06/11/2026

کارەساتی مادەی هۆشبەر لە کوردستان (کاتێک سەرکوت و کوشتن تەنیا لە ڕێگەی چەکەوە نییە)

0
1d982222-a5af-4c75-b900-230bbe247da8

گەلاوێژ عەبدیکانی

سیاسەتەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان ناکرێ تەنیا لە چوارچێوەی سەرکوتێکی سیاسی و سەربازیدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵکوو دەبێ لایەنگەلی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووری کە بەرهەمی پیلانێکی درێژماوەن، هەڵسەنگێندرێن.

هەژاری، بێکاری، بەربەستە مەدەنی و کلتوورییەکان و گەشەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، لەوانە دیاردەی تووشبوون بە مادەی سڕکەر، ژیان و داهاتووی لاوانی کوردستانی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. لەم ڕووەوە گەشەی تووشبوون بە مادە سڕکەرەکان دەبێ لە پێوەندیدا لەگەڵ ئەو سیاسەتانەدا لێکدانەوەی بۆ بکرێ کە بەرهەمەکەی دەتوانێ ببێتە هۆی لاوازبوونی کۆمەڵگە، لەناوچوونی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و کەمبوونەوەی تواناییی ڕێکخستن و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی.

لاوان هێزی سەرەکیی هەر گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسین؛ جیلێک کە دەتوانێ بە وشیاری، نوێخوازی و ئیرادە بۆ گەیشتن بە ئازادی، یەکسانی و مافی نەتەوەییی کوردستان تێکۆشان بکات. بۆیە لەمبارەیەوە گیرۆدەبوون بە مادەی سڕکەر ئەم تواناییە بە تەواوی لاواز دەکات و بەشێکی گرنگی وزەی جەستەیی، دەروونی و فیکریی لاوان لە ناو دەبات. کەسی تووشبوو دەخاتە دۆخێکەوە کە هەم لە کۆمەڵگە دابڕاوە، و لە هەمان کاتدا کۆی بنەماڵەش دەخاتە پرۆسەی تێکەڵبوون بە ئازارێکی گەورەتر و هێدی‌هێدی پێکهاتەی بنەماڵەش لەبەر یەک هەڵدەوەشێنێتەوە. لە هەمان کاتدا تووشبوونی تاک دەرفەتی بەشداریی لە چالاکی و هەڵسووڕانە مەدەنی، جەماوەری و سیاسییەکان لەدەست دەدات و بەمجۆرە نە تەنیا ژیانی تاکەکەسی، بەڵکوو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پۆتانسیەلی هاوپشتی و خەباتی گشتی دووچاری خەساری بنەڕەتی دەکات.

ڕژێمی کۆماری ئیسلامی وەک پلانداڕێژەری سەرەکیی تووشبوونی لاوانی کوردستان بە مادەی هۆشبەر، دوو هەڵسوکەوتی جیا لە بەرانبەر دوو بابەتی ئەم دیاردەیە و ناڕەزاییە مەدەنییەکان پەیڕەو دەکات. هێزە ئەمنییەکانی ڕژێم و ناوەندەکانی سەرکوت لە هەڵسوکەوت لەگەڵ ناڕەزایی جەماوەری، داخوازیی مەدەنی و کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا بە توندی بەرەوڕوو دەبنەوە و کەشوهەوای چالاکیی ئەو دامەزراوانە بەرتەسک دەکەنەوە، بەڵام لە بەرانبەر گەشەی بەردەوامی مادەی هۆشبەردا هیچ پرۆژەیەکی نییە و پێچەوانەکەی، تووشبوونی لاوانی کوردستانی بەم دیاردەیە وەک یەکێک لە پرۆژەکانی بێهێزکردنەوەی کۆمەڵگە پێناسە دەکات. هەندێک جار ئەویش بە مەبەستی تۆقاندن و نیشاندانی هێزی سەرکوت، کۆمەڵێک کەس بە شێوەی نامرۆڤانە لەسێدارە دەدات کە گوایە پەیوەندییان بە باندگەلی بڵاوکردنەوەی ئەو ماددەیەوە هەیە، لە کاتێکدا کە ئامانجی سەرەکی و کاراکتەرەکانی ئەم پرۆژەیە لە لایەن خودی ڕژێمەوە ڕێک دەخرێن.

بەدەستهێنانی ئاسانی مادەی هۆشبەر لە بەرانبەر تێچوویەکی زۆر و دژوار بۆ دەستڕاگەیشتن بە کەرەستەی وەرزشی، پەروەردە و خۆشگوزەرانی، ئەو سیاسەتەیە کە داهاتووی لاوان لە کوردستان بەشێوەی بنەڕەتی دەخاتە مەترسییەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە مادەی هۆشبەر لە زۆربەی شوێنە گشتییەکان بە شێوەیەکی ئاسان بەدەست دێت و هەر ئەمەش ئەو باسە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەوە ڕژێم و کاربەدەستانن کە پەرەپێدەری ئەم دیاردەن لە کوردستان.

لەم نێوەدا کۆمەڵێک بەڵگە و ڕاپۆرتی تایبەت لەمبارەیەوە بوونیان هەیە کە نیشان دەدەن سپای پاسداران لە پشت بڵاوکردنەوە و دابەشکردنی مادەی هۆشبەر لە کوردستان ڕۆڵی سەرەکیی هەیە. نیگەرانیی کۆمەڵگەی کوردستان لە بارەی پەرەسەندنی مادەی هۆشبەری سەنعەتی و تۆڕەکانی بڵاوکردنەوە، ئەم پرسیارە دێنێتە ئاراوە کە مەبەستی ڕژێم لە بنەڕەتدا لەم پرۆژەیە چییە؟ لە کاتێکدا ڕژێم بە شێوەیەکی تەواو بەرنامەداڕێژراو خەریکی سەرکوتی هەرجۆرە چالاکییەکی سیاسییە و هەڵسووڕانە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژانە لەگەڵ بەربەست و سانسۆر ڕووبەڕوو دەبنەوە، ساختاری دەسەڵات و سیاسەتی زاڵ لە کوردستان دەیان ساڵە ئەم کۆمەڵگەیەی کردووەتە کێڵگەی لاوازکردن و لەناوبردنی لاوی کورد.

بەبەرەکانێ لەگەڵ پەرەسەندنی مادەی هۆشبەر لە کوردستان تەنیا بە وەڵامێکی چارەسەریی ئاسایی کورت ناکرێتەوە و کۆتاییهێنان یان کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیەش بەشێکی گرنگی بەستراوەتەوە بە مانەوەی ئەو ڕژێمەوە، هەر بۆیە ئەم پرسە پەیوەندی بە داهاتووی لاوی کورد، مانەوەی شوناسی کوردی، یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی و تواناییی کۆمەڵگە بۆ وەستانەوە و داواکاریی مافەوە هەیە. بەم پێیە کۆمەڵگەی وشیاری کوردستان لەمبارەیەوە پێویستی بە پلان، پرۆژە و ڕێکخستنێک هەیە بۆ بەرپرچدانەوەی ئەو سیاسەتانەی ڕژێم کە هەوڵی لاوازکردنی کۆی کۆمەڵگە دەدات. واتە مانەوە و بەردەوامبوونی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ دەیان و سەدان قەیرانی گەورە، درێژە و پەرەسەندنی هەرچی زیاتری مادەی هۆشبەری لێ دەکەوێتەوە کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لاوانی کوردستان و داهاتووی ئەم توێژە گرینگە دەخاتە مەترسییەوە.

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *