ڕەمزی خۆشەویستیی کۆمەڵە….

٥٦ ساڵ لەمەوبەر لە ٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە خوێندکاران و چالاکانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەوری یەکتر کۆبوونەوە و پاش چەندین کۆبوونەوە و ڕاگۆڕینیەوە دەربارەی ئەنجامی کارێک بۆ دۆخی ئەوسای کۆمەڵگای ئێران و کوردستان، بەردی بناغەی ڕێکخراو و ڕەوت و حیزبێکیان دانا کە دەواتر بە ناوی “کۆمەڵە”وە لە سەر شانۆی سیاسی کوردستان دەرکەوت. ئەم ڕێکخراوەیە هەر زۆر بە زوویی هەنگاوە سەرەتاییەکانی خۆی لە هەناوی کۆمەڵگا، نایە پشت سەر و لە کورت ماوەدا توانی شەتڵی خۆشەویستی خۆی لە ناو جەماوەری ناڕازی ئەو سەردەمدا بڕوێنێ و هەنگاوەکانی دیکەی خەباتی خۆی بۆ پێش خستنی ئامانجەکانی خۆی بەرێتە پێش. کۆمەڵە هەر لە سەرەتاوە ڕێگایەکی پڕ هەوراز و نشێوی بڕی. زۆر زوو خۆی پێ گەیاندوو لە کورت ماوەدا گەیشتە لووتکەی ڕێبەرایەتیی کردنی بزووتنەوەی کوردستان. هاوکات بەرەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی بەئەزموونی چەپ لە سەرتاسەری شار و گوندەکانی کوردستان لە دەوری  کۆمەڵە کۆبوونەوەو بوون بە ڕەچەشکێنی خەباتێکی نۆی لە کوردستان.

لەگەڵ پەرەسەندنی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان و مسۆگەربوونی ڕووخانی شا، جموجووڵی جیهانی و ناوخۆیی خێراییەکی بەرچاوتری به خۆوە گرت که ڕاستەخۆ کاریگەری دانا له سەر ئاراستەی هێزەکانی ئەوکاتی کوردستان. لەوەها بارودۆخێکدا کوردستان دەفەرتێکی زێڕینی بۆ خوڵقا. کۆمەڵگای کوردستان که پاش ئیسلاحاتی ئەرزیی سەرەتای دەیەی چلی هەتاوی بەرەوە گۆڕانکاری قووڵ پەلی دەهاویشت، هێدی هێدی بەرەو کوردستانێکی شارستانی و کەوتنە ناو جەرگەی سەرمایەداری و کاپیتالیستی هەنگاوی دەنا. ورد ورد ڕواڵەتی کۆمەڵگای کوردستان گۆڕانی به سەردا هات و هێزی نوێی کۆمەڵایەتی سەریان هەڵدەدا و هێزە کۆن و گیان سەختەکان و کولتوور و موناسباتی پێش سەرمایەداری بەرەو له ناوچوون و تووانەوە دەچوون. هێزی کۆمەڵایەتی نوێ یەک لەدوای یەک لەدایک دەبوون. خەبات بۆ ڕزگاری ژنان له کۆت و بەندی نامرۆڤانە، پێی نابووە قۆناغێکی تازەوە. ژنان هاتبوونە مەیدان و شان بە شانی پیاوان لە خەباتدا بوون.

وێڕای شکستی کۆمار، پاش چەندین هێرشی گەورە بۆ چەککردنی زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، پاش شکستی بزووتنەوەی چەکداریی ساڵەکانی ٤٧-٤٦، کاریگەرییە نێگاتیڤەکانی ڕووداوەکانی باشووری کوردستان به تایبەت له سەر حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و قوڵبوونەوەی ناکوکییەکانی ناویان و دواکەوتنیان له گۆڕانکارییەکانی کوردستان، له هەمو ئەوانە گرینگتر پاش دەیان ساڵ بەرنامەی سیستماتیک و به گەورەترین ئیمکاناتی مادی و مەعنەوی بۆ سڕینەوە گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکە، بۆ زاڵکردنی زمان و کولتووری نەتەوەی باڵادەست، شێۆاندنی مێژوو و حاشالێکردن له نەتەوەکانی دیکە، له کوردستان به تایبەت شاهیدی گەشەی بزووتنەوەی ڕزگاریخۆازی کورد و وشیاری نەتەوەیی بووین که پاش ڕووخاندنی شا و ڕەخسانی کەش و هەوایەکی ئازاد به خێرا خۆی نواند. سەرکوتی پەنجا ساڵەی پەهلەوییەکان له دژی گەلی کورد سەرەڕای خەسارگەلێکی چەن لایەنە، نە تەنیا شکەستی هێنا بەڵکوو گۆڕانکارییەکان و خۆڕاگریی گەلی کوردستان و خەباتی هەمەلاینەی تێکۆشەرانی کورد له هەمو بوارەکانی، گەلی کوردستانی بۆ بەشدارییەکی سیاسی و جەماوەری و یەکگرتوانە ئامادە کرد کە لە درێژەدا چەندین هەنگاوی مەزنی نایە پشت سەر. له ناو گۆڕانکارییەکانی کوردستان و هاتنە مەیدانی هێزی کۆمەڵایەتیی نوێ، هێزی سیاسی نوێش بەستێنی سەرهەڵدانی بۆ ڕەخسا و هاتنە مەیدان. دامەزراندنی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکان لە سەرتاسەری کوردستان، ڕێکخستنی جەماوەری لە نەورۆزی خوێناوی سنە لە بەهاری ۵٨ و یەکەمین هێرش و لەشکرکێشیی سەربازیی ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، گێڕانی دەوری سەرەکی لە ڕوونکردنەوەی خەڵک بەدژی بەناو ڕێفراندۆمی ۱۲ی خاکەلێوەی ۵٨، وەستانەوە لە بەرانبەر هەیئەتی دەوڵەتی تازەی ڕژیم کە پاش بایکۆتی شانۆگەری ڕێفراندۆم هاتبوونە شاری سنە و بەرگریی ڕوون و مێژوویی و بەرپرسیارانەی هاوڕێ سدیق کەمانگەر، لە ڕێبەرانی تێکۆشەری سیاسی و یەکێک لە کادرەکانی ڕێبەریی کۆمەڵە لە بەرحەقبوونی بزووتنەوەی کوردستان، ڕێکخستنی یەکە کرێکارییەکان، جووتیاران و ڕێکخراوەکانی ژنان، ڕەوانەکردنی سەدان کادری بە ئەزموونی خۆبەخش بۆ گوندەکانی کوردستان  بۆ ئاوەدانکردنەوە بە کەمترین کەرەستەوە، ئامادەبوون لە مەیدانەکانی کرێکاری و پێڕاگەیشتن بە داخوازییەکانی خەڵک لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا، ڕێکخەری کۆچی مێژوویی مەریوان لە ناڕەزایەتیی بە جموجۆڵە سەربازییەکانی ڕژیم لەو شارە، ڕێکخستنی ڕێپێوانی بەرینی خەڵک لە شارەکانی سنە، سەقز و بانە بۆ پاڵپشتیی خەڵکی مەریوان، بەرەوپێشبردنی وتووێژ لە گەڵ چەمران بە ڕێبەریی کاک فواد و دواتریش ڕێکخستنی بەرگریی مێژوویی خەڵکی کوردستان کە ڕژیم بەردەوام هەڕەشەی دەکرد، کۆمەڵەی کردە حیزبێکی پڕ ئەزموون و پتەو و جێ متمانەی قووڵی خەڵکی کوردستان.

ڕێبەندانی ٥۷ هەلێکی مێژوویی و مەزنی بۆ خەڵکی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین دەستەبەر کرد. کۆمەڵە کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بنەمای حیزبێکی کوردستانی و چەپی دانابوو و بە هەڵسەنگاندنی  بزووتنەوەی کوردستان لە هەموو پارچەکانیدا، ئەزموونی کۆماری کوردستان و بزووتنەوەی چەکداریی ساڵەکانی ٤٦و٤٧ و پێویستیی ڕێبەرایەتییەکی نوێ، لە گۆڕانکارییەکانی ٥٧ بە لێهاتووی و ژیریی ڕێبەران و کادرەکانی و بە مەلەکردن بە پێچەوانەی شەپۆلەکان و بەتاقەت و هێدی هێدی تووی ڕەوتێکی نوێ لە بزووتنەوەی کوردستانیان دەچاند کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕە بەرچاوەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بەستێنێکی یەکجار لەباری بۆ ئەم ڕەوتە نوێیە و هێزە جەماوەرییە تازەکان خولقاند. کۆمەڵە، کۆمەڵگای کوردستانی بەرە و چەپ و یەکسانی خۆازی و پێشڕەوترین ئەندیشەکانی مروڤایەتی پاڵ پێوەنا. سیاسەت و خەباتی سیاسی له پاوانی سەرۆک عەشیرەکان و چینی دارا و تاقمێکی بچووک دەرهێنا و کاریگەری سەرەکی لە ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵانی بەرینی خەڵک بۆ سیاسەت و چارەنوسی خۆیاندا هەبوو.

کۆمەڵە پێشەنگی خەباتە جەماوەری و مەدەنییەکانی ئەو کاتی کوردستان بوو و ڕابەرایەتی  ڕووداو و پێشهاتە گرینگە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکانی کرد و ناوەڕۆک و سیمایەکی نوێ و پێشکەوتنخوازانەی بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بەخشی. 

ساڵی ١٣٦١ بۆ یەكەمجار لە هەر چوار پارچەی كوردستان چەخماخەی بەشداری ژنان لە شۆڕش و بەدەستەوەگرتنی چەکی بەرخۆدان  لە لایەن کۆمەڵەوە  لێدرا. یەكەم دەستەی پێشمەرگەی ژنان لە كۆمەڵەدا چەكدار کران و ئیتر ژنان لە ڕیزی پێشەوە هاتنە مەیدانی خەبات و بەرخۆدان. ئەم ڕووداوە مێژووییە بۆ یەكەمجار بوو لە كوردستان ڕووی دەدا و تابویەكی ئەو سەردەمە بوو كە بە دەستی كۆمەڵە و ژنانی ئازادیخواز شكا. چەكدار بوونی ژنان ئەو مەدالیایە كە هەتا هەتایە لە ملی كۆمەڵەدا ئەدرەوشێتەوە و بۆ هەمیشە بوو بە ماییەی شانازی کۆمەڵە وەک تاقە حیزبی پێشکەوتوی  لایەنگری مافەکانی ژنان لە کوردستان. ئەم ڕووداوە گرنگە و ئەم حەرەکەتە ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ بوو كه‌ به‌ ناوی كۆمه‌ڵه‌‌ و به‌ ناوی ژنانی سوسیالیست و تێكۆشه‌رانی یەکسانیخوازی ژن له‌ كوردستان تۆمار كرا.

کۆمەڵە بە ڕێکخستنی خەباتێکی گشتی و جەماوەری و ڕێبەری کردنی بزوتنەوەی خۆڕاگری لە بەرانبەر هێرشی دژی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیدا، و هەروەها خۆڕاگری لێبڕاوانە لە بەرانبەر کۆنەپەرستانی ناوچەیی، دیفاع لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی زۆر لێکراوی کۆمەڵگەی کردە ئەولەویەتی کاری خۆی. ئەوەی کە دوای ڕاپەڕین چارەنووسی ئەم تەشکیلاتەی بە چارەنووسی بە ملیۆن ئینسانی زۆر لێکراو و تینوی ڕزگاریەوە گرێدا، خۆڕاگری کۆمەڵە بوو لە بەرانبەر دوژمنانی ڕەنگاوڕەنگ و دۆستانی ڕیاکار و درۆیینەی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا. داکۆکی لە جوتیاران لە بەرانبەر مالیکەکاندا، دیفاع لە زەحمەتکێشانی دێهاتەکان بۆ زەوت کردنی زەویەکان، دیفاع لە ژنان لە بەرانبەر کۆنەپەرستی حاکم و فەرهەنگ و نەریتی کۆنی پیاوسالارانە، دیفاع لە کرێکاران لە بەرانبەر سەرمایەداران، دیفاع لە بە چەکدار مانەوی خەڵک و هەوڵدان بۆ چەکدار کردنی زەحمەتکێشان، پێکهێنانی هەموو جۆرە تەشەکول و جەمعیەت و ئیتیحادیەکی جوتیاران، شوڕای ژنان و قوتابیان، و لە هەمانحاڵدا هەوڵدان بۆ هێنانە مەیدانی بەرین و بەربڵاوی جەماوەری خەڵک لە بەرانبەر هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدا کە لە ٢٨ی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨دا بە لەشکرکێشیەکی سەرتاسەری بەکردەوە دەرهات. ڕێکخستنی حەرەکەتێکی جەماوەری گەورەی وەک کۆچی مێژوویی خەڵکی شاری مەریوان و سازماندانی باقی خۆپیشاندان و ڕێپێوانەکان کە هێمای دەخاڵەتدانی ڕاستەوخۆی خەڵک بوون لە مەیدانی خەباتی سیاسیدا، بوونە هۆی ئەوەی کۆمەڵە بتوانێ دوای هێرشی نیزامی ڕژیمی ئیسلامیش ئاڵاهەڵگری خۆڕاگری جەماوەری و چەکدارانەی خەڵکی کوردستان بێت لە بەرانبەر داگیرکاری و سەرکوتی کۆماری ئیسلامیدا.

کۆمەڵە لە ماوەی ژیانی خەباتگێرانەیدا توانیویەتی کە ئەم دەستەکەوتانە بەدەست بێنێ و بە لێبڕاوی هەرچی زیاترەوە بیانپارێزێ. کۆمەڵە هاوڕێ و هاوشان لەگەڵ  جەماوەری خەڵکی ماف خوازی کوردستان ئەم ڕێگایە تا کۆتایی و تا گەیشتن بە سبەی رۆژی سەرکەوتن بە سەربەرزیەوە درێژە پێئەدات. ئەوەیە ڕەمزی خۆشەویستی کۆمەڵە.