کاک فوئاد، ئەستێرەیەکی درەوشاوە، ئوستوورەیەک بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو، ڕێبەرێک بۆ شۆڕشی جەماوەریی

وێڕای ئەوە، کاک فوئاد لە پاش ئازادیی تا کاتی گیانبەختکردنی تەنها ١١ مانگ ژیا، بەڵام لەو دەرفەتە کورتەدا کاریگەرییەکی وای لە سەر بزووتنەوەی کوردستان و کۆمەڵە بوو کە ئەمڕۆش پڕە لە وانە بۆ فێربوون و ئەزموون، بۆ سەرەنجدان و تاقیکردنەوە، بۆ پەرەپێدان و داڕەشتنی ئەمڕۆ و داهاتووی خەبات بە پێی مێتۆد و ڕێباز و شێوەکاری کاک فوئاد.
کاک فوئاد وەکوو ڕێبەرێکی سوننەت شکێن و جیاواز لە ڕێبەرانی پێش سەردەمی خۆی لە بیر و زەیندا ماوەتەوە. ڕێبەرێک کە به باشی ئەو دەرفەتەی که به ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی بۆ گەلی کورد ڕەخسابوو، ناسی، شەپۆلی به هێزی جەماوەریی و وەزی بزووتنەوەیەکی نوێی له کوردستان به باشی هەست پێکرد و لە ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران به باشی گەیشت و هەر له یەکەمین ڕۆژەکانی، زەرفیەتی سەرکوتگەرانە، کۆنەپەرستانە و دژە ئازادی و دژە دێمۆکراسی ئەو رژیمەی دەزانی و باسی دەکرد و هیچ گومانی نەبوو که ڕژیمی تازە، توانا و زەرفییەتی قەبووڵی ئازادیخوازانە و ڕزگاریخۆازنەکەی کوردستانی نییە و بڕوای وابوو ڕژیمی ئیسلامی له هەر دەرفەتێکدا بۆی بگونجێ هێرش دەکاتە سەر کوردستان.
هەر بۆیە به وردبینی هەلومەرجەکەی هەڵدەسەنگاند و به هەموو وزە و توان و ژیریی و تێگەیشتنی خەریکی ڕێکخستنی خۆڕاگریی جەماوەریی، پێکهێنانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و خرۆشان و هێنانە مەیدانی جەماوەر بوو. کاک فوئاد بڕوای قووڵی بەوە بوو و به کردەوەش سەلماندی که “شۆڕش کاری جەماوەرە”.
کاک فوئاد پاش زیندان ١١ مانگ ژیا. ئەم ١١ مانگە سەراسەر پڕە له چالاکی و ڕێبەراتیکردنی کۆمەڵە و هاوڕێیان و جەماوەر له جەرگەی قۆناغێکی پڕ هەستان و جۆش و خرۆشی کۆمەڵگای کوردستان که وەک درەوشاوەترین ئەستێرەی ئەم قۆناغە خۆیی ناساند. بیر و شێوازی ڕێبەرایەتیی کاک فواد و داهێنانی له بواری خەباتی مەدەنی و جەماوەری و ڕێکخستنی هەموو زەرفیەت و وەزی کۆمەڵگا له دژی داگیرکاریی کۆماری ئیسلامی لە ڕابردووەوە تا داهاتوو دەتوانێ و دەبێ بنەمای کاری سیاسیی و حیزبی بێ.
کاک فوئاد دەیزانی هێزی جەماوەر ناتۆانی له چوارچێوەی بەرتەسکی حیزبی و ئیدئۆلۆژیکی قەتیس بکرێ و هۆشداری دەدا کە رژیمی ئیسلامی هێرشی داگیرکەرانە بۆ سەر کوردستان دەستپێدەکا و کوردستان بۆ بەرپەرچدانەوەی داگیرکەر و بۆ سازماندانی خۆڕاگریی، وەزەی جەماوەر، هەڵسووڕانی حیزبەکان و کەسایەتییەکان و بە گشتیی یەکگرتوویی نەتەوەی کورد و هەموو بزووتنەوەی کوردستانی پێویستە.
هەر ئەو ڕوانینە وایکرد کاک فوئاد دەور و کاریزمای کاک سدیقی کەمانگەری ناسی. وێڕای ئەوە پێگە و بەرپرسایەتییان جیاواز بوو، لە زۆر رووداو پشتی کاک سدیقی گرتووە که وەک هێما و نوێنەری خواستەکانی بزووتنەوەی کوردستان و نەتەوەی کورد له بەرامبەر هەیئەتی رژیمی نوێ دەرکەوێ.
کاک فوئاد به باشی دەور و ڕۆڵی مامۆستا شێخ عێزەدینی ناسی هەر بۆیە له نزیکەوە هاوکاری یەک بوون و به تایبەت مامۆستا دەوری هەبوو که تلوڕانسێکی سەقامگیر له کوردستان، هەم خزمەت به یەکڕیزیی له بەرامبەر هەڕەشەکانی رژیم بکا و هەم ڕێگا نەدا که له کوردستان ئیرتجاع و کۆنەپەرەستیی دەرفەتی پەرەسەندن پەیدا بکا. بۆ ئیدارەی شارەکانی کوردستان کاک فوئاد و کۆمەڵە تێکۆشان کەسایەتییە خۆشناو و جێی متمانەکانی خەڵک ئەگەریش سەر به ڕەوتێکی جیاوازی فیکری یا ئایینی بووبێتن بەشدار بن و ڕۆڵ بگێڕن. هەر کەمتر له مانگێک پاش ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی، کۆمەڵە “جەمعییەتەکانی” پێکهێنا که بوو بە زەرفێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو ڕەوتە جیاوازەکان و به کردەوەش یەکڕیزییەکی پێویستی دروست کرد و جەمعییەتەکانی کردە ئۆرگانی دەسەڵاتی شارەکان و به خێرایی جێکەوتن. دامەزرانی یەکیەتیی جوتیاران و دەیان ڕێکخراوەی ژنان، بێکاران و کۆچی مەریوان و ڕێپيوانە گەورەکانی سنە و سەقز و بانە بۆ مەریوان، هەموو ئەزمونگەلێکن که هەم بوونەتە بەشێکی جیانەکراوە لە مێژووی سەرهەڵدانی خەباتی مەدەنیی و بەشداریی جەماوەریی و هەم بوونەتە چرای ڕێنوێنی هەزاران لیدر و چالاکی مەدەنی و سیاسی لەم ساڵانە و داهاتووی کوردستاندا.
کاتێکیش وێڕای هەوڵ و ماندووبونی کاک فوئاد و کۆمەڵە و مامۆستا شێخ عێزەدین و هەمو حیزبە سیاسی و کەسایەتییەکانی کوردستان، هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ داگیرکردنی کوردستان دەستیپێکرد، کاک فوئاد و هاوڕێیانی قۆناغی خۆڕاگریی و ڕاوەستان بەرامبەر لەشکەری داگیرکەریان دەسپێکرد.
کاک فوئاد نووسەری ڕاگەیاندنە به ناو بانگەکەی “خلق کرد در بوتە آزمایش” بوو که زۆر به کورتیی لێوانلێو له ئیرادە و پتەویی و کۆڵنەدانە. کاک فوئاد خۆی له ڕیزی پێشەوەی ئەو خۆڕاگرییەدا به تایبەت چووەوە بۆ مەریوان بۆ ئەوەی نەهێڵێ ئێعدام کۆمەڵێ له کادرەکانی ئەو ناوچە کاریگەریی له سەر دۆخەکە و ورەی خەڵک دانێ، سەفەرێک که بەداخەوە و هەزاران جەخار سەفەرێکی بێ گەڕانەوە بوو.
لە ماوەی ئەو ١١ مانگە وێڕای شەونەخونیی کاک فوئاد بۆ هێنانە مەیدانی جەماوەریی و ڕێکخستنی هەموو وزەی کۆمەڵگا، له باسی تێئوریک و سیاسیی بۆ فورمووڵەکردنی ڕێبازی چەپی کوردستانی غافڵ نەبوو. کاتێ که ١٣ ڕێکخراوی چەپی “ئێرانی” له هاوینی ١٣٥٨ کۆمەڵەیان بۆ “کنفرانس وحدت” بانگهێشت کردبوو، کۆمەڵە تەنیا وەک چاودێر ئامادەبوو و به تایبەت کاک فوئاد پێ وابوو که “وحدت” نه به قسە و تێئوری که له جەرەیانی بەشداریی له خەباتی جەماوەریی دەتوانێ دەستەبەر بێت. کاک فوئاد نموونەی خەباتکارێکی ژیر و تێگەیشتووی چەپی کوردستان بوو و ئەمە ئەو ئاڵقەیە که لەو ١١ مانگەدا هەموو چالاکییەکانی کاک فوئاد پێکەوە دەبەستێتەوە. تەنانەت له کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵەش کاک فوئاد پێ وابوو که یەکگرتوویی ڕیزەکانی کۆمەڵە و به تایبەت ڕێبەرییەکەی له بەشداریی ڕاستەوخۆ له مەیدانی خەباتی سیاسی مومکینە. هەر بۆیە کۆمەڵە که تازە خەباتی ئاشکرای دەسپێکردبوو بەو تەمەنە کورتەوە به خێراییەکی بەرچاو نفووزێکی کەموێنەی پەیدا کرد، دواتریش تەنانت پاش لەدەستدانی کاک فوئاد نفووزی جەماوەریی و خۆشەویستیی کۆمەڵە پەرەی سەند.
ئەمانە و زۆر نموونەی دیکە لەو مەودا کورتەی کاک فوئاد لە پاش ئازادیی، وایان کرد کاک فوئاد ببێتە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی کۆمەڵە و بزووتنەوەی عەداڵەتخوازانە و چەپی کوردستانیی و خۆڕاگریی له بەرامبەر داگیرکاریی کە پاش ٤٦ ساڵ هەروا به گەشیی و درەوشاوەیی ماوەتەوە و ڕێنوێنی ڕێگەی بزووتنەوەی کوردستان و کۆمەڵەیە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەر بڕوای بە پلۆرالیزمی سیاسیی لە کردەوە نەک دروشم، هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ جەماوەر لە ڕێگەی دیمۆکراسیی بەرین و وەرگرتنی ڕەوایی و هێز و پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان، شێوازی کار و ڕێبەرایەتیی کاک فوئاد بە چرایەکی ڕێنوێنی ڕێگەی خەباتی ئەمڕۆ و ڕۆشتن بەرەو ئاسۆی داهاتوو دەزانێ.
ڕێزگرتن لە کاک فوئاد، پابەند بوون بەو بایەخ و بنەمایانەیە کە کاک فوئاد بۆیان تێکۆشا و خەباتی کرد و دایڕشت و گیانی لە پێناویاندا بەخت کرد.
بەڕێزە یادی کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی
ڕێبەری کەموێنەی کوردستان و کۆمەڵە
دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٨ خەرمانانی ١٤٠٤
٣٠ ئاگۆستی ٢٠٢٥