تەنگژەی ستراتیژیی ڕژێم؛ لە میلیشیای هاوردەوە تا تێرۆری خوێناوی لە هەرێمی کوردستان

کۆماری ئیسلامی لە مێژووی حوکمڕانیی خۆیدا، هەر کاتێک ڕووبەڕووی گوشارە نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشە دەرەکییەکان بووبێتەوە، سیاسەتی «گواستنەوەی شەڕ بۆ دەرەوەی سنوور» و «سەرکوتکردنی توندی ناوخۆیی» وەک دوو کارتی سەرەکی بەکار هێناوە. لەم ڕۆژانەی دواییدا، گۆڕانکارییە سەربازییەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵات، هاوكات لەگەڵ شەپۆلێکی توندوتیژی خوێناوی بە درۆن و مووشەک بۆ سەر بارەگاکانی حیزبە کوردییەکان، ئاماژەی ڕوونن بۆ قۆناغێکی نوێ لە ناسەقامگیریی ئەم دەسەڵاتە.
ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باس لە جێگیرکردنی کاروانە سەربازییەکانی «حەشدی شەعبی»ی عێراق دەکەن. بینینی ئەم هێزانە بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و کەرەستەی تەواوی شەڕەوە لە مەیدانە سەرەکییەکانی بۆ وێنە وەک سنە، مەهاباد و سەردەشت، گۆڕانێکی مەترسیدارە لە شێوازی بەرگریی ڕژێمدا. چاودێرانی سەربازی پێیان وایە پەنابردنی تاران بۆ هێزە بەکرێگیراوەکانی دەرەوەی سنوور، گوزارشتە لە پەرتووکاوبوونی سوپا و بەسیج و ترسی قووڵی دەسەڵات لەو بێزارییە گشتییەی کە ناو جەستەی هێزە چەکدارە ناوخۆییەکانی گرتووەتەوە.
لە پەنای ئەمانەدا ئەم هێرشە درۆنییەی کە لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕەکەوە بە چڕی دەستیان پێ کردووە، جوگرافیای هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانجی تێرۆری دەوڵەتی. لە تازەترین پەلامارە درۆنی و مووشەکییەکاندا بۆ سەر کەمپ و بارەگاکان، بەداخەوە خوێنی پێشمەرگە و خەباتکارانی کورد ڕژا. بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، لە ئەنجامی هێرشە دڕندانەکانی ڕژێم بۆ سەر بارەگاکانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، دوو پێشمەرگە گیانیان بەخت کرد و چوونە ڕیزی کاروانی شەهیدانەوە. هەروەها ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێرانیش لە ناوچەی پردێ و دەوروبەری، بووەتە ئامانجی ئەم هێرشانە و زیانی گیانی و ماددی بەرکەوتووە.
لە تازەترین کردەوەی قیزەوندا؛ ئامانجگرتنی بارەگایەکی «کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان» لە گەڕەکێکی قەرەباڵغی وەک بەختیاری بە درۆنی خۆکوژ، نیشاندەری قۆناغێکی نوێیە لە دەستدرێژییەکانی تاران. هەرچەندە هۆشیاریی پێشوەختەی هێزەکانی کۆمەڵە و چۆڵکردنی بارەگاکە ڕێگری لە کارەساتێکی مرۆیی گەورە کرد، بەڵام وێرانبوونی باڵەخانەکە و تێکشانی سامانی خەڵکی سڤیل، سەلمێنەری ئەوەیە کە ڕژێم هیچ سنوورێکی ئەخلاقی بۆ پاراستنی گیانی مەدەنییەکان ناناسێت. تاران دەیەوێت بە نا ئەمنکردنی شارە گەورەکان و کەمپەکانی پەنابەران لە کۆیە و زڕگوێز، بێدەسەڵاتیی خۆی لە بەرانبەر گورزە ئاسمانییە دەرەکییەکان بشارێتەوە و قەیرانەکان هەناردەی دەرەوە بکات.
لێدوانەکانی نوێنەرانی ڕژێم لە سلێمانی، وەک محەمەد مەحموودیانی سەرکونسوڵ، کە بانگەشەی ئەوە دەکات هێرشەکان تەنیا «شوێنە پەیوەندیدارەکانی ئیسرائیل» دەپێکن، تەنیا هەوڵێکی بێهودەیە بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانە دژی مرۆییانەی بەرانبەر بە پێشمەرگە و هاووڵاتیانی مەدەنی ئەنجامی دەدەن. شەهیدبوونی پێشمەرگەکان و وێرانبوونی خانووی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان، باشترین بەڵگەن بۆ درۆبوونی ئەم پاساوانە.
جوڵە سەربازییەکانی ئەمدواییەی ڕژێم، چ لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات لە ڕێگەی هێزی بێگانەوە و چ لە باشووری کوردستان لە ڕێگەی تێرۆری دەوڵەتی و شەهیدکردنی پێشمەرگەوە، گوزارشت لە قۆناغی کۆتایی و ئیفلاسی سیاسیی تاران دەکەن. خوێنی شەهیدانی پارتی ئازادیی کوردستان، کۆمەڵە و خەبات، تەنیا ڕق و کینەی مێژوویی نەتەوەی کورد بەرانبەر بەم سیستمە قووڵتر دەکاتەوە و ئیرادەی خەباتکاران بۆ گەیشتن بە ئازادی پتەوتر دەکات.
