با سەرپۆشەکان فـــرێبەین…!

دوارۆژ

لە ڕێکەوتی ٩ی گوڵانی ١٤٠٢ی هەتاوی و لەکاتی سەرهەڵدان و گەشەی روو لە خێرای شۆرشی مەزنی “ژن، ژیان، ئازادی” گەڵاڵەیەک لەلایەن دەزگای قەزایییەوە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی ژینا خرایە دەستوری کارەوە بە مەبەستی گونجاندن و پەسەند کردنی لە یاسای کۆنەپەرەستانەو دژی ژنی کۆماری ئیسلامیی درایە دەستی دەوڵەتی ئیبراهیمی رەئیسییەوە.  ئەو گەڵاڵەیە کە بە ناوی یاسای“حیجاب و عیفاف” ناودێر کراوە لە پێشووتریشدا هەوڵی پەسەند کرانی درابوو بەڵام هەرجارە بە شێوەیەک شکەستی دەخوارد و جێبەجێ نەدەکرا. هۆکاری پەسەند نەکردنەکەشی ترسی شۆرای نیگابان لە درێژەکێشان و بەردەوام بوونی شۆرشی ژن ژیان ئازادی بوو. شۆرای نیگانان لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ئەم یاسایە وێرای گونجاندنی چەندین خاڵ و گۆڕانکاری و درێژ کردنەوەی ماوەی ڕاگەیاندنی، کاتێک پەسەند بکات و بیسپێرێ بە مەجلیس و پاشان بە دەوڵەت بۆ بەکردەوە دەرهێنانی کە ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەم شۆڕشەدا تێپەر بووبێ.

سەرەنجام  لە سەرەتاکانی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ دوای دووهەمین ساڵیادی مەرگی ژینا، ئەم گەڵاڵە دژەژنەی بە چەندین ئاڵووگۆرەوە پەسندکرا.

 جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە دەوڵەتی سێزدەهەمیش لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، گەڵاڵەیەکی دژە ژن و بێشەرمانەی دیکەی لەژێرناوی “تەرحی نوور” بۆ داسەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر ژنان بەڕێوە برد. بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئەم گەڵاڵەیەش سەرەڕای هەڵسووکەوتی سەرکوتگەرانە و وەحشیانەی هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکان، بەهۆی خۆڕاگری و خەباتی ژنان و پشتیوانیی کۆمەڵگا لێیان، بەرەوڕووی شکست بووەوە.

شۆرشی مەزنی ژینا بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “نە ڕووسەری، نە تووسەری، ئازادی، یەکسانی”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی” و بە کردەوەی سەمبۆلیکی وەک فڕێدانی حیجاب لەسەر شەقام، یەکێک لە بنەماکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی حکوومەتی ئیسلامییان وێران کرد. ئەم شۆرشە لەو جێگەوە کە بەهێزترین پێگەی ئیسلامیی سیاسیی بە یاسای سەختی دینییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایە بەر پەلاماری ئایدیۆلۆژیک، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن لە ناوچەکە خستە قۆناغێکی نوێوە. سووتاندنی سەرپۆش و فرێدانی لە ناو کۆروکۆبوونەوە جەماوەرییەکان، ئیسلامی سیاسی بەشێوەی بەرین ڕسوا کرد. رۆڵ و کاریگەریی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” هێندە بەهێز بوو کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هیچ کام لە ناوەندەکانی حکوومەتی ئیسلامیی، توانای جێبەجێکردنی ئەم یاسا کۆنەپەرەستەیان نەبوو.

“حیجاب و عیفاف”ی ئیسلامیی، ٧١ ماددە لەخۆ دەگرێت کە زۆربەی ئەم ماددە و بڕگانە ژن وەک کۆیلە لە چوارچێوەی ماڵ و کۆمەڵگەدا وەک ژێر چەپۆکە دەهێڵێتەوە . 

رژیم نیگەرانە و باش دەزانێ کە ئەمجاریش لە هەوڵی خۆی شکست دەهێنێ. هەر بۆیە بە هەموو هێز و بە هەموو دەزگا سەرکوتگەرییەکانی خۆیەوە سەرقاڵی هۆشداری دانن. ئەوان شاهیدی گۆڕانی باروودۆخی ناو کۆمەڵگان و باش دەزانن کە هاوسەنگیی هێز لەئاستی کۆمەڵگەدا، گۆڕاوە.

 ئەم هاوسەنگیی هێزە و ئەم گۆرانە بەرهەمی خەباتی زیاتر لە ٤٥ سالی ژنانە لە کۆمەڵگای ئێران. بە تایبەتی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ئەم هەوڵ و تەقەلایەی ژنان لە شۆرشی ” ژن،  ژیان ، ئازادی، ” بە کردەوە چووە ناو قۆناغێکی نوێ و گەڵێک هەستیارەوە. خەباتی نەپساوەی ژنان لەماوەی دەسەڵاتی نەحسی کۆماری ئیسلامیی و بۆ نموونە بەشداریی بەرین و بوێرانەی ژنانی ئازادیخواز لەشۆرشی ژینادا، سەرچاوەی ئەو بەرخۆدانە بەرینەیە کە ئەمڕۆ لە بواری خەبات دژبە  “حیجابی زۆرە ملی ” خۆی نیشان داوە و خامەنەیی و ئیمام جومعەکان و کاربەدەستانی ڕژیم و فەرماندەکانی هێزی ئیتزامیی هەراسان و پەرێشان کردووە. دیارە مەسەلەی “جیجابی بە زۆر داسەپاو ” تەنیا یەکێک لە شێوازەکانی ستەمی ژنان لە کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدایە. خەبات دژبە “حیجابی زۆرە ملی “بە تەنیا ناتوانێ بەرینایی خەباتی ڕزگاری بەخشی ژنانی ئێران نیشان بدات، بەڵام بەربەرەکانێ  لەگەڵ ئەم یاسا و سوننەتە کۆنەپەرستانەیە، ئەمڕۆ بووەتە هێمایەک لە بەرخۆدان و خۆڕاگری بەرامبەر بە یاسا ئیسلامییەکان وپشت گۆێ خستنی یاسای بە زۆر داسەپاوی حکوومەتی. دیاردەی بەدحیجابی کە بەمجۆرە خامنەیی جەلاد و باقیی کارەبەدەستانی کۆنەپەرستی ڕژیمی نیگەران و هەراسان کردووە، ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئاستێک کە ڕژیم توانای کۆنتڕۆڵکردنی لەدەست داوە. هێزی ڕەوانەکراو بۆ سەرشەقامەکان بۆ پاشەکشە پێکردن بە لەشکری ملیۆنیی ژنانێک کە لەڕێگەی لابردنی ڕووسەرییەکانیان ڕژیمی ئیسلامیی و یاساکانیان بردووەتە ژێر پرسییارەوە، کارامە نییە. جەماوەری بوونەوەی ئەم خەباتە ڕژیمی لە بەرامبەریدا داماو و بێ توانا کردووە. هەراوهوریای ئیمامانی جومعە و هەڕەشەی فەرماندە نیزامییەکان  نەک نیشانەی هێز و توانای ئەوان بەڵکوو لەڕاستیدا دان پێدانان بە شکستیانە.

ئەمڕۆ ڕق و تووڕەیی خامنەیی و باقیی کۆنەپەرستانی ناوەوە و دەرەوەی دەسەڵات لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ساڵانێکە سەرەڕای خەرجی زۆر لە گیرفانی خەڵک و ٤٥ ساڵ چالاکیی پڕوپاگەندەی ناوەندە ڕەنگاوڕەنگەکانی دواکەوتوویی ئایینی و دەزگا سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامیی نەیانتوانیوە “بەربەستە شەرعییەکان”ی دڵخوازی خامنەیی جێگر بکەن و بەسەر خەڵکدا دایسەپێنن. یاساو رێسای قێزەونی ئیسلامیی بەمانای یەخسیر کردن و لەناو ماڵدا هێشتنەوە و بێ مافکردنی یەکجاریی ژنانە. کاربەدەستانی ڕژیم لە سەرەوەی هەموان جینایەتکارێکی لەچەشنی خامنەیی بێجگە لەوەیکە دەیهەوێ ژنان لە هەمان کۆت و بند و یەخسیریدا ڕابگرێت، فێڵبازانە بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی، بەتەمایە مەسەلەی حیجاب، ئەم هێمایەی کۆیلەتیی ژنان، بکاتە مەشغەڵەی ئەوان.  ڕۆڵی ژنانی خەباتکار بەتایبەت دوای شۆرشی ژینا حاشاهەڵنەگرە. ئەمرۆ ژنان لە ڕیزی یەکەمی ئەم بزووتنەوانە دان و لە ڕێنوێنی و ڕێبەرییاندا ڕۆڵی سەرەکیان هەیە. خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە هەوڵی سەرەکی ڕژیم لەم بوارەدا بێ ئاکام بووە و نیتوانیوە و ناشتوانێ بەر بە خەباتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دژبە کۆت و بەند و دواکەوتوویی بگرێ. لەئێستادا خەباتی ژنان بووەتە بەشێک لە خەباتی بەردەوام و ڕۆژانەی خەڵکی بێبەشی ئێران دژبە بێکاری، هەژاری، گرانی و کێشەکانی تری ناو کۆمەڵگەی ئێران و نیشانەی ئەو راستییەن کە ژنان و پیاوانی ئێران، لە خەباتی خۆیاندا بەرەو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی هەنگاوی بێ پسانەوە هەڵدەگرن.

بێ گومان دانان و کەڵک وەرگرتن لە “مەئموورانی کۆنترۆڵکردنی حیجاب” لەناو شوێنە گشتییەکان و بەتایبەت لە میترۆکان و “چاودێر” بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی جلوبەرگی کچانی لاوی وڵات، بەشێکە لەو شەڕە سەرتاسەرییەی کە حکومەت لەدژی ژنانی ئێران خستوویەتە ڕێ. بەڵام پێشڕەوی ژنانی بوێر و ئازادیخواز لەم سەنگەرە و لەم نەبەردە دا حاشا هەڵنەگرەو بە کردەوە ڕژیمی خستۆتە دۆخی بەرگریکردنەوە. 

راستییەکەی ئەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی ئێران بەهۆی کردار و یاسا ئیسلامییەکان دژی هەموو دین و یاساو رێسایەکی دینین. خەڵکی ئێران “ئاخوند و دین ” بە هۆکاری دواکەوتوویی وگەندەڵی، سەرکوت، تاڵان و بوونی یاسای کۆنەپەرستانە و هەڵاواردن دەزانن.

نابێ لەبیری کەین کە یەکێک لە داخوانیەکانی شۆڕشی شکۆداری ئێستا دابین کردنی مافەکانی ژنان بەپێی ئاخرین ئیستانداردەکانی ئەمڕۆی دنیای پێشکەوتووە. هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری و تێکەوە پێچرانی هەموو ناوەندەکانی سەرکووتی ژنان، هەنگاوێک دەبێت لە پێناوی دەستەبەر کردنی ئەم داخوازیە بنەڕەتیەدا.

بردنی کۆماری ئیسلامیی بەرەو روخاندن، دەبێ هەنگاوی یەکەم بێت بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگایەک کە تێیدا دابین بوونی ماف و ئازادی و یەکسانی تەواوی ژنان و پیاوانی تێدا ببێتە پێویستەیەکی بنەڕەتی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی شیاوی ئینسانی کە ئاکامەکەی سڕینەوە و ڕیشەکێش کردنی چەوساندنەوەی ژنانە.

فڕێدانی سەرپۆش بەکردەوە دەتوانـــێ “یاسا بە زۆر داسەپاوەکان ” هەڵوەشێننەوە. بێگومان هەڵمەتێک کە لەم بوارەدا دەستی پێکردووە دەکرێ بەسەرەنجام بگات. ڕژیم لە بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ بەدحیجابیدا کەوتووەتە سەر لێواری هەڵدێر. با هەموومان پێکەوە سەرپۆشەکان فڕێ بدەین و بەرەو دونیای ئازادی هەنگاو بنێن…