یەکگرتوویی، پێویستێکی هەنووکەیی…

0
عەزیز ئاجیکەند

ئاستی گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌ و كاردانەوە جیهانییەكان بە دوای شکستی ستراتیژی و بە بنبەست گەیشتنی ئیدیۆلۆژی و سیاسەتی كۆماری ئیسلامیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرفەتێكی بێوێنەی لەبەردەم زلهێزەكانی جیهان‌ و ڕكابەرەكانی ناوچەییدا دانا تا هەنگاوی رەساتر بۆ گۆڕینی‌ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵبگرن. گوشار و سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتاری ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی، سنووردار کردنی بەرنامە مووشەکییەکەی و دامەزراندنی میکانیزمێکی چاودێری هەمیشەیی، وێڕای سنووردار کردنی سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی و کەم بوونەوەی بڕشت و کاریگەریەتی، کۆماری ئیسلامیی بە تەواوەتی وڕوکاس و بێ هەناسە کردووە. چەقبەستوویی دانوستانە ئەتۆمییەکان و نەسازانی ئێران و سوور بوونی لە سەر پێشێلکارییەکان و بەردەوام بوونی لەسەر پیتاندنی ئۆرانیۆم و ئەگەری روودانی شەڕی دووهەم بەکردەوە کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ کێشەی جیددی رووبەروو کردوە. ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لە پەیوەند لەگەڵ پرسی کورد جێگای وردبوونەوەی زیاترن. کوردستان لە ناو چەقی گۆڕانکارییەکانی ئەم ناوچەیە دەتوانێ لە قۆناغی ئێستادا بەرەو چارەنووسێکی دیکە هەنگاو بنێ لەبەر ئەوەی دووژمنەکەی لەگەڵ سواویی دەسەڵات و کۆتایی تەمەن و قوڵترین قەیرانەکان و ڕابەرێکی داماو و سپای پاسدارانێکی لەبەریەک هەڵوەشاو و لایەنگرانێکی سەرلێشێواو رووبەروویە. ناکۆکییەکانی ناو لوتکەی دەسەڵات ڕۆژبەڕۆژ قووڵتر دەبنەوە. تەنانەت لایەنگرانی هاتنەوە و چالاک بوونەوەی گوتاری چاکسازیش ناتوانێ تەمەن بۆ ڕژیم بکرن. لاواز بوون لە دەسەڵات و ناهۆمێد بوون بە چارەسەر کردن، کۆماری ئیسلامیی بەکردەوە بەرەو لێواری بەربوونەوە پاڵ پێوەناوە. 

ئەمرۆ کوردستان وەک هەمیشە مەکۆی شۆڕش و سەنگەری خەبات و تێکۆشانە و ترپەی دڵی هەموو شۆڕش و بەرخۆدان و ململانێیە کۆمەڵایەتییەکانە.

لەم مەڵبەندەدا بەستینی شۆڕش و هەستانەوە و خرۆشی جەماوەری بەهێزە و لە لووتکەدایە و ئاگری قینی و توڕەیی جەماوەر بە دژی دیکتاتۆریەتی کۆماری ئیسلامیی نەک نەوەستاوە بەڵکوو بەردەوام لە هەڵکشاندایە.

کوردستان بە کردەوە وێڕای ئەوەی پێگەی خۆی لە هەموو مەیدانەکاندا پاراستووە، بۆتە جەمسەرێکی گرنگیش بۆ خەبات و تێکۆشان و هەروەها ڕەمزی شۆڕش بە پانتایی هەموو ئێران. چڕکردنەوەی سەرکوتی کوردستان و میلیتاریزەکردنی خەڵکەکەی نەک کەم نەبووەتەوە بەڵکوو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە زیادبووندایە. کوردستان بە دوای شۆڕشی ژینا، پێی نایە قۆناغێکی تایبەتی و شۆڕشگێڕانەوە. قۆناغێک کە بە کردەوە هاوسەنگی هێزی گۆڕی. لەو قۆناغەدا، ناڕەزایەتی و شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی شەقام بە کردەوە شکڵ و شێوازێکی ئەمڕۆیی و پێشکەوتنخوازانەی بە خۆیەوە گرتووە. ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ڕواڵەتی سیاسی و ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی کوردستانی بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕیوە و هەنگاو بە هەنگاو بردویەتە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە.

مێژووی هەموو خەبات و تێکۆشان و لێک تێگەیشتنەکان سەڵمێنەری ئەو ڕاستییەن کە کوردستان مەیل و خواست و هێز و پۆتانسیەلی ئەوەی تێدایە ببێتە خاوەنی ناوەندێکی بەهێز و یەکگرتوو. ئەمڕۆ هێزەکانی ڕۆژهەڵات بە پاڵپشتی جەماوەر دەتوانن بەردی بناغەی وەها ناوەندێک کە بتوانێ هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی شۆرش لەکوردستان بگۆڕێت دابنێن. هەنوکە نەبوونی ئەو کۆدەنگیە خاڵی هەرە لاوازی و بنەڕەتی بزووتنەوەی سیاسی ئەمڕۆی کوردستان پێکدێنێت.

ئێمە بەردەوام ئاڵاهەڵگری یەکگرتوویی بووین و هەین و لەم پەیوەندییەشدا هەوڵی چڕوپڕی دڵسۆزانەمان داوە. ئێمە بۆ خوڵقاندنی دۆخێک تێکۆشاوین و بەردەوام تێدەکۆشین کە تێدا حیزبە کوردستانییەکان لێک نزیک بنەوە و بە تێگەیشتنێکی ئەمڕۆیی هەوڵ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی پتەو بدەن. ئێمە هەر زۆر زوو هەستمان بەوە کرد کە تاکە ڕێگا بۆ وەسەرخستنەوەی وزە و توانایەکانی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان لە دژی کۆماری ئیسلامیی، دامەزراندن، یان خۆ پێکهێنانی «کومیتەیەکی هاوبەشی»ە 

ئەم هەنگاوە دەتوانێ هەم خەبات دژی دوژمنی سوێندخواردوومان ڕێک بخات و هەم کێشە و کەلێنە نێوخۆییەکان پڕ بکاتەوە و بیانداتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. ئەزموونەکانی شۆڕشی کوردستان نیشانی داوە کە یەکێتی و یەکڕیزی دەتوانێت زامنی سەرکەوتن بێت و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵک، بەهێزتر بکات. هەنوکە کوردستان زیاتر لە هەمیشە پێویستی بە یەکێتی ڕیزەکانی کورد بەگشتی و هاوکاری و هاودەنگی حیزب و لایەنە سیاسییەکان هەیە. شۆڕش و بەرخۆدانەکانی تا ئێستا ڕەوتی لاوازبوونی حکوومەتی ئیسلامیی خێراتر کردووەتەوە و بۆ جارێکی دیکە دۆسیەی چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسی بەڕووی کۆمەڵگەی کوردستان کردووەتەوە.

لە ئاستی ئەم ڕەوتە و بۆ وەڵامدانەوە بە پرسە سەرەکییەکانی پرۆسەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی و ئەگەرەکانی بەردەم، دەخوازێت چالاکتر لە جاران هاوکاری یەک بین بۆ وەڵامدانەوە بە پێویستییەکانی ئەمڕۆی کوردستان.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئێمە بۆ ساتێکیش نەوەستاوین و بەردەوام بۆ بە کردەوە دەرهێنانی ئەو ئامانجانەی سەرەوە تێکۆشاوین. لە داهاتووشدا ماندوو نابین و هەوڵ بۆ بە یەکگرتوویی نێو ماڵی کورد لە کوردستان دەدەین.

ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگای کوردستانیش بە گشتی و بە تایبەتی کۆمەڵگای مەدەنی و جەماوەری هاوکارێکی باش و نزیک بن لەگەڵ کۆمەڵە بۆ چەسپاندنی ئەو گوتارە و بە سەرەنجامگەیاندنی.

بۆ پێشەوە…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *