ڕاپۆرتی کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

هاونیشتمانانی بەڕێز!
خەباتکارانی شۆڕشی ژینا!

کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری خۆیدا چەن باس و ئاجیندای دایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لەم کۆبوونەوەیە کە بە بەشداریی ئەندامانی کومیتەی ناوەندی و ژمارەیەک لە کادرەکانی کۆمەڵە بە مەبەستی بەشداریی بەرینتری ئەندامان لە چارەنووسی سیاسی و بڕیارە حیزبییەکاندا بانگکرابوون، بەڕێوەچوو، ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا، هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و هەڵوێستی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی و حکوومەتی عێراق بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کاردانەوەی کۆمەڵە، دۆخی پەروەندەی کوژرانی هاوڕێیانی گیانبەختکردوو هیوا سادقی و سامان ئیبراهیمی لە هێرش بۆ سەر ئوردووگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و چەن باسێکی ڕێکخستن و ڕاپەڕاندنی ئەرکی حیزبی درانە بەر باس.

کۆبوونەوەکە بە باس لەسەر ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا و ئیرادەی بەهێزی نەتەوەی کورد لە بەرزڕاگرتنی ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا بە دەستی هێزە سەرکوتکارەکانی ڕژێمی ئێران دەستی پێکرد. کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەرەڕای میلیتاریزەکرانی تەواوی کوردستان و ڕێکخستنی نیزامیی کەموێنەی هێزە سەرکوتکارەکانی ڕژێم کە لە داگیرکردنەوەیەکی دوبارەی کوردستان دەچوو و ترس و نیگەرانیی دەسەڵاتداران لە هەڵگیرسانەوەی ئاگری شؤڕشی پێوە دیار بوو، ئیرادەی کوردستان و خەڵکە شۆڕشگێڕەکەی دیسان جیاوازیی کوردستان و تایبەت بوون و خاوەن ئەزموونی خەباتکارانە بوون و خاوەنی سونەتی جێکەوتووی سیاسی بوونی کوردستانی سەلماند.

مانگرتنی گشتیی شارەکانی کوردستان سەرەڕای هەڕەشە لە خەڵک و بازاڕییەکان, گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی، هەڕەشە لە خانەوادەی گیانبەختکردووان و زیندانیانی سیاسی و تەنینی هەموو شەقامی کوردستان بە هێزە سەرکوتکار و چەکی قورس سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو، نیشانەی ئیرادەی لەشکان‌نەهاتووی خەڵکی کوردستانە بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانیان. پێزانین و ڕێز لە ئیرادەی خەڵک و خۆڕاگرییەکانیان پەیامی کۆبوونەوەکە بۆ نەتەوەی کورد و کوردستانییەکان بوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا باسێک لە سەر ڕاگەیاندنی شەش حیزبی کوردستانی بۆ ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا کرا و هاوئاهەنگی حیزبە سیاسییەکان سەرەڕای جیاوازیی هەڵوێست و سیاسەتەکان بە خاڵێکی گرینگ نرخێندرا کە دڵخۆشی و بەپیرەوەهاتنی خەڵکی بەدواوە بوو. لەو پەیوەندییەدا ئاماژە بەوە کرا هیچ حیزبێک نابێ ڕێگە بە خۆی بدا و وەکوو نوێنەری هەموو نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات قسە بکا و هەوڵی سڕینەوە و لادانی حیزب و لایەنەکان کارێکی نادیموکراتیک و عەشیرەتییە و لە کوردستانی ئەمڕۆ و بەتایبەت پاش شۆڕشی ژن ژیان ئازادی سەردەمی ئەو خۆ بە خاوەن زانین و یەک نەتەوە و یەک حیزب و هەوڵ بۆ قوروغ کردنی مەیدانی سیاسەت بە شێوەی نادیموکراتیک و بە پشت بەستن بە ئیمکانات و پشتیوانیی لایەنە دژە کورد و فاشیستەکان بەسەرچووە و خەباتکارانی ئەم سەردەمەی کوردستان فرە ڕەنگی و فرەچەشنیی کۆمەڵگای کوردستان دەبینن و هاوکاری و هاوپشتی سەرەڕای جیاوازییەکان خواست و ویستی کۆمەڵانی بەرینی خەڵکی کوردستانە.

هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و گوشارەکانی بۆ سەر حکوومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەرتەسک کردنەوەی چالاکییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسێکی سەرەکیی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لەم بەشەدا سەرەتا سپاس و ڕێز نێردرا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی باشووری کوردستان کە پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بووە و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری و پشتیوانیی کۆمەڵە لە ئەگەری هەر ڕووداوێکدا دەربڕیوە، کومیتەی ناوەندی ئەم دڵسۆزی و بەهاناهاتنەوەیەی بە نیشانەیەکی دیاری هاوپشتیی نەتەوەی کورد لە دۆخە سەختەکانی خەباتدا زانی و باسی لەوە کرد ئەم هاوپشتییە دیاردەیەکی مێژووییە و بەردەوامبوونی پێویستییەکی ستراتێژیکی خەباتی نەتەوەیی کوردستانە و ئەمڕۆ و داهاتووش وەکوو ڕابردوو نەتەوەی کورد بەرانبەر بە هەموو حکوومەتە داگیرکارەکان و دوژمنای پێویستی بە هاوپشتی و هاوخەباتی دەبێ.

هاوکات کومیتەی ناوەندی پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەرەڕای بەربەست و گرفتە واقعییەکانی سەر ڕێگەی چالاکیی پێشمەرگەی کۆمەڵە، هەموو هەوڵێک دەدرێ بۆ ئەوەی خەبات و هەڵسووڕانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە هەموو بوارەکاندا بەردەوام بێ و ئەم هێزە وەکوو هەمیشە پشتیوانی بەهێزی خەباتی جەماوەری و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بێ.

بابەتێکی دیکەی باسەکانی کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندی ڕاپۆرت لە سەر بەدواداچوونی تاوانی کوشتنی هاوڕێیانی گیانبەختکردوو هیوا سادقی و سامان ئیبراهیمی بوو بە پێی ڕاپۆرتێک کە هاوڕێیانی بەرپرس لەو بەدواداچوونە دایان بە کومیتەی ناوەندی، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەردەوام لە رێگەی دامودەزگا حکومی و یاساییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بەدواداچوونی بۆ پەروەندەکە کردووە و ھەموو ھەوڵێکی خۆمان خستوەتەگەڕ تا فەرماندەر و بکەرانی ئەو تاوانە بەرەوڕووی دادگا بکرێنەوە. بنەماڵەی ھەردوو گیانبەختکردووش بە ھاوکاری کۆمەڵە و دۆستانی بزووتنەوەی کوردستان و ژمارەیەک لەو کەسانەی پەرۆشی ناسێندران و سزادرانی تاوانبارانن، سکاڵایان لە دادگای سلێمانی تۆمار کردوە و ھەموو لایەک چاوەروانی ئەنجامی دادگا و راپۆرتی دامودەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەین. کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە تەئکیدی کردەوە کۆمەڵە تا دادگایی کردنی ئەنجامدەران و فەرماندەکانی ئەو جنایەتە لەبیر نەکراوە، ھەموو ھەوڵێکی خۆی لە ھەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش دەخاتەگەڕ و تا بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە کۆڵ نادات.

ژن، ژیان، ئازادی
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
هەینی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٢ ڕێکەوتی ٢٩ی سێپتامبری ٢٠٢٤