کوردستان و ژینگەیەکی تاڵانکراو

✍هێمن بایەزیدپوور

ئاو وەک سەرچاوەیەک  کە ھەموو ژیان بە خۆیەوە گرێدەدات و پێویستی ژیانی زیاتر لە ٧ میلیارد مرۆڤ و سەدان میلیارد بوونەوەرە لەسەر گوێ زەوی، ئاو تا رادەیەک گرینگی ھەیە  کە گریمانەی شەری وڵاتان لە ساڵانی نیزیک لەسر ئەو سەرچاوە سرووشتییە  وەک گرمانەیەگی بە ھێز دەخەملێندرێت.

ئاسایش و سەقامگیری وڵاتان تا رادەیەکی زۆر بە  بوون یان خود نەبوونی ئاوەوە گرێدراوە

لە ساڵانی ڕابردوو بەڵام بە ھۆی ھۆکارگەلی مرۆیی و سرووشتی گۆی زەوی تووشی  وشکەساڵییەکی بێوێنە بۆتەوە، گۆرانی ئاو و ھەوا لە ئاکامی بەرھەمھێنانی لە رادەبەدەری گازە گوڵخانەییەکان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر گۆڕانی ئاوھەوا گێراوە تا رادەیەک کە بە وتەی کارناسانی ئاو و ھەوا لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئەو ئاستە لە  بەرھەمھێنانی ئەو گازانە تا ناوەندەکانی سەدەی ٢١ ، زۆربەی وڵاتانی جیھان دەکەونە ریزبەندی وڵاتانی ویشکی جیھانەوە.

قەیرانی ئاو و ئاسایش و سەقامگیری وڵاتان:

جگە لە کاریگەری ئاو لە سەر ژیانی بوونەوەرەکان ئەو دیاردەیە دەتوانێت ببێتە ھۆی قەیرانگەلی کۆمەڵایەتی و ئەمنییەتی لە زۆربەی وڵاتان، بۆ نموونە ئەو قەیرانە دەبێتە ھۆی کۆچی دانیشتوانی گوندەکان بەرەوە شارەکان و زیاتربوونی دانیشتوانی شار و لە ئاکامدا درووستبوونی بوونی قەیرانگەلی کۆمەڵایەتی و ئابووری،  دەتوانیین سوریە  یان خود عێراق و لە ساڵانی ڕابردوو ئێران وک نموونە ناو بەرین

ھەروەھا بە پێی توێژینەوەکان قەیرانی ئاو و گۆرانی  ئاراستە ئاو و ھەواییەکان پێوەندی راستەوخۆی لەگەڵ ڕێژەی توندوتیژی لە وڵاتان ھەیە، بۆ نموونە چوونە سەرەوەی ٢ پلەی گەرما دەتوانێ ئەگەری توندووتیژی لە کۆمەڵگادا بەرێتە سەرەوە

ئێران و قەیرانی ئاو:

باروودۆخی سەرچاوەکانی ئاو لە ئێران لە  قەیران دایە، قەیران بەو واتایە کە دەرفەت دەدات  باروودۆخێک بێتە پێشێ کە بە ھۆی دابیین نەبوونی پێویستییەکانی ئاو و بە ھۆی ئاسەوارەکانی سەرچاوە گرتوو لە گۆرانکارییەکان لە چەندییەتی و چۆنییەتی و دابەشبوونی سەرچاوەکانی ئاو ڕێژەیەک لە ناسەقامگیری لە ئێران درووست بێت، لە ماوەی ١٠٠ ساڵی رابردوو لە ئێران بە ھۆی ئەوەی مۆدێلی گەشەسەندن( توسعە) لەسەر بنەمای راستەقینە و بەرنامە دارێژراو نەبوە و وەک گەشەیەک  بە ئاراستەی لە سەرەوە بۆ خوارەوە ناوی لێبردراوە و بە تایبەتی لە ٤٣ ساڵ پاش ھاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بە ھۆی سیاسەتگەلی نادرووستی ناوخۆیی و دەرەکی تووشی قەیرانی مەترسیداری  ئاو  بۆتەوە

بە پێی ئامارەکانی رێکخراوەی سەرچاوەکانی جیھان ئێران لە پلەی چوارەمی وەڵاتانی نیزیک بە ڕۆژی کۆتایی ناسراوە

ھۆکارەکانی قەیرانی ئاو لە ئێران

١- گەشەی  خێرا و مۆدێلی ناکارامەی جێگیرکردنی دانیشتوان لە ئێران:

لە ساڵانی ڕابردوو بە تایبەت پاش شەری ٨ ساڵەی ئێران و عێراق و سیاسەتی پاڵپشتی حکوومەت لە زیادترکردنی ژمارەی دانیشتوانی ئێران ڕێژەی دانیشتوان بە تایبەت لە شارەکان زیادی کرد بۆ نموونە رێژەی دانیشتوان لە ٣٥ ملوێن کەس لە ساڵی ٥٦ ی ھەتاوی گەیشە ٨١ ملوێن کەس لە ساڵی ٩٨ی ھەتاویدا

٢- نەبوونی سیاسەتی درووست و بەرنامەدارێژراوی کشت و کاڵ لە ئێران: لە بواری کشت و کاڵیدا سیاسەتی کۆماری ئیسلامی سیاسەتێکی ڕۆشن و بەرنامەدارێژراو و ستراتێژیک لەگەل بەرچاوگرتنی پێشکەوتنی بەردەوام بۆ چینەکانی داھاتوو نەبوە و بە کارهێنانی سەرچاوە سرووشتییەکان نەبوە، سیاسەتی رێژیم لە بەرێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو ناکارامە بوە و گشتگیر نیە، شوێنجێیی بۆ پێشەسازی و کشت و کاڵ لە ڕووی پلانەوە نەبوە،  درووستکردنی سەدان بەنداو بۆتە لەدەستچوونی زیاتر لە ١٠٠ ملوێن ھێکتار لە زەوییە کشت و کاڵییەکان و لە ئاکامدا گواستنەوەی ئاو و لێدانی ھەزاران چاڵاوی قووڵ ، ڕێژەی ئاوی ژێر زەوی بە رادەیەکی مەترسیدار کەمی کردوە ، سیاسەتی گواستنەوەی ئاو بۆ ناوەندی ئێران بۆتە ھۆی کەم ئاوی لەو بەشانەی وا لە رابردوو کەمتر لە بواری ئاو قەیرانئاوی بوون، بۆ نموونە لە پارێزگای خوزستان وەک ناوەندێکی بە ھێزی بەرھەمھێنانی بەرووبوومە کشت و کاڵییەکان تووشی قەیرانی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ھاوکات نارەزایەتی دەربرینی دانیشتوانی بوە، ھەروەھا بە پێی ئامارەکان ٦٥ لەسەدی ئاوەکان لە ئێران بە فیرۆ دەچن، ھەروەھا لە ساڵانی ڕابردوو لە درێژەی ئەو سیاسەتە ھەڵانە ٢٠ ملوێن ھێکتار لە زەوییە بە پێتەکان بوونەتە بیاوان و کۆچی زۆرەملی ملوێنان کەس لە شوێنی خۆیان، ٤٢ ملیارد دۆلار لە بایەخی بەرھەمە کشت و کاڵیەکان کەم بۆتەوە و بۆتە ھۆی مەترسی خواردەمەنی

باروودۆخی ئاو لە کوردستان

کوردستان لە ١٠٠ ساڵی رابردوو و لە ئاکامی سیاسەتە داگیرکاریانەکەی حکوومەتەکانی پەھلەوی و کۆماری ئیسلامی و تاڵانی سامانەکانی تووشی قەیرانی مەترسیداری ئاو بۆتەوە، ئەو سیاسەتانە دەتوانین بەو شێوازە پۆلین بکرێن

١- سیاسەتی گەشە لە ئێران ھەمووکات لەو سەد ساڵەدا سیاسەتێکی ناوەندگەرا بووە، پاش ھاتنە سەرکاری پەھلەوی یەکەم و سیاسەتی پاکتاوی نەتەوەکان لە ئێران ھەمووکات شوێنە سنوورییەکان وەک کوردستان بۆتە قوربانی دەسەلاتی ناوەندی و سامانەکەی تاڵانکراوە، ئەگەر لە دەورەی دەسەڵاتی پەھلەوییەکان سیاسەتی پەرەپێدانی نەتەوەی فارس وەک ئامانجی سەرەکی دەسەڵات بۆتە بنەمای سیاسەتدارێژی لە بوارە جۆراوجۆرەکان پاش ھاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی سیاسەتی پەرەی ئایینی شیعیشی پێ زیادکراوە، بە ڕوانین لەو بنەما ئیستراتژیکەی کۆماری ئیسلامی نەتەوەکان دەبی لە باری سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی تاڵان بکرێن و لەو شوێنانە شێوازی ئاسمیلە بوون و کۆچی زۆرملی بگریدرێتە بەر

٢- لە درێژەی سیاسەتە پاوانخوازەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستێوەردان لە وڵاتان و گرینگی نەدان بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتی خۆی و لە بەرامبەردا تەریک درانی  و گەمارۆی ئابووری بۆتە ھۆی پەیرەوکردنی  سیاسەتی بە نێو سەربەخۆیی لە بەرھەمھێنانی بەرھەمە کشت و کاڵییەکان و پەرەپێدانی بێ بەرنامەی کشت و کاڵ بێ رەچاوگرتنی تایبەتمەندی فیزیکی و ئاوھەوایی بۆتە لە ناوچوونی ملوێنان ھێکتار لە زەوییە کشت و کاڵییەکان

بۆ نموونە لە حەوزەی دەریاچەی ورمێ ٣٠٠ ھەزار ھێکتار بە رێژەی زەوییە کشت و کاڵییەکان زیاد بوە و ئەوە بۆتە یەکێک لە ھۆکارگەلی سەرەکی ویشکبوونی دەریاچەی ورمێ

٣- درووستکردنی زیاتر لە ٥٩ بەنداو لە کوردستان و گواستنەوەی ئاوی ئەو بەنداوانە بۆ ناوەندی ئێران کە دەتوانین وەک دزینی ئاو پێناسەی بکەین و بە لەبەرچاو نەگرتنی پێویستتیە ئاوییەکانی زیاتر لە ١٢٠٠٠٠٠ میترێ سێ جێ زەوی کشت و کاڵی بۆتە ھۆی درووستکردنی مەترسی جیدی لەسەر داھاتووی کوردستان

٤- لە ساڵی رابردوو بە بەراوەرد لەگەڵ سالی پار ڕێژەی بارانبارین ٣٠ لە سەد کەمی کردوە ئەوەش بۆتە ھۆی بەکار ھێنانی لە رادەبەدەری ئاوە ژێر زەوینییەکان لە ئاکامی لێدانی چاڵاوی عمیق بۆتە ھۆی لە دەست چوونی ئاوی ژێر زەوی لە ساڵانی ڕابردوو، بۆ نموونە لە دەشتی بۆکان ئاستی ئاوی ژێر زەوی ٩٠ میتر دابەزیوە، بەتاڵ بوونی ئاوی ژێر زەوی کاریگەری راستەوخۆی ھەیە لەسەر رۆچوونی زەوی، بە بیابان بوون و لە دەستچوونی دارستانەکان،

قەیرانی ئاو و بژاردەی کۆمەڵگای کوردستان

بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دیاردەی قەیرانی ئاو پێویستی بە بریارێکی گشتگیر و کارناسانە و دابینکردنی سەرمایە و مرۆڤی لێھاتوو ھەیە، بەڵام کۆمەڵگای کوردستان جگە لەوەی لەگەل دیاردەیەکی سرووشتی جیھانی وەک گەرمبوونی گۆی زەوی و گۆرانی ئاوھەوای لەگەل دیاردەی کۆلۆنیالیسم و داگیرکاری بەرامبەرە، کۆماری ئیسلامیش ھەر جۆرە چالاکییەکی مەدەنیش وەک پرسێکی ئەمنییەتی دەبینێت و بە دەیان ڕێکخراوەی مەدەنی بەستراون و مۆلەتیان نوێ نەکراوەتەوە و سەدان چالاکوانی مەدەنی و ژینگەیی یان دەستبەسەر کراون و بە دەیانیش گیانیان بەختکردەوە و لە ئەگەری درێژەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی رەنگە چینەکانی داهاتووی کوردستان تووشی مەترسی زۆر جیددی تر بنەوە، بە داخەوە لە ساڵانی ڕابردوو پرسی ژینگەی کوردستان لە وتاری سەرەکی حیزبە کوردییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی کورد بە گشتی پرسی زاڵ نەبوە و زۆر گرنگی پێنەدراوە لە کاتێکدا کە پرسی خاک و سامانی هەر وڵاتێک دەبێت پرسی سەرەکی بێت و لەسەر هەموو چالاکوان و نیشتمانپەروەرێکە کە لە بەرامبەر ئەو تاڵانکارییە ژینگەییانە بێدەنگ نەبن