ئێعدام، برینێکی قووڵ بەسەر جەستەی دادپەروەریی….!

رژیمی کۆماری ئیسلامیی یەکێک لەو نامۆترین حکوومەتانەیە لە سەدەی بیستەم بەشێوەی بەردەوام کەڵک لە سزای ئێعدام وەردەگرێت. بە پێچەوانەی ئیددیعای کاربەدەستان کە سزای ئێعدام وەکوو کەرەسەیەک بۆ راگرتنی نەزمی کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبردنی عەداڵەت و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاوان پێناسە دەکەن، بەڵگەکان بە تەواوی دەریانخستووە و راپۆرتەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتی و توێژینەوە ئاماریەکان نیشانی دەدەن کە سزای ئێعدام نەک ئەوەی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تاوان، بەڵکوو لە بنەڕەتدا کەرەسەیەکی بۆ پێکهێنانی کەش و هەوای ترس و تۆقاندن، سەرکوتی سیاسی و بەهێزکردنی بنەماکانی دەسەڵات.
لە ساڵی ٢٠٢٤ کۆماری ئیسلامی بە بەڕێوەبردنی ٩٧٥ جار ئێعدام بەرزترین ئاستی بەڕێوەبردنی ئەم سزای لە ئاستی جیهان بۆ خۆی تۆمار کرد. بەشی هەرە گرینگی ئەم ئێعدامانە نەک تاوانبارانی مەترسیدار، بەڵکوو چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ئەندامانی چالاکی سەر بە نەتەوەکانی وەک، کورد، بەلووچ، عەرەبی ئەهواز و دراویشی گنابادی بووە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم ئامارە تەنیا بەشێکی تۆماری کراوی ئەم راستیەیە چونکوو لە پاڵ ئەمە کۆمەڵێک راپۆرتی دیکە هەن کە نیشان دەدەن رژیم ئێعدام بە شێوەی نهێنی بەڕێوە دەبات و ئەم دیاردەیە بە تایبەت لە کوردستان دژ بە چالاکانی سیاستی ئەنجام دەدرێت. ئەم رووداوە جارێکی دیکە سەرنجی ناوەندە نێو دەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤی بۆ لای خۆی راکێشاوە کە کردەوەکانی دەزگای قەزایی رژیمی ئێران دژە بنەما پەسەندکراوەکانە.
بەڵام لە سەرەوەی ئێعدام و ئامارەکان، ئەوەی نیگەرانیەکانی لەمبارەوە زیاتر کردووە، کارکردی سیاسی، چینایەتی و ئایدۆلۆژی ئەم سزایانەیە کە لە ساختاری ئەم رژیمەدایە، کردەوەیەک کە لەگەڵ مانای عەداڵەت ناتەبایە و تەنیا کەرەسەیەکە بۆ کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی، کەشی ترس و داسەپاندنی دەسەڵاتی کەمینەیەک بەسەر زۆرینە. نەتەوەی کورد بە پێچەوانەی روانینی سووکایەتی رژیم کە وەک قەوم پێناسەیان دەکات، خاوەن ناسنامەی سەربەخۆ، مێژوویی و کلتووری و زمانی و جوگرافیایین و لەم پرۆسەیەدا زۆرترین زیانی لە لایەن رژیمی ئێران بەرکەوتووە. لە دەیەکانی رابردوو لە ئێعدامی فەرزاد کەمانگەر و شیرین عەلەم هولی و هاوڕێیانی تا دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ وریشەی مورادی و پەخشان عەزیزی شایەتی ئەوە دەدەن کە ئەمە نموونەیەکی بەردەوام و دووپاتکردنەوەی پرۆژەی سەرکوتی کورد و تێکۆشەرانی سیاسی و مەدەنی ئەم نەتەوەیە.
وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی دوو ژنی چالاکی کورد کە بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و تەنیا بە پێی دانپێدانانێک کە لە ژێر ئەشکەنجەو ئازار لە زیندان ناچاربوون، بە ئێعدام مەحکووم کراون، ئەو برینە نوێیانەی کە بەردەوام بەسەر جەستەی کوردستانەوە چەند پات دەبنەوە. داستانی ئەوان بەشێک لە گێڕانەوەیەکی گەورەترە کە لە ژێر ناوی بە ناو عەداڵەت بەڵام تەنیا بە مەبەستی تۆقاندن و ترس بەرەو سێدارەیان دەبەن. ئەمە تەنیا باسێکی ئاسایی نیە بەڵکوو پرسیارێکی بنەڕەتیە کە ئایا سزای ئێعدام لە ئێران لە راستیدا بۆ بەڕێوەچوونی عەداڵەت و دابینکردنی ئاسایش بە وتە خۆیان بەڕێوە دەچێ یا کەرەسەیەکە بۆ برەودان بە دەسەڵاتی زیاتر و سەرکوتی نەتەوەکان و رەخنەگران.
وریشەی موردای چالاکی مافەکانی ژنان و ئەندامئی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستابن لە جۆزەدانی ١٤٠٢ی هەتاویی بە تاوانی بەغی دەسبەسەرکرا. ئەو پاس چەندین مانگ ئەشکەنجە و نادیاربوونی چارەنووسی و بێبەشبوون کە مافی بوونی پارێزەری سەربەخۆ، لە داگایەکی چەند دەقیقەیی بە ئێعدام مەحکووم کرا. پەخشان عەزیزی یاریدەدەری کۆمەڵایەتی پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران بۆ چارەسەر دەسبەسەرو بە تاوانی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، تاوانێ کە هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە پشت نەبوو مەحکوومکرا. ئەم دوو دۆسیە نموونەگەلێکی روونی گۆڕانی دەزگای بە ناو قەزایی بۆ کەرەسەیەکی سیاسی بە مەبەستی سەرکوتی رەخنەگران و هەڵسووڕانی مەدەنی و سیاسی نیشان دەدات.
رژیمی کۆماری ئیسلامی لەرێی ئەم جۆرە سزایانەوە هەوڵدەدات کە پاشەکشە بە ئیرادەی هەڵسووڕاوان بگرێت و بەمشێوە بیانخاتە پەراوێزەوە. لە دۆخێکی ئاوادا دادگاکان بە هیچ شێوەیەک خاوەنی سەربەخۆیی نین و هەموو ئەو حوکمانە لە ژێر ئەشکەنجەو بە دانپێدانانی زۆرەملێ دادەسەپێت. دەسبەسەرکراوان لە بوونی پارێزەری سەربەخۆ بێبەش دەکرێن و رەوتی دۆسیەکە بە تەواوی لێڵ و ناڕوونە. لە بارودۆخێکی ئاوادا حوکمی ئێعدام نە بڕیارێکی قەزایی، بەڵکوو داسەپاندنی حوکمێکی سیاسیە لە بە تایبەت دژە نەتەوەکان و بە تایبەت کورد وەک بەشێکی چالاک و ئەکتیڤی ناڕەزایەتی لە ئێران دژی ئەم رژیمە بەڕێوە دەچێت، بۆیە بەم پێیە سزای ئێعدام بۆ رژیمی ئێران نەک بەڕێوەبردنی یاسا بەڵکوو کەرەسەیەکی بۆ سەرکوتی سیاسی.
دادگاکانی شۆڕش لە ئێران کە خاوەنی هیچ جۆرە رووناکایی و تێپەڕکردنی رەوتێکی ئاسایی نین تەنیا لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ و دواتر داسەپاندنی سزا بەڕێوە دەچێت. یەکێک لە شێوە هەرە نامرۆڤانەکانی رژیم لەم بوارەدا ئێعدام لەبەرچاوی خەڵکە، کردەوەیەک کە لەگەڵ هەموو پێوەرەکانی مرۆڤایەتی ناتەبایە و بە تایبەت کاریگەری هەرە نەرێنی لەسەر دەروونناسی کۆمەڵگا بە گشتی دادەنێت. بەم پێیە و بەم بارودۆخەی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی سیستەمی ئیسلامی لە ئێران هاتوەتە ئاراوە ترووسکەیەک بۆ گۆڕان نیە، بەڵام وەک خاڵی سەرەتا بۆ وەستانی ئەم پرۆسەی توندوتیژیە، پێویستە داواکاریی هەڵوەشانەوەی خێرای سزای ئێعدام ببێتە درووشمی هەموو چالاکی مەدەنی و گشتگیرکردنەوەی ئەم داوایە لە ئاستی گشتیدا.
بوونی دادگاگەلی سەربەخۆ، بەهرەمەندبوونی گیراوان لە پارێزەر، بەڕێوەچوونی دادگای ئاشکرا لە سەرەتاییترین پێشمەرجی ئەم پرۆسەیە کە لەمبارەشەوە چاوەڕوانی ئەوە ناکرێ رژیم ئامادەیە مل بەم داوایە بدات. کەواتە تا کاتێکە ئەم رژیمە لەسەر دەسەڵات بێ و درێژە بە ژیانی خۆی بدات، ترس و تۆقاندن، ئێعدام و ئەشکەنجە و مەرگ و هەڵاواردن درێژەی دەبێت. رووخانی رژیمی کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا لە رووی تێڕوانینی تۆڵە بەڵکوو بۆ گەڕانەوەی کەرامەت بۆ مرۆڤایەتی پێویستیەکی حاشا هەهەڵنەگرە.
ئێعدام لە کوردستان بەشێکی جیانەکراوەیە لە سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی ئەم رژیمە و لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵی رابردوو ئەمە کردەوە و ئەزموون و پێناسەی ئەم رژیمە لە کوردستان بووە، بەڵام لە پاڵ ئەمەشدا و سەرەڕای ئەوەی کورد لەمبارەوە نرخێکی زۆری بۆ ئازادی و رزگاریی داوە درەنگ یان زوو ئەم رژیمە دەبێ بە سەرجەمی دام و دەزگای بەڕێوەبەری و قەزایی و… لە کوردستان بچێتە دەرەوە تا رێگەی گەشانەوەی ئەم کۆمەڵگا بە رووی سەرەتاکانی ئازادی بکرێتەوە.