بایكۆتی چالاكانە و یەكگرتووانەی شانۆگەرییەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریی ئەرکی هەر تاکێکی گۆمەڵگایە
ئەوەی كە كۆماری ئیسلامی بەرەو هەڵبژاردنەكانی پێشوەختە و خێرا هاندەدات، هەلومەرجی قەیراناوی و ئاستەنگە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانە كە كۆماری ئیسلامی بە سەرجەم پێكهاتەو دامودەزگای سەركوتی چل و پێنج ساڵەیەوە، بە شەڕێكی سەرتاسەری لەدژی خەڵك، نەتەوەكان، كرێكاران و ژنان، هەوڵ بۆ دەستەبەركردنی شەرعییەتە لە دەست چووەكەی دەدات. هەوڵی رژیم بۆ درێژەدانە بە دەسەڵاتێك كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بزووتنەوە جەماوەرییەكان كێشە و ئاستەنگی جیدی و كۆسپ و تەگەرەی بەهێز و پتەویان لە بەردەمدا پێكهێناوە.
قسە و باسەكانی حەفتەكانی ڕابردوو و شانۆگەرییە دووپات كراوە و هەر جارەو گاڵتەجاڕانەتری بەیتی ڕێبەریی، پیشاندەری بێدەسەڵاتی و مایە پووچ بوونی رژیمێكە كە تەنانەت كەسە ناوخۆییەكانی ئاڵقەی بەیتی ڕێبەریی هیوایان بە مانەوەی نیزام ئەگەریش لە دەست نەدابێت، بە پێویستی نازانن كە گرەوەی لە سەر بكەن. قەیرانی قووڵی ئابووریی، بێدەرەتان كردنی ژیان و چارەنووسی دەیان ملیۆن بنەماڵە لە كاتێكدا كە بەشێكی هەرە گەورە لە سەرەوت و سامانی ئێران بۆ پڕچەککردنی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان كەڵكی لێ وەردەگیرێت، هێمای هیچ شتێكی تر نییە بێجگە لەوەی كە سەركردەكانی رژیم هیوایان بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە نەماوە. سەرکوتی ژنان و ئازادیخوازان لە شارەكان، ترس و بێدەسەڵاتی رژیم لە ئاست پەرەسەندنی ئازادییە تاكەكەسیەكانە لەپاش شۆڕشی ژینا، کە گۆڕانێکی گەورەی مێژوویی لە بەها و پێوەرە تاكەكەسی و كۆمەڵایەتییەكاندا دروستکرد، نیشاندەری ئەوەن کە چیتر سەرکوتی شەقام یان پلان و پڕۆژەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیش کاریگەری لەسەر بزوتنەوەکەدا نیە.
هەڵبژاردنی پێشوەختە و ئەویش دوای كوژرانی دوو ئەندامی گرینگی كابینە، دەرخەری تەسك بوونەوەی ئاڵقەی كەسە ناوخۆییەكانی بەیتی ڕێبەرییە كە پلانی سڕینەوەی فیزیكی گرنگترین و نزیكترین یارەكانی دادەڕێژێت و جێبەجێ دەكات. پەرەسەندنی شەڕی دەسەڵات لە نێو ئاڵقەی كەسە نزیكەكانی بەیتی ڕێبەریی، دەستێوەردانی ئاشكرای خامنەیی لە موهەندیسی كردنی هەڵبژاردنەكان، بێبەشكردن لە خۆ پاڵاوتنی سەرۆكە پێشووەكانی مەجلیس و سەرۆك كۆمار و ئەندامانی كابینەكانی دەوڵەت، سەپاندنی شەش بكوژ، شەش پاسدار و گەندەڵكار و هەڵبەت شەش موریدی سوێند خواردووی بەیتی ڕێبەریی، لەگەڵ شانۆگەریی گاڵتەجاڕانەی كۆنە ڕیفۆرمخوازێك، دەرخەری بێ متمانەیی زیاتری خامنەییە لە داهاتووی نزیكی خۆی.
لە كوردستاندا كە لەم ساڵانەی دواییەدا زیاتر لە هەر كاتێكی تر، قورسایی، ڕەوایی و جێگە و پێگەیەكی قورستری لە گۆڕانكارییە سیاسییەكاندا بە دەستهێناوە، شانۆگەرییەكانی هەڵبژاردن نەک تەنیا بە هەند وەرنەگیراوە، بەڵكوو هەر جارە و لەگەڵ بایكۆتی بەربڵاوتر و نەچوونە بەردەم سەندووقەكان، ئیرادە و یەكگرتوویی نەتەوەیەكی چەوساوە بۆ خۆدەرخستن و دەڕبڕین و پێداگری لە سەر مافی دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان بەرەوڕوو بووەتەوە.
لە بایكۆتی ڕیفڕاندۆمە چەواشەكارانەكەی نەورۆزی ٥٨ەوە تا سەرجەم شانۆگەرییەكانی هەڵبژاردن، كوردستان سەرمایەیەكی سیاسی گەورەی پاشكەوت كردووە كە لە هاوكێشە و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ئێستا و داهاتوودا شوێن و پێگەیەكی بەهێزتر و پتەوتری پێدەبەخشێت.
كۆمەڵە كە لە مێژەوە هەڵبژارنەكانی كۆماری ئیسلامی بە ناوی شانۆگەرییەوە ناودێر كردووە، خەڵكی خەباتكاری كوردستان، حیزبە سیاسییەكان و كۆمەڵگای مەدەنی و سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی ئێران بانگهێشت دەكات كە نە تەنیا بەربڵاوترین بایكۆت بگرنەبەر، بەڵكوو بە ڕاگەیاندنی هەڵوێست و بانگەوازی هاوبەش و بانگهێشت بۆ كردەوەیەكی جەماوەریی و ملیۆنی لە ڕۆژی هەڵبژاردندا، ڕیسوا بوونی وەها شانۆگەرییەك بە شێوەیەكی بەربڵاوتر پیشان بدەن.