کاتژمێری کۆتایی: کۆماری ئیسلامیی لە نێوان گەمارۆ و شۆڕش…

عەزیز ئاجیکەند

کێشەکانی نێوان ئێران و وڵاتە زڵهێزەکان لەچەشنی گرێپوچکەیەکی نەکراوەن. نە دەکرێنەوە نە چارەسەریش دەبن. دانوستانەکانیش فریای کۆماری ئیسلامیی نەکەوتن و بەستەڵەکەکانیش نەتواندرانەوە.

سەرباری لە ناو چوونی زۆربەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە لایەن ئامریکاوەو هەرەشەکانی ترامپ بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەڵام ئێران هەرنایهەوێ دەستهەڵگری پلانی پیتاندنی یۆرانیۆم بێت.بەگوێرەی ڕێککەوتنی بەرجام کۆماری ئیسلامیی دەبوایە تەنیا ٢٠٢ کیلۆ ئۆرانیۆمی بەڕێژەی ٣.٦٧% بەرهەم بێنێت. بەڵام بە نهێنی ٤٠٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆنی پێتێندراوی ٦٠%ی بەرهەمهێندراوە. ئاستی پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی سێ دەوڵەتی بریتانیا و ئاڵمان و فەرانسەی تەنانەت دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەش و لە ناوچوونی زۆربەی سایتە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامیی تووڕە کردە و هەڕەشەی چالاک کردنی “مێکانیزمی ماشە” و گەڕاندنەوەی ئۆتۆماتیکی هەموو گەمارۆ هەڵوەشاوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان دژبە کۆماری ئیسلامیی دەکڕێ. ئەم هەنگاوە تازەیەی دەوڵەتانی ئاڵمان، فەڕانسە و بریتانیا وەک سێ ئەندامی ئورووپایی بەرجام، ناسراو بە تروئیکا ڕێگای بۆ دەستپێکردنەوەی خێرای  خولی تازەی دانوستانەکان خۆش کردوو کارێکی کرد کەئێران بە دەستی خاڵی و بەبێ مەرج بێتەوە سەر مێزی دانوستان. بێگومان توندبوونەوەی کردەوەکانی ئاژانس و سێ زلهێزی ئورووپا لەدژی کۆماری ئیسلامیی وهەڵوێستی تاران بۆجەختکردنەوە لەسەر درێژەدان بە پیتاندنی یۆرانیۆم، بووەتە بەربەستێکی جیددی بۆ نەگەیشتن بە ڕێککەوتن و سووککردنی گەمارۆکان. دوا وادەی چالاککردنی میکانیزمی ماشە تا ڕۆژی ٢٦ی ڕەزبەری ئەمساڵە. ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ڕێک نەکەوێ و لە هەوڵەکانی خۆی پاشگەز نەبێتەوە ئەوە میکانیزمی ماشە  دەسبەجێ چالاک دەکرێتەوەو دیسان هەموو گەمارۆ هەڵگیراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتی ئورووپا دژی کۆماری ئیسلامیی دێنەوە ئارا. کۆماری ئیسلامیی لەو پەری لاوازی دایە.توانا نیزامییەکانی لاواز بووە. زیانی گیانی زۆر بەر ڕێبەریی سپای پاسداران کەوتووە و زۆرێک لە ناوەند و بنکە و دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی وێران بوون. خامنەیی لە هەموو لایەکەوە دەستی بەتاڵە وهیچ ئاسۆیەکی ڕوون لەبەردەمیدا نیە و تەنیا دەبێ مڵکەچی ئەو خواست و داواکاریانە بێ کە جیهان ئاراستەی کردوە. هەرەشەکان جیدین و پەیامی ڕوونیان بۆ خامنەیی هەیە ئەویش تەسلیمبوون و ملکەچ بوونە. ملکەچ نەبوونی ئێران، بارودۆخی ئابووریی خراپتر دەکات. قەیرانەکان تەشەنە دەستێن. کۆماری ئیسلامیی هەم لە ناوەوە ریسوایە هەم لە دەرەوەش دۆڕاوی سەرەکی هەموو مەیدانەکانە. ئەمڕۆ ئێران لە خراپترین بارودۆخی خۆیدا بەسەر دەبات. ناکۆکییەکانی ناو لوتکەی دەسەڵات ڕۆژبەڕۆژ قووڵتر دەبنەوە. تەنانەت لایەنگرانی هاتنەوەو چالاک بوونەوەی گوتاری چاکسازیش ناتوانێ تەمەن بۆ ڕژیم بکرێ. پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی ئیسلامیی و زۆرینەی خەڵکی ئێران، گەیشتۆتە خاڵێکی بێگەڕانەوە. دەسەڵات نەک هەر مافی ژیانێکی ئاسایی لە زۆرینەی کۆمەڵگا زەوتکردووە، بەڵکوو بە زیندان، لە سێدارەدان، سەرکوتکردنی ئازادییە دێموکراتیکەکان، وەڵامی خواست و ویستی ناڕازیان دەداتەوە. ئەم دۆخە بە کردەوە کۆمەڵگای ئێرانی لەبەردەم تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە داناوە.ئەگەر خۆمان لە گوشارە دەرەکییەکان ببوێرین کە ڕەنگە زۆریش دڵخۆشکەر نەبن بەڵام لە کۆمەڵگای ئێراندا بە کردەوە رەوتگەڵێک خەریکی گەشەو پەرەسەندنن کە ئەم ڕەوتانە دەتوانن بە کردەوە کۆماری ئیسلامیی بڕوخێنن و جێگەی دڵخۆشکەریشن. مەیلی شورش و بەرخۆدان کە خوازیاری گۆڕانکاری بنەڕەتییە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و خوازیاری جۆشدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە بە پانتایی هەموو ئێران شکڵی گرتووە و لە هەڵکشاندایە. ستراتێژی ئەم مەیلە خوازیاری روخانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامییە نەک چاکسازی و نەک سازان، ئەم مەیلە پشت ئەستوورە بە مێژوویەکی پڕشنگدار پێکهاتوو لە خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز کە ئەزموونی شۆرشێکی وەکوو ژن ژیان ئازادیان لە پشتە. جەماوەری بەشدار لەم مەیلە خاوەنی وشیاری سیاسییەو عەزمی جەزم کردوە بۆ بنیات نانی کۆمەڵگایەکی بەختەوەر. ئەم مەیلە لە کوردستان باڵای بەقەد مێژوکەی بەرزە و قامەتی لەشکان نەهاتویە. ئەم مەیلە لە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆردا بەردەوام لەسەنگەری دژی ڕژیم دایە. ئەم شۆڕشە بە گرتنەبەری تاکتیکی نوێ وبە شێوازی نوێ خۆی بە رۆژ دەکاتەوە. کۆماری ئیسلامیی نە بە بزەی دیپلۆماسی و نە بە مانۆڕ و نە بە چاکسازی، ناتوانێ تەمەن بۆ دەسەڵاتە قیزەونەکەی بکرێتەوە. شوشەی تەمەنی دەسەڵات لەدەست، دەستی بە هێزی جەماوەردایە. ئەم هێزە لە کوردستان دڵخۆشکەرە…