12/11/2026

ئازادی لە ڕوانگەی ئارنێت و کێشەی بیرنەکردنەوە

0
3bd0131f-3a28-4158-8e0a-c2ae3f01c0c8

تریفە حەکیمی

 

کاتێ ژیان تەنها دەبێتە شتێکی ئاسایی بۆ بەردەوامبوون، چ شتێک هێشتا ئێمە وەک مرۆڤ دەهێڵێتەوە؟ کاتێ مرۆڤبوون دەچێتە خانەی دەستوورجێبەجێکردن بە بێ ئەوەی بیر بکەیتەوە چ شتێک دەتوانێ بە ئێمە بڵێت مرۆڤ. بۆ هانا ئارنێت مرۆڤ دەبێ لە نێوان مرۆڤەکانی دیکەدا ببینرێت و ژیان بکات.

جیهانی هاوبەش بە ئامادەبوون، قسەکردن و کردەوە و پێکەوەژیان دروست دەکرێت. ئێمە زۆر جار زیندوو دەمێنینەوە و دروستی دەکەین، دەکەوین، دیسان ڕێ دەکەوین و هەڵدەستینەوە. بەڵام بە باوەڕی هانا ئارێنت مرۆڤ بە کردەوە و بیرکردنەوە دەتوانێ شتێکی نوێ دەست پێ بکات. لە کاتی قسەکردن و کردەوەدا تەنها کارێک کە دەکەین و دەردەکەوێت و دەبینرێت ئەوەیە کە ئێمە کیین. مرۆڤەکان لە زۆر بواردا یەکسان نین. ئارێنت زۆربوون وەک تەگەرەیەک لە بەردەم سیاسەتدا نابینێت و وەک مەرجی سیاسەت دەیبینێت.

ئازادی تەنها هەڵبژاردنی نەهێنی لە چۆلەکەکان یان گوشەگیرییەکانی ئێمەدا نییە. هێزی دەستپێکردنی کارێکی نوێیە لە پاڵ خەون و خەڵکدا. هەر منداڵێک لەدایک دەبێت ئەگەرێکی نوێیە بۆ جیهان. داهاتوو ناچار نییە ببێت بە ئاڵترناتیوی دووبارەکردنەوەی مێژوو، هەر وەک ئەوەی هێگڵ دەڵێت؛ نەتەوەیەک مێژووی خۆی لە یاد بکات ناچار بە دووبارەکردنەوەیەتی.

گۆشەگیری و لەیادکردن ڕێگەی کردەی هاوبەش دەبەستێت و تەنهایی زۆر جار ڕێگەکانت لێ دادەخات. مرۆڤ پێکەوە جوانن بەڵام چیدی لەگەڵ یەک نین و زۆر دوور کەوتوونەتەوە لە یەک. دیارە دۆخی ئێستای ژیان وای کرد کە مرۆڤ دوور کەوێتەوە لە یەکتر و ئەوەش گورزێکی کوشندەی داوە لە ژیانی هاوبەش و پێکەوەژیان.

لە دادگاییی ئایشمان لە ئەڵمانیا، ئایشمان نەخشی سەرەکیی هەبوو لە ڕێکخستن و دوورخستنەوەی جوولەکەکان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان و مەرگەکان. ئارێنت لە دادگا کاتێ سەیری قسەکردن و بۆچوون و فکری ئایشمان و بێهێزی لە چاوپێکەوتنی بەرانبەریدا دەکات، ساتێک ڕادەوەستێت؛ تێرامانێکی قووڵ.

بێئەخلاقیی شەڕ واتە چکۆلەکردنی جنایەت؟ نا، هوشداریی ئارێنت سەبارەت بە مەترسیی بیرنەکردنەوەیە، ناوبراو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە مەترسیی ئەوەیە لە ڕێگە بدەیت خەڵکێکی دیکە بیرت بۆ بکەنەوە. بیرکردنەوە تەنها زانیاری نییە. ڕاوەستانێکە بۆ دیتنی جێگەیەکی دیکە و پرسیارکردن بەوەی کە ئایا دەتوانم بە ئەنجامدانی ئەو کردەیە لە پاڵ خۆمدا بمێنم، یان بە کورتییەکەی دەتوانم دوای ئەو کردەیە مرۆڤ بم؟ ئارێنت بەڵێنی کۆتاییهاتن بە ئازار و مەینەتیی خەڵکی جوولەکە یان هەر نەتەوەیەکی دیکە وەک کورد نادات؛ بۆ نموونە لە کاتی دادگاییکردنی سەرانی بەعس لە عێراقدا، زۆر جار ئێمە دیتمان کە زۆر بە ڕاشکاوی دەیانوت کە ئەگەر ئێستەش دەسەڵاتمان هەبێت هەر ئەو جنایەتانە واتە کۆمەڵکوژیی “ئەنفال” و کیمیابارانکردنی کوردستان بە دژی نەتەوەی کورد ئەنجام دەدەین و ئەمەیە کە نە تەنها ئارنێت بەڵکوو کەس ناتوانێ بەڵێن بدات کە کۆتایی بە ئازار و مەینەتیی خەڵک دێت. دادگاییی ئایشمان و سەرانی بەعس زۆر لێک دەچێت، زۆربەیان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە تەنها دەستوورەکانیان جێبەجێ کردوە و ئەمەیە کە دەبێت لەسەری ڕاوەستین و بیری لێ بکەینەوە. ئارنێت باس لە دەستپێکی نوێ دەکات. لە ڕۆژگاری تەنگانەدا چ شتێک ئێمە پێکەوە گرێ دەدات؟

بەڵام ئەو بیرۆکەیەی سەرانی بەعس و ئایشمان زۆر وێک دەچێت؛ لە ڕواڵەتدا دوو وڵاتی جیاواز و دوو بیرۆکە، هەردووکیان کۆمەڵکوژییان ئەنجام داوە و یەکێکیان جنایەتی هۆلۆکاستی ئەنجام داوە و ئەویتر ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەزاران ژن و منداڵی بێتاوان. دیارە مێژووی مرۆڤ پڕە لەم شێوە جنایەتانە و مێژوو هەمیشە دووبارە بووەتەوە و دەبێت. لە ڕاستیدا دەبێت عەقڵانیەتی خەڵک بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕدرێت.

ئارنێت لە درێژەدا باسی ئازادی دەکات و دەڵێت؛ گرنگترین مەرجی ئازادی و پێویستیی ئازادی تەنها و تەنها ویستی ئازادییە. ئەگەر بمانەوێت بزانین ویستی ئازادی لە چ شتێکدا؟ سروشتییە، مافی هەڵبژاردن. کەوایە لە ڕوانگەی ئارنێتەوە ئازادی واتە ویستی ئازاد لە هەڵبژاردندا؛ ئارنێت تەنها مەبەستی هەڵبژاردنی دەوڵەت نییە، بەڵکوو ئەو باس لە ئازادییەک دەکات کە تاک بتوانێ بە ئازادی ژیانی خۆی هەڵبژێرێت و لە کوێ پێی خۆشە ژیان بکات و مافی چارەی خۆنووسینی هەبێت. ئارنێت لەسەر ئەو باوەڕەیە کە لە بنەڕەتدا بیری ئازادی لە مافی هەڵبژاردندا دەبینرێت، بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردنەکانیش لە ڕووی عەقڵانییەتەوەن. ئەگەر مرۆڤ ئەو ئازادییانەی نەبێت، بە دڵنیاییەوە مرۆڤێکی ئازاد نییە.

لە دۆخێکدا کە مرۆڤەکان بە مانای ڕاستەقینەی وشە لە هەژاری و بەربەرییەتدا ژیان دەکەن، ئەوینی ئازادی هیچ مانایەکی نییە…

ئازادی، ئازادبوونە؛ لە سەرەتادا ئازادی واتە ڕزگاربوون لە مانای ترس، ئازادی واتە نەبوونی هەژاری لە وڵاتدا، نەبوونی زیندان و ئەشکەنجەگاکان، واتە هەر مرۆڤێک بتوانێ مافی چارەی خۆنووسینی هەبێت و لە هەر کوێ پێی خۆشە نیشتەجێ بێت یان وڵاتی خۆی پێک بێنێت. جنایەتەکان هاوشێوەن و ئەگەر لە پاڵ ئەوانەدا باسێک لە ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بکەین و بەراوردی بکەین لەگەڵ فاشیزمی بەعس و هیتلێر، ئەوا دەبینین ڕژێمی ئیسلامی دەیان جنایەتی لەوە گەورەتر دەرحەقی خەڵکەکەی خۆی ئەنجام داوە و دەتوانین باسی تیربارانکردنی زیاتر لە ١٦ هەزار کەس لە دەیەی شەستی هەتاوی لە تاران و هەروەها کوشتاری دوایین خۆپیشاندانی ناوخۆییی ئێران بکەین. ئەگەر بەیانی لە بکەرانی ئەو کردەوانە بپرسین و دادگایییان بکەین، بە دڵنیاییەوە دەڵێن دەستوورمان جێبەجێ کردوە و ئەوەش نیشان دەدات کە عەقڵانیەت لە نێو زۆربەی دەوڵەتەکاندا وەک ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بوونی نییە و ئەوان کوێرانە تەنها و تەنها دەستوور جێبەجێ دەکەن، هەر بۆیە دەبێت ئاستی هۆشیاریی خەڵک تا ڕادەیەکی زۆر بچێتە سەرەوە و پێش ئەوەی کارێک ئەنجام بدەن بیر لە کردەوەکانیان بکەنەوە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *