ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و هێرش بۆسەر ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لەماوەی کەمتر لە دووحەفتەدا 20 ژن لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن کۆماری پەت و سێدارەوە دەستبەسەر کراون.

هاوکاتیش بانگهێشتکردن و کردنەوەی دۆسیەی یاسایی بۆ 5 ئەندامی گرووپی ژنانی گلاریس لە کرماشان.

ڕۆژانە کەم نین ئەو هەواڵانەی باس لە گرتن و سەرکوتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕژیمی ئیسلامی ئێران بە هەموو ڕێگەیەکی یاسایی و دینی خۆی دەستدەخاتە سەر هەر جۆرە چالاکیەکی ژنان و دەستبەسەر و سووکایەتیان پێدەکات.

ئێمە وەک ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد هەر جۆرە هێرشێک بۆسەر ژنان لە ڕۆژهەڵات مەحکوم دەکەین و ئەمە بە کردەوەیەکی نائینسانی، دژە ژن و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەزانین.

شایەنی باسە پرسی ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەمیشە پرسێکی جێی باس بووە و ژنانی ڕۆژهەڵاتیش لە چوارچێوەی ئەم باسەدا هەمیشە زەق و دیار بوون.

ژنان لەم بەشەی کوردستان بە لە بەرچاوگرتنی زەبر و گوشار و سووکایەتیەکان، هەردەم پێشەنگ بوون، چ لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی یاخود هونەری.

بۆیە داوا لە هەر تاکێکی ئەو کۆمەڵگایە دەکەین بەرانبەر بە سەرکوتەکانی ڕژیمی ئێران بۆ سەر ژنان، بێدەنگ نەبن و داواخوازی هەمیشەیی مافەکانیان بن.

دەنگ و ڕەنگی ژن نابێت کپ بکرێت

ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد/

22 ژانویەی2021