نواندن دژیان.
لە کۆمەڵگای کوردستانیشدا ئێمە شاهیدی کووشتنی ژنان و کچانین و ڕێژەکە بەداخەوە لێرەش کەم نییە و زۆر بەرچاوە . بۆ نموونە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ١٠٨ حاڵەتی ژن کوشتن لەلایەن ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی ژنانەوە ، تۆمار کراوە. ئەمە مانشێتی زۆربەی هەرە زۆری رۆژنامەکانە: کچێک یان خۆد ژنێک بە پاساوی پاراستنی شەرەف وناموس، لە لایەن باوکییەوە لە شاری سەڵماس، لە مافی ژیان کردن بێبەش کڕا . سنە : کوژرانی ژنێک لە لایەن هاوژینەکەیەوە. پاوە : ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کووشتنی ژنێکی دووگیان و مندالێکی دووساڵان لەلایەن هاوژینەکەیەوە . کوشتنی ژنێکی گەنج لە بجنوورد بە پاساوی نامووس و شەرەف. لە بۆکان ژنێک خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی هێنا. لە مەهاباد کۆتایی بەژیانی کچێک هات . لە کامیاران کچێک بە دەستی بڕاکە کوژرا. لە مەریوان ژنێک دەبێتە قوربانی داب و نەریتی پیاو مەزنی . لە دیواندەرە ژنێک بە کوژراوی لە بن پردێک دا دۆزرایە. بەداخەوە لەسەرەتای مانگی خاکەڵێوەی ئەمساڵەوە ٦٩ حاڵەتی ژن کوشتن کە ١٢ حالەتیان بەپاساوی پاراستنی شەرەف و ناموس بووە، لەکوردستان کوژراون . ئەم ڕێژەیە بۆ کۆمەڵگای کوردستان هەم زۆرەو هەم ئەم هەواڵانە ویژدانی هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز ئازاردەدات . بەپێی مادە٦٣١ ی یاسای بنەرەتی ئیسلامی، ئەگەر پیاوێک هاوسەرەکەی خۆی لەگەڵ پیاویکی دیکەدا لە ژوری خەودا ببینێ و بیکوژێ، قەتڵی ئەنجام نەداوە و هیچ جۆرە سزایەک نادرێت. لە حاڵێکدا ئەم مافە بۆ ژن لەبەرچاو نەگیراوە. مادەی ٣٠٠ی یاسای ئیسلامی دەڵێ: دیەی کوشتنی ژنی موسڵمان بە ئانقەست بێ یان نا نیوەی دیەی پیاوێکی موسڵمانە. مادەی ١٠٢ی ئەم یاسایە دەڵێ: پیاو لە کاتی بەردباران کرانیدا تا نزیکی پشتێنەی و ژن تا نزیکی سینگی لە چاڵ دەندرێن ئەوکات رەجم دەکرێن. ئەمانە تەنیا چەند نمونەیەک بوون لە یاسای دژی ژنی رژیمی کۆماری ئیسلامی کە لەگەڵ داب و نەریتی پیاومەزنی زاڵ بەسەرکۆمەڵگادا بارودۆخی ژیانی ژنانیان لە کورستاندا خستۆتە مەترسیەوە.
توندتیژی و کوشتنی ژنان و کچان سنورێکی نییە و وەک دیاردەیەکی دزێوی کۆمەڵایەتی، هەموو کۆمەڵگای ئێرانی بە کوردستانیشەوە تەنیوەو مێژوویەکی هەزاران ساڵەو قێزەونی بۆخۆی تۆمار کردوە.کوشتنی ژنان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و وەک هەر دیاردەیەکی تر دەبێ بەستێنی سەرلەنوێ رەگئاژۆ کردنەوەی بناسین و بەپێی تایبەتمەندیەکانی بە شێوەی رێکخراو و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ خەبات لەدژی، هێزی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازی بۆ بانگەواز کەین .دەبێ گوشارێکی وەها بخرێتە سەر دەسەڵات کە پەسەندی بکەن ڕەچاوکردنی هەموو جۆرە توندوتیژیەک لەدژی ژنان لە ماڵەوە، قوتابخانە، ناوەندەکانی کار و لە هەرجێگایەکی دیکەی کۆمەڵگەدا، سزای قورسی بەدواوە بێت.
نابێ هیچ کەس ئیجازە بە خۆی بدات توندوتیژی لەدژی ژنان بە ئەمرێکی تاکەکەسی، بنەماڵەیی، نەتەوەیی، داب و نەریت و ئایین، بزانێت و لە بەدواداچوون و سزای یاسایی بەدوور بێت. هەر کەسە و بەهەر شێوەیەک لەدژی ژنان توندوتیژی ئەنجام بدات، بەبێ هیچ ئەملاو ئەولایەک دەبێ سزا بدرێت. نە تەنیا دەبێ هەموو جۆرێکی ئازاردان و سوکایەتی کردن لە کۆمەڵگە و هەر شێوەیەک لە توندوتیژی لە شوێنی کاردا بە تەواوەتی قەدەغە بکرێت، بەڵکو دەبێ ئەو کەسەی کە کووشتنەکەی کردوە بە تووندی سەزا بدرێ جا ئەو کەسە باب بێ یان برا یان هاوژین .