ئەوەی ”با” بچێنێ، تۆفانیش درەو دەکا…!

عەزیز ئاجیکەند
رووداو و پێشهاتەکان لە ماوەی ١٢ ساڵی رابردوودا بە تایبەتی شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە به ”بەهاری عەرەبی” دەناسرێن، وێڕای ئەوەی رواڵەتی راستەقینەی ناوچەکەیان گۆڕی، نەک ئەوەی نەیانتوانی دیمۆکراسی و ئازادی لە ناوچەکە سەقامگیرکەن بەڵکوو بوون بە مایەی ماڵوێرانی هەم بۆ جەماوەر هەم بۆ وڵاتەکەیان. دەسەڵاتداران سەرەڕۆتر بوون و لەجەماوەر زیاتر دابڕان و بوون بە قەسابی گیانی خەڵک. ئابووری وڵاتانی داڕماند و ژیان و گوزەرانی خەڵکیان وێران کردوو لەپاڵ ئەوەشدا بە دەیان و سەدان گروپی تیروریستیان بار هێناو مەشقیان پێکردن و پڕ چەکیان کردن و بەگژ خەڵکیان دا کردن.

ئەگەر چی بەهاری عەرەبی و كێشە ئابورییەكانی دوای داشكاندنی ئابوری جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەرفەتێكی زێڕینی بۆ ئەمەریكا ڕەخساند تا پەرە بە هێژموونی خۆی لە ناوچەکە بدات و بەم شێوەیە زۆرترینی وڵاتەکان بێنێتە ژێر ڕکێفی خۆی بەڵام لە پەراوێزیشدا هەبوون وڵاتانێکیش کە بەدڵی ئامریکا نەجووڵانەوە و بەربەستی جیدیان بۆ ئامریکا و هاوپەیمانانی لەناوچەکە دروست کرد.

پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی جیهانی یەكەم و سەردەمی سەرۆکایەتی “ودوور ویلسونی” . بەڵام ئەم پرۆژەیە لە ساڵی ٢٠٠٢ لەسەردەمی جۆرج بۆشدا ڕاگەیندرا. ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە دروست کردنی پشتێنیەکی ئەمنییەتی گەورەو بەهێز بەدەوری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دا بوو. پرۆژەکە لە پێناو ٣ ئامانجی سەرەکیدا گەڵاڵە کرابوو. یەکەم داڕشتنەوەی سەرلەنوێی سنوری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دووهەم سەپاندنی هێژموونی دەسەڵاتی ئامریکا وەک تاقە جەمسەر و سێهەمیش پاراستنی ئاسایشی وزەو ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل.

ئامریكا دەیهەویست لە ڕێگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە وانە پاكستان و ئێران، دەستی بگات بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و یەكێتی سوڤیەتی جاران. ئامریکا چاوی تەماعی لە وڵاتانی قەفقازو ئەرمەنی و ئازەربایەجان و جۆرجیاش بوو و دەیهەویست پاكستان، ئەفغانستان، ئۆزبەكستان، تاجیكستان، قێرقیزستان و توركمەنیستانیش بێنێتە ژێر هەیمەنەی خۆی و پڕۆژەکە گەورەتر بکات و بەمجۆرە دەسەڵات و هێژمۆنی وڵاتانی چین و رووسیا کەم بکاتەوەو سنوورداریان بکات. لە دوای ڕووداوەكانی یازدەی سێپتەمبەرو هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئەفغانستان، پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە بەفەرمی لە لایەن کۆشکی سپێەوە ڕاگەیندراو بەمجۆرە و بە کردەوە جیهان بەسەر دووبەرەدا دابەش كرا، بەرەی ئامریکاو بەرەی دژی ئامریکا. کۆماری ئیسلامیی هەر لەسەرەتاوە دژی پرۆژەکە بوو هەربۆیە زۆر زوو کەوتە جووڵە و دوای روخانی سەدام حوسێن هەوڵیدا کۆسپ و تەگەرە بخاتە بەردەم پیلانەکانی ئامریکاو لە رێگای گرووپ و تاقمە بەکرێگیراوەکانی خۆی، عێراقی كرد بە ناوچەی پاوانخوازی خۆی و بەمەشەوە نەوەستاو دوای بەهاری عەرەبی بۆ فراوانكردنی هێزو دەسەڵاتی زیاتر لە ناوچەكەداو دەستی بەسەر پایتەختی چوار وڵاتی عەرەبی لەوانە به‌غدا و دەمێشق و سەنعا و بەیروتدا گرت. بەهێزترین ئامرازی دەستی ڕژیمی ئێران بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ئامانجەکانی پلانی هەمیشەیی خۆی یانی هیلالی شیعە بوو. کۆماری ئیسلامیی هەر لە سەرەتاوە دەیهەویست کە شادەماری رەوتە سیاسییەکانی شیعە لە ناوچەکەدا بەدەستەوە بگرێت ئەوان بە دژی ئامریکاو هاوپەیمانەکەی واتا ئیسرائیل بەکار بێنێ و هەنگاو بۆ بە دەوڵت کردنیان هەڵێنێت و بەمجۆرە هاوکێشەی هێز لەنێوان شیعە و سوننە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بگۆڕێت و قورسایی خۆی بە هەموان نیشان بدات. دونالد ترامپ لە دەورەی یەکەمی دەسەڵاتی خۆێدا هەوڵی دا بەشێک لە پرۆژەکە سەبارەت بە ئێران بە کردەوە دەر بێنێ . یەکەمین هەنگاوی ئەوان سنوردار کردنی ئێران و لە ناو بردنی گروپە چەکدارە شیعەکانی دروستکراوی ئێران بوو. پاشان بەوەشەوە نەوەستان و سزایەکی قورسی ئابوریان بەسەر ئێراندا سەپاند و دەستی ئیسرائیلیان ئاوەڵا کرد کە گورزی خۆی لە ئێران بوەشێنێ و بنکەو مقەڕەکانی سپا لە ناوچەکەدا بەتایبەتی لە سوریە بکاتە ئامانج. لەدوای روداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٣وە نەخشەرێگایەک لە لایەن ئیسرائیلەوە بە ناوی پلانی داود گەڵاڵەکراوە کە ئامانجی سەرەکی ئەم نەخشەیە زێدەخوازی ئیسرائیلیشە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. ئەم نەخشەیە دەیهەوێ لەپاڵ پرۆژەکەی ئامریکا دەستی ئێران و تورکیە بە تەواوەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ببرێ. بە پێی پیلانی ئیسرائیل رێڕەوی ئەم نقشەیە لە تەلاویوە دەستپێدەکات تابەرزاییەکانی جۆڵان، تەنەف، سوەیدا، حەمس، حەسەکە و دواتر دێتە سنووری عێراق. ئەم پرۆژەیە کە پشتیوانی ئامریکای لە پشتە خزمەت بە دوو ئامانجی سەرەکی دەکات. یەکەمیان بەستنەوەی عێراق بە ئیسرائیل و بوار رەخساندن بۆ هاوکاری ئاسایشی و ئابوورییەوە. دووهەمیشیان گەیاندنی سنورەکانی کوردستانە بە دەریا .

لەگەڵ بە کردەوە دەرهاتنی ئەم نەقشە ڕێگایە ئیتر دەوڵەتی تورکیە تەنیا وڵاتی کاریگەری ئاوی نابێ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست کە بێگومان ئەمەش لە زەرەری تورکیا دایە و دەسپێشخەر دەبێ بۆ لەناو چوونی دەوڵەتی تورکیا یان خۆ کورتکردنەوەی دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا. 

ئەوەیکە چەن رۆژ لەمەوبەر لە سووریا روویداو بوو بە رووخانی دەوڵەتەکەی بەشار ئەسەد، بەشێکی دێکەی ئەم پرۆژەیە بوو بە ئامانجی کورتکردنەوەی دەستی کۆماری ئیسلامیی لە ناوچەکە. ئیتر لەمەو بەدوا دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامیی بە لوبنان یەکجار دژوارە.

ئەمرۆ کۆماری ئیسلامیی بە تەواوەتی لە پەلەقاژە دایە. نە کاتی ماوەو نە بژاردەی زۆری لەبەردەم دایە بۆ دەرباز بوون لە کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. بە گشتی دەکرێ بوترێت کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی هەر بەو ئاقارەدا دەروات کە سووریەی هاوپەیمانیی رۆیشت. کۆماری ئیسلامیی ڕەوایەتی خۆی لای خەڵکی ئێران لە دەست داوە. لە ڕاستیدا لە دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، کۆمەڵگای ئێران چووەتە نێوقۆناغێکی ترەوە. قۆناغێک کە خەڵکی ناڕازی لە کرداری سەرکوتگەرانەی ڕژیم ناترسن، هیوایان بە چاکسازیی ڕژیم نییە و داخوازی و داواکاریەکانیان بە شێوەیەکی شۆرشگێرانە هاوار دەکەن.