ژنانی کورد و ئاسۆی دیموکراسی

پەیوەندیی نێوان ئازادیی ژنان و دیموکراسی بەبۆنەی ٨ی مارس
٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن، یادخستنەوەی مێژوویەکی درێژخایەنی خەباتی ژنانە بۆ گەیشتن بە ئازادی، یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤایەتی. ئەم ڕۆژە تەنها دەرفەتێک نییە بۆ بەرز ڕاگرتنی دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی ژنان لە جیهاندا، بەڵکوو کاتێکیشە بۆ بیرکردنەوە و پێداچوونەوە بە ڕێگای ئەو خەباتە، بۆ لابردنی هەرجۆرە جیاوازییەکی ساختاری و بەدەستهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.
خەباتی ژنان لە کوردستانیشدا (بۆ گەیشتن بە مافی یەكسانی و ئازادی لە بندەستی) هەمیشە پەیوەندییەکی قووڵی هەبووە لەگەڵ خەباتی گەورەتری کۆمەڵگە بۆ ئازادی، دادپەروەری و دیموکراسی. ژنانی کورد لە دەیەکانی ڕابردوودا تەنها بینەری گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان نەبووە؛ بەڵکوو خۆیان بوون بە یەکێک لە هێزە چالاک و کاریگەرەکان لە دامەزراندنی ئەم گۆڕانکارییانەدا. ئامادەبوونی ژنان لە چالاکییە مەدەنی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا نیشان دەدات کە پرسی مافەکانی ژنان، هەنگاو بە هەنگاو لە داواکارییەکی پەراوێزییەوە گۆڕاوە بۆ یەکێک لە پێکهاتە گرنگەکانی گوتاری دیموکراسیخوازی لە کۆمەڵگەدا.
دیموکراسی بێ یەکسانیی ڕەگەزی؟
یەکێک لە باسە گرنگەکان لە بیری سیاسیی هاوچەرخدا، پەیوەندیی نێوان دیموکراسی و ئازادیی ژنانە. لە واتای کلاسیکدا، دیموکراسی ئاماژەیە بۆ بەشداریکردنی یەکسانی هاووڵاتییان لە پڕۆسەکانی بڕیارداندا لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. بەڵام ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە لە زۆر کۆمەڵگەدا ژنان ـ سەرەڕای ئەوەی نیوەی کۆمەڵگەن ـ بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەم بەشدارییە یەکسانە بێبەش کراون.
لەبەر ئەمە زۆر لە تیۆریستە سیاسییەکان باوەڕیان وایە کە دیموکراسی بێ یەکسانیی ڕەگەزی لە پراکتیکدا تەواو نابێت. کاتێک ساختارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەسەر بنەمای پلهبەندییە پیاوسالارانەکاندا دامەزرابن، بەشداریی ڕاستەقینەی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بێ جیاوازیی ڕەگەزی لە پڕۆسەکانی بڕیارداندا ئەستەم دەبێت. لەو دۆخەدا خەبات بۆ ئازادیی ژنان تەنها داواکارییەکی کۆمەڵایەتیی سنووردار نییە، بەڵکوو بەشێکە لە پڕۆسەی فراوانتری دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە.
تێڕوانینی تیۆری بۆ ئازادیی ژنان
لە سەدەی بیستەمدا زۆر لە بیرمەندانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و فەلسەفەی سیاسی، گرنگییان بە پەیوەندیی نێوان ئازادیی ژنان و ساختارەکانی دەسەڵات داوە. بۆ نموونە سیمۆن دووبووار (لە کتێبی ڕەگەزی دووەمدا) دەڵێت نایەکسانیی نێوان ژن و پیاو تەنها ڕاستییەکی سروشتی نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی ساختارە مێژوویی و کولتوورییەکانە کە ژنان لە پۆستی خوارتردا دادەنێن. لەو ڕوانگەیەوە، ئازادیی ژنان پێویستی بە گۆڕانکاری لەو ساختارە کۆمەڵایەتییانە و پێناسەکردنەوەی نوێی ڕۆڵە ڕەگەزییەکان هەیە.
لە لایەکی ترەوە، حەنا ئارێنت بە جەختکردنەوە لەسەر چەمکی «فەزای گشتی» و گرنگیی بەشداریی هاووڵاتییان لە ژیانی سیاسی، نیشانی دا کە ئازادیی سیاسی ئەو کاتە واتای دەبێت کە تاکەکان بتوانن بە شێوەیەکی چالاک لە فەزای گشتیدا بەشداری بکەن. ئەگەر ژنان بە هۆکاری ساختاری یان کولتووری لەو فەزایە دوورخرابنەوە، بەواتای ئەوەیە بەشێکی کۆمەڵگە لە دەرفەتی بەشداریی سیاسی بێبەش کراوە.
لە دەیەکانی دواییشدا، تیۆریستەکان هەوڵیان داوە پەیوەندیی نێوان دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی ڕەگەزی دووبارە بیر لێ بکەنەوە. نانسی فریزر باوەڕی وایە کە دادپەروەری تەنها بەمانای دابەشکردنی یەکسانی سەرچاوە ئابوورییەکان نییە، بەڵکوو «دانپێدانان» بە پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەو گرووپانەش دەگرێتەوە کە لە ساختارەکانی دەسەڵاتدا بەرەو پەراوێز ڕەوانە کراون. لەو ڕوانگەیەوە، بەدەستهێنانی یەکسانیی ڕەگەزی پێویستی بە هاوکاتیی دوو پڕۆسە هەیە: لابردنی نایەکسانییە ئابوورییەکان و گۆڕانکاری لە نموونە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکاندا.
فێمینیزم و دیموکراسی
لە چوارچێوەی تیۆرییە فێمینیستییەکانیشدا پەیوەندیی نێوان ئازادیی ژنان و دیموکراسی بە فراوانی باس کراوە. زۆرێک لە تیۆرییە فێمینیستییەکان جەخت لەوە دەکەن کە پیاوسالاری تەنها کێشەیەکی پەیوەندیدار بە کەسییەتیی نێوان ژن و پیاو نییە، بەڵکوو لە ساختارە سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکانی کۆمەڵگاکانیشدا دووبارە بەرهەم دەهێنرێتەوە. لەبەر ئەمە، هەندێک لە بیرمەندان باس لە چەمکی «فێمینیزمی دیموکراتیک» دەکەن؛ ڕێبازێک کە جەخت لە پێویستیی پەیوەستکردنی خەبات بۆ یەکسانیی ڕەگەزی بە خەبات بۆ دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکات. لەو ڕوانگەیەوە، فراوانبوونی دیموکراسی بێ بەشداریی یەکسانی ژنان ئەستەمە، هەروەها ئازادیی ژنانیش بێ بوونی ساختارە دیموکراتیکە جێگیرەکان بەدی نایەت.
ئەزموونی کوردستان
لە کۆمەڵگەی کوردستانیشدا دەتوانرێت ببینرێت کە داواکارییەکانی ژنان، هەنگاو بە هەنگاو پەیوەندیدار بوون بە داواکارییە گەورەترەکانی کۆمەڵگە بۆ ئازادی و دادپەروەری. ئامادەبوونی ژنان لە چالاکییە مەدەنییەکان، ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و حیزبە سیاسییەکاندا نیشانی داوە کە بزووتنەوەی ژنان بەردەوامە لە گۆڕانکاری بۆ بوون بە یەکێک لە هێزە گرنگەکان لە پڕۆسەی گۆڕانکاریی دیموکراتیکی کۆمەڵگەدا.
لە ساڵانی دواییدا هەوڵگەلێک دراوە بۆ زیادکردنی بەشداریی ژنان لە ساختارەکانی بڕیاردان، دامەزراندنی ڕێکخراوی ژنان و بەهێزکردنی گوتاری یەکسانیی ڕەگەزی. ئەم هەنگاوانە گامێکی گرنگ بوون لە ڕێگای گۆڕاندا، بەڵام هێشتا ڕووبەڕووی هەندێک ئاڵنگاریی جدی دەبنەوە. ساختارە کۆنە پیاوسالارەکان، سنووردارییە سیاسییەکان و هەندێک بەربەستە کولتوورییەکان، هێشتا لەو هۆکارانەن کە بەشداریی تەواو و یەکسانی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی سنووردار دەکەن. بۆیە ڕێگای بەدەستهێنانی یەکسانیی ڕەگەزی هێشتا پێویستی بە هەوڵێکی فراوان هەیە لە ئاستی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووریدا.
داهاتووی دیموکراسی و ڕۆڵی ژنان
ئەزموونی زۆر کۆمەڵگە نیشان دەدات کە بێ بەشداریی چالاکی ژنان، گەیشتن بە دیموکراسییەکی سەقامگیر کارێکی ئاسان نییە. ژنان تەنها نیوەی کۆمەڵگە پێک ناهێنن، بەڵکوو ئامادەبوونیان لە بوارە جیاوازە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دروستبوونی گوتارە نوێیەکان سەبارەت بە دادپەروەری، ئاشتی و گەشەپێدان.
لەو واتایەدا، ئازادیی ژنان تەنها داواکارییەکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو یەکێکە لە پێشمەرجە سەرەکییەکانی دیموکراسی. کۆمەڵگەیەک کە تێیدا ژنان لە مافە یەکسانەکان بەهرەمەند بن، توانا و گونجانی زیاتری هەیە بۆ دروستکردنی دامەزراوە دیموکراتیکەکان، چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و بەدەستهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. ٨ی مارس یادخستنەوەی ئەم ڕاستییەیە کە خەبات بۆ یەکسانیی ڕەگەزی هێشتا بەردەوامە. بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی ژنان و پیاوان، حیزبە سیاسییەکان، دامەزراوە مەدەنییەکان و هەر هەموو هێزە دیموکراتیکەکانی کۆمەڵگە هەیە.
لە کۆتاییدا، ئەزموونی مێژوویی نیشان دەدات کە ئازادی و دیموکراسی ئەو کاتە واتا و سەقامگیریی ڕاستەقینەیان پەیدا دەکات، کە هاوکات لەگەڵ یەکسانیی ڕەگەزی بێت. لەبەر ئەمە، داهاتووی دیموکراسی لە کوردستاندا بێ بەشداریی ڕاستەقینە و یەکسانی ژنان ناتوانرێت بێتە خەیاڵ.
